کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئازایەتیی کچان دەترسێ!

12:09 - 1 بانەمەڕ 2723

ئاسۆ مینبەری

زیاتر لە ٧ مانگە ئێران و کوردستان بووەتە گۆڕەپانی بەلرفەی ناڕەزایەتییەکان دژی چییەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەم شەپۆلە لە ناڕەزایەتییەکان ئەگەرچی هەندێ جار کزیی پێوە دیار بووە، بەڵام هێشتا بەردەوامە.

لەم ماوەیەدا هەموومان بینیمان کە ڕێژیم بە هەموو دامودەزگا داپڵۆسێنەرەکانیەوە چۆن ویستوویەتی داخوازیی ڕەوای خەڵک لە ڕێگەی توندوتیژی و ئاکاری دژەمرۆڤانەوە سەرکوت بکات و وای نیشان بدات کە هێشتا خۆی و دەسەڵاتەکەی بەپێوەن!

ئامار و وردەکارییەکان لە ناڕەزایەتییەکانی چەند مانگی ڕابردوو کە لەلایەن ناوەندە مافی مرۆییەکانەوە بڵاو کراونەتەوە بەڕوونی ئاستی دڕندەیی ڕێژیم بەرانبەر بە خەڵک و داخوازییە ڕواکانیان نیشان دەدەن. بەپێێ ئامارەکان بەدەر لە کوژران و برینداربوونی سەدان کەس، کۆمەڵێکی بەرچاو لە خەڵک بەهۆی تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانەوە بینایی چاویان لەدەست داوە و ژمارەیەکی زۆریشیان ئێستاش بە زامی ساچمەکانی نێو لەشیانەوە دەژین و پێویستیان بە نەشتەرگەریی چەندبارە هەیە.

بەپێی ئەو ناسینەی کە لە ڕێژیمی ئێران هەیە، هیچ ئاکار و کردەوەیەکی نامرۆڤانە لێی بەدوور نییە، هەر لەم چوارچێوەیەش‌دایە کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا جۆرەکانی سەرکوت و توندوتیژیی بەرانبەر بە خۆپیشاندەران بەکار هێناوە و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی خۆپیشاندەری کردووەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆ و گیانی زۆر کەسی ئەستاندووە.

ڕێژیم بەپێی نەریتی کۆنی خۆی هەمیشە لە ناڕەزایەتییەکاندا بەنیسبەت کوردستان توندوتیژتر بووە ،چونکە پرسی کوردستان هەمیشە بۆ ڕێژیم پرسێکی ئەمنییەتی بووە و هەر جۆرە جووڵەیەک تەنانەت ئەگەر بچووکیش بووبێت لای ڕێژیم بە مەترسییەکی گەورە بینراوە و هەوڵ بۆ سەرکوتی خەڵکیش لەوپەڕی خۆیدا بووە.

لە ڕەوتی شۆڕشی ژیناشدا پرسەکە هەروا بوو، ئەگەرچی ژینا کچێکی کورد بوو و لە پێتەختی ئێراندا و بە دەستی هێزەکانی گەشتی ئیرشاد گیانی لێ ئەستێندرا و چەخماخەی ئاگر و شۆڕشەکە لە کوردستانەوە لێ درا، بەڵام بڵێسەی ئەم ئاگرە هەموو شارەکانی ئێرانی گرتەوە و هەموو کۆمەڵگەی بەنیسبەت پرسەکانی ژنان هەستیار کردەوە؛ هەر لەم پێناوەشدا بوو کە یەکەمین ژن لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا لە کرماشان بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان گیانی لەدەست دا.

ئەوەی کە ڕێژیم چاوەڕوانی نەدەکرد، بەرەنگاربوونەوەی بەربڵاوی خەڵک و هەڵوێستی گشتیی کۆمەڵگەی ئێران و کوردستان بوو. دژکردەوەیەکی گشتگیر کە بەتەواوەتی ڕێژیمی تووشی شڵەژان و دڵەڕاوکێی نەمان کرد، هەر بۆیە بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئیرادەی خەڵک دەستەوداوێنی فرتوفێڵی جیاواز بوو.

لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا یەکێک لە خاڵە گرینگ و جێی بایەخەکان بەشداریی بەرچاوی ژنان و کچان بوو، هەر بۆیەش ڕێژیم بە هێرشی شیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکانی کچان هەوڵی دا کچان چاوترسێن بکات و ئاگری شۆڕشەکە بەرەو کوژانەوە ببات. بەپێی هەواڵ و ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان ڕۆژانە هێرش دەکرێتە سەر قوتابخانەکانی کچان و بە ماددەی شیمیایی هەوڵی ژارخواردووکردنیان دەدرێت کە ئەم کردەوە نامرۆڤانەیە گیانلەدەستانی قوتابییانیشی بەدواوە بووە. ئەم کردەوەیە، ڕەنگە لە جۆری خۆیدا نوێ بێت بەڵام چاوەڕوانکراو بوو لە دەسەڵاتێک کە بە زۆر خۆی سەپاندووە و هەر لە سەرەتاوە هیچ ڕەواییەکی نەبووە و بۆ لەنێوبردنی دژبەرانی لە هەموو شێوازێکی توندوتیژی کەڵكی وەرگرتووە، هەموو کردەوەیەک چاوەڕوانکراوە.

لە ساڵەکانی سەرەتای هاتنەسەرکاری ڕێژیمدا شایەتحاڵان دەگێڕنەوە کە چۆن ڕێژیم بە ناردنی تیمی تایبەت بۆ ئەو گوند و شوێنانەی دژایەتییان لەگەل ڕێژیم زۆر بوو و هەر لە سەرەتاوە متمانەیان بەم ڕێژیمە نەبوو، هەوڵی نەزۆککردنی ژنانیان دەدا تاکوو لەم ڕێگەیەوە بتوانێ پێش بە بەردەوامبوونی نەسڵەکان بگرێ و نەهێڵی نەوەی داهاتوو لەسەر ڕێچکەی باوباپیرانیان درێژە بە خەبات لەپێناو ئازادیدا بدەن. ئێستا پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە ٤ دەیە، کۆماری ئیسلامی دڕندەتر لە ڕابردوو، دەستی بۆ کردەوەی قیزەونی ژارخواردووکردنی قوتابییان بردووە تاکوو بە خەیاڵی خۆی کچان لە خەباتی شوناسخوازی، مافویستی و داخوازییە ڕەواکانیان پاشگەز بکاتەوە.

بێگومان دەرمانداوکردنی کچان کردەوەیەکی مەترسیدارە و دەتوانێ لەسەر داهاتوویان کاریگەریی نەرێنیی هەبێ بەڵام ئەم کردەوەیە هیچکات ناتوانێ ئیرادەی ئەم توێژە بەچۆکدا بێنێت. ئەم کردەوەیەی ڕێژیم ئاماژەیەکی ڕوون بۆ دەستەوەستانی ڕێژیم بەرانبەر بە ئیرادەی کچانێکە کە دەزانێ لە داهاتووشدا هەر گەورەترین مەترسی بۆ سەر دەسەڵاتە نگریسەکەی دەبن، ڕێژیم لە ئازایەتیی کچان دەترسێ چونکە ئەوان بوون کە بە لابردنی سەرپۆشەکانیان هەموو هەوڵە ئیدئۆلۆژیکەکانی ڕێژیم بۆ سەرکوتی سیستماتیکی ژنان بەرەنگاری ڕێژیم و دەسەڵاتەکەی بوونەوە و هاواری پەنگخواردووی خۆیان کرد بە گڕکانێک بۆ لەنێوبردنی ئەم دەسەڵاتە.

ئەوەی کە لەم قۆناغەدا گرینگە، یەکگرتوویی و هاوهەڵوێستیی خەڵک بەرانبەر بە کردەوە نامرۆڤانەکانی ڕێژیمە و هەر ئەو خەڵکە هەمیشە سەلماندوویانە کە هیچکات لە بەرانبەر ڕێژیم و دڕندەییەکانیدا بێدەنگ نابن و بۆ گەیشتن بە ئامانجە گەورەکە بەردەوام ئەگەرچێ هەوراز و نشێوەکان زۆریش بن!