مستەفا مەولوودی
کاریگەریی ڕێككهوتننامه نێودهوڵهتییهكان لەسەر پرسی کورد
(قۆناغی داگیرکاری و دابەشکردنی کوردستان)
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان کوردەکان لە ساڵی ٦٣٧ی زایینەوە لە شاری حەلوان کەوتوونەتە بەر پەلاماری عەرەب و دواتریش لە سەدەی چواردەیەمدا کەوتوونەتە بەر پەلاماری لەشکری تەیمووری لەنگ.
"ابن حوقل" لە سەردەمی خەلافەتدا لە باسی گرینگیی هەرێمی مووسڵدا دەڵێ: "هەرێمی مووسڵ قەڵایەکی بەهێز و پتەو بوو بۆ بەرهەڵستکارانی کورد لە ڕووبەڕووبوونەوەی دووژمنەکانیاندا." بە شایەتیی "ابن حوقل" عەرەبەکان ڕووبەڕووی بەرهەڵستییەکی توند بوونەتەوە، بەتایبەت لەلایەن کوردەکانەوە. کاتێک سەرکردەی سەربازیی عەرەب داوای لە عەشیرەتە کوردەکان کردووە بچنە سەر ئایینی ئیسلام، وکوردەکان بە هێز و کردەوەی سەربازی وڵامیان داونەوە.
پەلاماری عەرەبەکان بۆ ئەو ناوچەیە (کوردستان) لە سەدەی حەوتەمەوە دەستی پێ کردووە و تا سەدەی یازدەیەم درێژەی کێشاوە. لە هەموو ئەو چەند سەدەیەدا کوردستان بووەتە گۆڕەپانی شەڕ و ململانێی خەلافەتی ئیسلامی و ئیمپراتووریی ئێرانی وەک ساسانییەکان؛ لە دواتریشدا سەدەی دوازدەهەم تا سەدەی چواردەیەم ئەو شەڕ و بەربەرەکانییە لە کوردستان لەلایەن خەلافەتەوە لەگەڵ فەرمانڕەواکانی سەلجووقیەکان و مەغوولەکان (قەرەقۆینلوو و ئاققۆینلوو) کەم و زۆر درێژەی هەبووە.
شەڕ لە کوردستان، کوردی تووشی زەرەر و زیانێکی گەلێک گەورە کردوە، وڵاتەکەی وێران و کاول بووە، ئەو کارەسات و ڕووداوانە بە هۆی شەڕی خەلافەت و ئێرانییەکان تا سەدەی پازدەهەم درێژەی هەبووە. بەڵام سەرەڕای هەموو کارەساتێک کە بەسەر کوردستان و کورددا هاتوە، کورد لەسەر عەرز و خاکی خۆی ماوەتەوە و بەربەرەکانی کردوە و خاک و شوناسی خۆی پاراستوە، وەک ڕاوەستان لە بەرانبەر هۆلاکودا لە ساڵی ١٢٥٨ی زایینی کە هۆلاکوی مەغۆل هێرشی کردە سەر "تاجالدین صلایا" فەرمانڕەوای ئەوکاتی هەولێر، بەڵام نەیتوانی دەست بەسەر هەولێردا بگرێ. (هەر بۆیە پێی دەڵێن هەولێری هۆلاکۆ بەزێن). هەروەها لە ماوە و دەورانی خەلافەتدا، لەگەڵ ڕووداو و شەڕ و ئاڵۆزی، گۆڕانی زۆری کۆمەڵایەتی سیاسی بەسەر کوردستان و کورددا هاتوە. خێڵ و عەشیرەت ڕۆڵی بونیادی کۆمەڵایەتی و سیاسی بینیوە، داگیرکەر و دەوڵەت گۆڕاون و گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە و کوردستان و کوردیش کەوتوونەتە نێو بازنەی سیاسییەوە. سەرەڕای زۆر کارەسات و تراژێدی ئەوەی لەو ناوچەیەدا ماوەتەوە، کورد و هۆزەکانی کورد بوون وەک بەهێزترین ڕەگەزی بنیاتی کۆمەڵایەتی و سیاسی.
پێکهاتە و خێڵ و عەشیرەتی کورد لە کوردستان ڕۆڵی بەرچاوی بینیوە لە پتەویی بنیاتی کۆمەڵایەتی و سیاسی کورددا. بنەماڵە و عەشیرەتی وا هەبووە زیاتر لە ١٥٠ ساڵ لەو ناوچەیە فەرمانڕەوایی کردووە. وەک مەروانییەکان و حەسنەوییەکان، كه لەگەڵ داگیرکەران وەک خەلافەت، ساسانییەکان، سەلجووقیەکان، مەغۆل و قەرەقۆینلوو و ئاققۆینلوو لە کێشە و بەربەرەکانیدا بوون، زۆرجاریش لەگەڵیان لە پێوەندیدا بوون؛ هاوبەش و شەریکی دەسەڵات و فەرمانڕەوا بوون. دیارترین فەرمانڕەواکانی کورد لەو سەردەمدا حەسنەوییەکان، مەروانییەکان، شەدادییەکان و ئەیووبیەکان بوون.
بەگشتی ئەو پەلامار و شەڕ و ململانێیە لە ماوەی نیزیک بە حەوت سەدەدا بە چەند هۆیەک کاریگەریی زۆری لەسەر دێموگرافیی کوردستان و پرسی کورد داناوە:
یەکەم: کوردستان بووەتە گۆڕەپانی شەڕەکان، ئەو شەڕانە وێرانکاری و خاپووربوونی زۆر ناوچە و هەڕێـم و شار و گوندی بەدواوە بووە و زیانێکی قەرەبوونەکراوی لە کوردستان داوە. ئەو وێرانکارییانە ئەوەندە زۆر و بەربڵاو بوون کە سەدان شار و بە هەزاران گوندیان وێران کردووە، بە جۆرێک ئێستا ناوی هێندێک شوێن هەر بەو ناوە دەناسرێنەوە، وەک شاروێرانی مەهاباد کە لە ناوچەی مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵکەوتووە.
دووهەم: ئەو شەڕ و ململانێیانە کوردی بە شێوەیەکی نەخوازراو دابەش کردووە و کورد کەوتۆتە نێو بەرەی شەڕەکانەوە. دابەشبوونەکە بە جۆرێک بووە کە ناچار بووە لە شەڕەکاندا بەشدار بێ، جارێک لایەنی خەلافەتی گرتووە بەدژی لایەنی ئێرانی، یان بەپێچەوانە بووە. یان هاوکات دابەش بووە و بەشێک بۆ خەلافەت شەڕی کردووە و بەشێک بۆ فەرمانڕەوایانی ئێران کە ئەوەش دوژمنایەتی و نایەکگرتوویی لەنێو کورددا دروست کردووە.
سێهەم: شەڕ و ململانێی خەلافەت و فەرمانڕەوایانی ئێران شوێنەواری زۆر نێگەتیڤی ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووریی لە ژیانی کورددا دروست کردووە.
چوارەم: سروشتییە زۆر شوێنەواری نێگەتیڤی دیکەی لەسەر ژیانی کورد لە کوردستان لە پاش خۆی جێ هێشتووە. ئەوەی لەو سەردەمەدا گرینگە، سەرەڕای هەموو هێرش و پەلاماری دوژمنەکان، شەڕ، وێرانی، ڕاگواستن و قەڵاچۆکردنی کوردان و بێبەشکردن لە زۆر ئیمکانات و پێویستی؛ بەڵام خۆی قایم ڕاگرتووه، خەبات و تێکۆشانی بۆ وەدەستهێنانی مافه سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی هەر بوونی هەبووە و ئێستاش درێژەی هەیە.
کوردستان و کورد لە سەردەمی ئیمپراتۆریی عوسمانی و سەفەوییەکاندا
عوسمانییەکان لە سەدەی چواردەیەم و پانزدەیەم ئیمپراتۆرییەکی بەهێزیان لەو هەڕێمەدا دامەزراندووە. هاوکات سەفەوییەکانیش لە ئێراندا دەسەڵات و فەرمانڕەوایی خۆیان جێگیر و تۆکمە کردووە. لە هەموو ئەو ماوەیەدا ئەو دوو دەسەڵاتە لە ناوچەی کوردستان لە ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوەدا بوون و ماوە بە ماوەش تا کۆتایی شەڕی یەکەمی جیهانی بە هێوری و تا ڕادەیەک بە ئاشتی فەرمانڕەوایی خۆیانیان کردوە.
لە هەموو ئەو ماوە دوروودرێژەدا کە کوردستان بۆتە گۆڕەپانی تەڕاتێن و ململانێ و شەڕ و ناکۆکیی نێوان دوو ئیمپراتۆریی عوسمانی و سەفەوی، سروشتییە کوردەکان بە شێوەی جۆراوجۆر، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە شەڕەکانەوە گلاون.
شەڕی چاڵدێران کە لە ساڵی ١٥١٤ی زایینی لەنێوان سوڵتان سەلیمی عوسمانی و شا سمایلی سەفەویدا ڕووی دا و کوردستان بوو بە گۆڕەپانی ئەو شەڕە و عوسمانییەکان تێیدا باڵادەست بوون؛ تەنانەت تورکەکان تەورێزیشیان داگیر کرد. بە دوای ئەو شەڕەدا لە ساڵی ١٦٣٩ی زایینیدا، ڕێککەوتنێکی فەرمی لە شاری قەسری شیرین (ڕێککەوتنی زەهاو) لەنێوان ئیمپراتووریی عوسمانی و سەفەویدا کرا و بەوە کوردستان دابەش و لەت کرا.
بە دیاریکردنی سنووری نێوان ئەو دوو ئیمپراتوورە (سەفەوی و عوسمانی) گۆڕانی نوێ لە پێوەندیی ئەو دوو دەوڵەتەدا هاتە ئاراوە کە کاریگەریی زۆری لە هەموو ئاستەکاندا لەسەر کوردستان و کورد داناوە. لە سەدەی هەژدەیەم و نۆزدەیەمدا چەندین ڕووداوی مێژوویی و جیهانی ڕوویان داوە کە بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ شوێنیان لەسەر چارەنووسی کوردستان و مێژووی کورد داناوە.
لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدە و سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەیەمدا ئاسیا زۆر بەخێرایی گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە. شۆڕشەکان لەو ناوچەیە و شەڕەکانی ناپلئۆن ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی کردووەتە گۆڕەپانی ململانێیەکانی نێوان فەڕانسە و بریتانیا و ڕووسیە و بەو جۆرە پرسی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەری هەڵدا و ئەو پرسە بوو بە یەکێک لە ڕووداوە سەرەکییەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتی بەدرێژایی سەدەی نۆزدەیەم و سەرەتاکانی سەدەی بیستەم.
بەکورتی نێوەرۆکی پرسی ڕۆژهەڵات کە لە سەرەتادا خواست و بەرژەوەندیی ڕووسیە و بریتانیا و فەڕانسەی تێدا دەخوێندرایەوە لە دواییدا نەمسا (ئۆتریش) و ئاڵمانیش تێوەی گلان و سوودیان لێ وەرگرت. لەو کاتەوە پرسی کورد لەو ناوچەیەدا و لەو قۆناغە مێژووییەدا، یەکێک لە پرس و کێشە هەستیارەکانی ناوچەکە بووە. کوردستان لە دوای شەڕی چاڵدێران بێ لەبەر چاوگرتنی ئیرادە و ویستی کورد لە ڕێککەوتنی زەهاو لە ساڵی ١٦٣٩دا لەنێوان سەفەوی و عوسمانیدا دابەش کراوە و لە پەیماننامەی قوستەنتەنییە (ئیستانبوڵ)، لە ڕێکەوتی ١٧/١٠/١٧٢٩دا پێداگریی لەسەر کراوەتەوە. لە ساڵی ١٧٤٦ی زایینیدا بابەتی سنووریی نێوان ئەو دوو وڵاتە قسەی لێ کراوەتەوە و لە بەڵێننامەی "ئەرزەروومی ١" لە ١٨٢٣ی زایینی و "ئەرزەروومی٢" لە ساڵی ١٨٤٧ قبووڵ کراوەتەوە و ڕەسمییەتی پێ دراوە.
لە سەدەی حەوتەمی زایینی تا سەدەی نۆزدەیەمی زایینیدا ئیمپراتووریی گەورە لە ناوچەکەدا (وەک خەلافەت، ئیمپراتۆریی عوسمانی، سەفەوی، ڕووسیە و وڵاتانی ئورووپایی) هەبوون. کوردستان بە شێوەی جۆراوجۆر بۆتە گۆڕەپانی شەڕ و ململانی و پاکانە حیسابی ئەو ئیمپراتوورە گەورانە و زۆر کارەسات بەسەر کوردستان و دانیشتووانەکەی هاتووە. کورد لە شەڕەکانەوە گلاون، شار و گوند و وڵاتیان وێران بووە و لە داو و پیلان و فڕوفێڵی دوژمنان کەوتوون. بۆ ئەوەش هەر قسەی سوڵتان سولەیمان تەواوە کە شایەتی دەدات چ بە کورد کراوە. سوڵتان سولەیمانی قانوونی دەڵێ: "من عەشیرەتەکانی کوردم داناوە بە ڕیزێک وەک قەڵای مەیدانی کە لە جۆرجیاوە درێژ دەبێتەوە تا بەغدا و...."کەواتە دوژمن ناتوانێت بگاتە دەوڵەتی ئیسلامی و ئەم قەڵا و پشتێنەیە تێپەڕێنێت." هەروەها ئەو دیوارە کوردییەی کە تورک و فارسەکان چوار دەورەی خۆیان پێ قایم کردوە بەم زوڵم و زۆرەی بووە کە لە کورد کراوە و پیلانی بۆ داڕێژراوە. مەلا مەحموودی بایەزیدی لە نێوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەمدا دەڵێ: "ئەم دیوارەی دروست کراوە لە ژیانی کورد و خوێن و گۆشتی کورد بووە". ئەوە یەکێک لە سەدان نموونەی لەو چەشنەیە، بەڵام کورد بە خەبات و تێکۆشان و خۆڕاگری لەسەر خاکی خۆی ماوەتەوە و کۆڵی نەداوە و ڕەسەنایەتیی خۆی پارستووە.
(ن. لازاریۆف) لە کتێبی مێژووی کوردستاندا، لە ساڵی ٦٣٧ی زایینی تا ٢٩/٠٦/١٩٩٩ی زایینی بەگشتی سەد و حەفتا (١٧٠) ڕووداو و ڕاپەڕین و بزووتنەوەی خەڵکی کوردستان و کارەساتی مێژوویی تۆمار کردووە کە تێیاندا گەلی کورد سەرەڕای هەلومەرجی زۆر نالەبار و ڕووداو و تراژیدی مێژوویی و زۆر گۆڕانکاری لە گۆڕەپانی سیاسی لە کوردستان و ناوچەکەدا، لە تێکۆشان بۆ وەدەستهێنانی ویستەکانی نەوەستاوە و لە هەر دەرفەتێک کەڵکی وەرگرتوە. هەر ئەوەش دەرفەتی مانەوەی بە خەڵکی کورد لە ناوچەکە و کوردستان داوە کە لە ئێستادا مەسەلەی کورد یەکێک لە دیارترین و بەرچاوترین بزووتنەوە سیاسییهكانی گەلانە لە ناوچەدا کە زۆر و کەم بۆتە بابەتی گرینگی سیاسی لەسەر مێزی کاراکتەرە سیاسییەکانی ناوچە، گەلان، دەوڵەتانی ناوچە و زلهێزەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.
(درێژەی هەیە)