
یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە پەیامێکی بڵاو کردەوە و داوای لە خەڵکی کوردستان کردووە بە سەردانکردنی بنەماڵەی شەهیدان و زیندانییانی خۆڕاگر و بریندارانی شۆڕشی ژینا، خۆشەویستی و یەکیەتی بنەخشێنن.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
باوەڕداران و ڕۆژووگران و هاونیشتمانییان و بنەماڵەی ڕێزداری شەهیدان و زیندانییانی سیاسی و شۆڕشگێڕانی گەل و نیشتمان!
ئەوا ساڵێکی تر لە مانگێکی پڕ بەرەکەت و بەخشش و لێبووردەیی، سلماندمان کە دەتوانین بەسەر هەوای نەفس و دەروونی شەڕئەنگێزدا سەرکەوین و وێڕای ڕەزایەتی بارگای حەق، خۆشەویستی و تەبایی و بەخشش و مێهرەبانی پێشکەش بە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بکەین، مانگێک ماندووبوون و برسێتی و توونیەتیمان چێشت تاوەکوو هەژاران و لێقەوماوان ببینین و پشت و پەنایان بین و یارمەتییان بدەین.
سەرکەوتنی هەموو ئێوە ڕۆژووانان و باوەڕداران لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا پیرۆز بێت.
بە سەردانکردنی بنەماڵەی شەهیدان و زیندانییانی خۆڕاگر و بریندارانی شۆڕشی ژینا، خۆشەویستی و یەکیەتیتان بنەخشێنن.
جارێکی تر جەژنی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزتان، پیرۆز و پڕ خێر و خۆشی و سەرکەوتن بێت.
یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران
۱ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی