کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ماڵی کورد و دیاردەی مەنشوورەکان

12:10 - 1 بانەمەڕ 2723

د. کامران ئەمین‌ئاوە

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا مەنشوورگەلێکی زۆر لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێران وەکوو "منشور مطالبات حداقلی تشکل های مستقل صنفی و مدنی ایران"،  "همبستگی و سازماندهی برای آزادی – منشور مهسا"، "مبانی همگامی برای جمهوری سکولار دموکرات در ایران"، "بیانیه جمعی از فعالان سیاسی و مدنی میهن دوست و آزادیخواە ایران" و هتد بڵاو بوونەتەوە. خاڵی هاوبەشی هەموویان "پابەندبوون به یەکپارچەیی ئەرزی ئێرانه". لە هیچکام لەم مەنشوور و به‌یاننامانەدا وێرای جاروبار بەکارهێنانی وشەی "تکثر"، "تنوع  و گوناگونی قومی  و اتنیکی"، ئاماژەی ڕاسته‌وخۆ به فرەنەتەوەبوونی ئێران نەکراوە. تەنانەت له "بیانیه جمعی از فعالان سیاسی و مدنی میهن دوست و آزادیخواە ایران" که لە ١٦ی خاکەلێوەی ١٤٠١ هەتاویی لەلایەن کەسایەتییە "ملی-مذهبی" و اصلاح‌طلب"ە کانی لایەنگری حکوومەتی ئێران وەک حمیدرضا جلالی‌پور، هاشم صباغیان و هتد گەڵاڵه و واژۆ کراوە، نەک هەر حاشا لە فرەنەتەوەبوونی ئێران‌ کراوە، بەڵکوو "هەر چەشنە خودموختاری و فرەنەتەوەبوونی ئێران" وەکو "خطوط قرمز – هێڵی سوور" ناو بردراوە.

لە مێژووی ئێران، چ لە کاتی حکوومەتی پەهلەوی و چ حکوومەتی مەلاکان‌، بەپێی باوەڕی دەسەڵاتداران به "یەک نەتەوە، یەک ئوممەت، یەک زمان، پاراستنی یەکپارچەیی سنوور و خاکی پیرۆزی ئێران" هەر چەشنە مافخوازیی نەتەوەیی‌ به بەکارهێنانی هێزی سپایی و گرتن و کوشتن و هتد وەڵام دراوەتەوە. ئێستاش، هەرچەند ئاکامی ئەو مەنشوور و بەیاننامانە دەبێ کۆکردنەوەی زۆرینەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران لە دەوری یەک بێ، مخابن نەک لەم بوارەدا هیچ کامیان ئاکامێکی باشیان نەبووە، بەڵكوو بوونەتە هۆی چەندبەرەکی زۆرتری ئۆپۆزیسیۆن.

لەنێو تەواوی ئەم مەنشوور و ئێئتلافانەدا بێجگە لە "همبستگی و سازماندهی برای آزادی – منشور مهسا" ئێمە کوردێکی بەشدارمان بێجگه لە کاک عەبدۆڵڵای موهته‌دی نییه و، ئەم منشوورەش نەک هەر لەلایەن زۆربەی ڕێکخراوە و کەسایەتییه کوردەکان پێشوازی لێ نەکراوە، بەڵکوو به داخەوە به چەشنێک بووەته هۆی دووبەرەکیی نێوماڵی کوردیش.

ئەوەی لێرە‌دا دەتوانێ تا ڕادەیەک پێوەری هەڵسەنگاندنی ئەم چەشنە بەشدارییانه بێ، کاریگەریی ئەوانه لەسەر یەکڕیزیی ماڵی کورد و، قورسایەتیی لایەنی کوردە بەگشتی لە بازنەی سیاسەتی نێوخۆیی و دەرەوەی وڵاتدا‌.

بزووتنەوەی "ژینا- ژن، ژیان، ئازادی"، کاریگەری و چالاکیی بەهێز و بەرچاوی هێزە کوردستانییەکان لەم قۆناخه هەستیارە‌دا، هەروەها وڵامدانەوەی خەڵک به بانگهێشتنەکانی ئەوان، پێوەرێکی قورس و قایم بۆ هەڵسەنگاندنی شوێن و پێگەی حیزبە کوردستانییەکان لە نیشتمان‌دایه.

 لە لایەکی دیکەشەوە دروشمەکانی خەڵکی کورد لەسەر شەقامەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر بەباشی نیشانی داوە وێرای خاڵە هاوبەشەکانیان لەگەڵ باقی خەڵکانی ئێران، تا چ ڕادەیەک ڕەنگ و واتای نەتەوەیی‌بوونی پێوە دیارە. دروست لەم سات و کاته مێژووییەدا تەکڕەوی، ناتەبایی و ناهەماهەنگی لە سیاسەتی هێزەکانی کورد کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داناوە.

ئەگەر پێشتر کار و بڕیاری هاوبەشی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە لە چوارچێوەی ناوەند و، تەبایی، تێکۆشان و بڕیاری نەنووسراو و واژۆنەکراوی حیزبەکانی دیکەی کوردستانی وەکو کۆمەڵەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و پەژاک لەگەڵ ئەوان کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر بزووتنەوەکە و ورەی خەڵک دادەنا، هەر بەو ڕادەیەش نەبوونی هاودەنگی ئەم حیزبانه پاش بەشداریی کاک عەبدوڵڵا موهتەدی، سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە مەنشووری "همبستگی"دا، کاریگەرییەکی نەرینیی لەسەر یەکیەتیی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داناوە و شوێن و پێگەی ئەوانی لەنێوان هێزە سەرانسەرییەکانی ئێران گەلێک لاواز کردووە. ئەمەش لە حاڵێک‌دایه که بەکردەوە هێزە سیاسییەکانی ئێرانی، به سەرانسەری و نەتەوەخوازەکانیەوە کە زۆربەیان لە دەرەوەی وڵات سەریان هەڵداوە و پێوەندییەکی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ نەتەوە و وڵاتەکەیان نییه، بوون به کوێخا و خاوەنی بزووتنەوەکە و، حیزبه کوردستانییەکان کە "بالقوە" و "بالفعل" لاقیان لەسەر عەرزە، کەوتوونەتە پەراوێزەوە.

بەداخەوە لەجیاتی ئەوەی شۆڕشی ژینا ببێته هەوێنی نزیک‌بوونەوەی زۆرتری لایەنە کوردییەکان لە یەکتر و پێکهێنانی چەشنە بەرە یان ئێئتلافێک لەنێوان نوێنەرانی سیاسییاندا، به پێچەوانه بۆته هۆی دووربوونی زۆرتر و تەکڕەوی و هەوڵ بۆ دیتنەوەی هاوپەیمان لە نێوان مەشرووته‌خواز و لایەنەکانی دیکەدا. لەم ڕەوتەدا ئەگەر هێزە کوردستانییەکان پێش نزیک‌بوونەوە له هەر لایەن و بەرەو ئێئتلافێکی ئێرانی، ماڵی کورد به ێز نەکەن و خۆیان وەکو یەکەیەک ڕێک نەخەن، لە دانوستانە سیاسییەکانی ئەمڕۆ و پاش ڕووخانی کۆماری ئیسلامیدا سەریان بێ کڵاو دەمێنێتەوە، و هەر لە ئێستاوە دەیدۆڕێنن و بەرهەمێکیان بۆ نەتەوەکەیان نابێ.

 بەشداری حیزبێکی کوردستانی بەتەنیایی لە هەرچەشنە ڕێککەوتنێک لەگەڵ بەشێک لە هێزە سەرانسەرییەکانی ئێران، وێرای سەرهەڵدانی هەراوهوریای کاتی لە دونیای مەجازیدا، ناتوانێ لە درێژخایەندا بەرهەمێکی ئەرێنی بۆ کورد بێ. کۆمەڵە‌کان، دێموکرات، پەژاک یان هەر هێزێکی کوردستانی لە کۆمەڵگەی فرە حیزبیی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بێ یەکتری ناتوانن باس لە نوێنەرایەتیی کورد بکەن.

لەوەدەچێ به هۆی پرشوبڵاویی حیزبه کوردستانییەکان، کۆکردنەوەی ئەوان لەژێر چەترێک هاسان نەبێ. وێرای ئەوەش، کاتێک هێزە کوردستانییەکان خاڵ و بەرژوەندیی هاوبەشیان لەگەڵ یەک زۆرترە هەتا هێزە سەرانسەرییەکان، حوکمی مێژوو و هەستیاری بارودۆخی سیاسیی وڵات، داخوازکاری نزیکبوونەوەی ئەوان به یەکتری و ڕێکەوتنیان له چوارچێوەی بەرە، کۆنگرەی نەتەوەیی یا ناوەندێکی هاوکاری به بنەواشە ێکی دێموکراتیک بۆ کار، خەبات و چالاکی لە پێناوی ئامانجە نەتەوەییەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانه.

 لەم ڕەوتەدا دەکرێ و دەبێ لە ئەزموونی وڵاتانی دیکە وەکو "بزووتنەوەی ئازادیخوازی فەله‌ستین" یان "کۆنگرەی نەتەوەیی ئەفریقا" و هتد کەلک وەربگیرێ کە کاتی خۆی، هێزە جۆراوجۆرەکانی ئەم وڵاتانه توانیان لە پیناوی ئازادیی وڵاتەکەیان به دیتنەوەی خاڵی هاوبەش لەژێر چەترێک کۆ ببنەوە.

 کاتێک حیزب و کەسایەتییه کوردستانەییەکان هێزی خۆیان بخەنە پاڵ یەک و، هاودەنگ و بە هاوکاریی یەکتر بەرەوپیری ڕووداوەکان بچن، ئەوکات دەتوانن به دەنگێکی بەرز و بەهێز لە ململانییە سیاسیەکاندا بەشدار بن و دەستکەوتی باشیان بۆ گەلەکەیان بێ. لە لایەکی دیکەشەوە نابێ لە بیرمان بچێ، شۆڕشی ژینا پێوەرێکی باش و سەرنج راکێش بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو هێزانەیە کە ئیدعای نوێنەرایەتیی خه‌ڵکی ئێران دەکەن. لەم بزووتنەوەیەدا بێجگه له کوردستان و بەلوچستان کە پێشوازییان لە بانگهێشتنی حیزب و کەسایەتییەکانی خۆیان کردووە، هەتا ئێستاشی لەگەڵ بێ لە هیچ شوێنێکی ئێران و به تایبەت تارانی پایتەخت و شارە گەورەکان وەکو تەورێز، شیراز، ئیسفەهان، مەشهەد و هتد شایەدی ڕەنگدانەوەی کاریگەریی ئەم خۆبەزلزانە تەواویەتخوازە ئێرانییانە نەبووین و نین کە لە میدیا و دنیای مەجازیدا بۆ پاراستنی یەکپارچەیی ئێران، کورد به "جیاوازیخواز" تۆمەتبار دەکەن و هەر لە ئێستاوە وێرای نەبوونی دەسەڵاتێکی حقووقی و دەوڵەتی، به هەڕەشە‌ و گوڕەشهکردن وڵامی ویستەکانی دەدەنەوە.

 کورد دەبێ پێش هەر شتێک ماڵی خۆی بەهێز بکات و پاشان بچێته نێو مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوانه‌ی ڕیشەیەکیان لە وڵاتی ئێران هەیە و ئەگەر ئەمڕۆ دەتوانن هاوپەیمانی "بالقوە"ی بن، پاش ڕووخانی کۆماری ئیسلامی دەتوانن ببن به هاوپەیمانی "بالفعل" و بۆ گەیشتن به وڵاتێکی کۆماری و ناکۆجێیی پێکەوە خەبات بکەن.

نابێ لەبیرمان بچێ دەسەڵاتی پاشایەتی و ئیسلامی ئیمتحانی خۆیان لە دوو سەدەی ڕابردوو داوەتەوە و، بهپێی ئەزمون نیشانیان داوە به هۆی بیروباوەڕی تەوایەتخوازیی خۆیانەوە توانای چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوەییان نییه. ئەوان به گشتی باوەڕیان به‌ دیاردەی فرەنەتەوەبوونی ئێران و مافی چارەی خۆنووسینی گەلان نییه و پێیان وایه به ڕەتکردنی ئەم دیاردەیه، دەتوانن حاشا لەبوونی کێشەی نەتەوەیی لە ئێران بکەن.

بێ‌شک پاش ڕووخانی کۆماری ئیسلامی‌ ئەوە هاوسەنگیی هێزە که قسەی کۆتایی دەکات و پێویسته کورد لە ناسین و هەڵبژاردنی هاوڕێ و هاوپەیمانی ئەمڕۆ و دوایی خۆی ژیرانه بچیته پێش.

کورد نابێ ببێته کۆڵەکەیەک بۆ هێزگرتن و هێنانەسەرکاری ڕەوت و هێزێک که باوەڕی به فرەنەتەوەبوونی ئێران و چارەسەرکردنی مافی نەتەوەکان نییه، دەنا دەبێته هۆی دەسەڵات‌گرتنی هێز و ڕەوتێک کە دەتوانێ ببێته بکوژ و سەرکوتکەری لە داهاتووی ئێراندا. بۆ کورد ناکرێ و نابێ تەنیا ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی پێوەری نزیکبوونەوە یان دووربوونەوەی لە هێز و ڕەوتێکی سیاسی بێ، بەڵکوو باوەڕی ڕاستەقینەی هێزی بەرانبەر به فرەنەتەوەیی بوونی ئێران، قەبووڵی کێشە و مافی کورد و چارەسەرکردنی دێموکراتیکی مافی نەتەوەیی گەلان لە سیستمێکی ناکۆجێیی دەبێ پێوەری هەڵبژاردنی هاوپەیمانی بێ.