کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی خەڵکی تێکۆشەری سەقز لەسەر گڵکۆی شەهیدانی شۆڕشی ژینا

10:13 - 2 بانەمەڕ 2723

خەڵکی بوێر و ئازادیخوازی شاری سەقز لە ڕۆژی جەژندا، سەردانی گڵکۆی شەهیدانی شۆڕشی ژینایان کرد و پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ شەهیدان نوێ کردەوە.

ڕۆژی هەینی ١ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی کە هاوکات بوو لەگەڵ جەژنی ڕەمەزان، سەرەڕای میلیتاریزەکردنی گۆڕستانی ئایچیی شاری سەقز لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە، خەڵکی بوێر و ئازادیخوازی ئەو شارە لەسەر گڵکۆی شەهیدانی شۆڕشی ژینا دروشمی مەرگ و نەمان بۆ دیکتاتۆریان وتەوە.

زۆربەی خەڵک بە بنەماڵە و ژن و منداڵەوە سەردانی گۆڕستانی سەقزیان کرد، هەروەها خەڵکی شارەکانی دیکەش بە مەبەستی پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ شەهیدانی کوردستان لەسەر گڵکۆی ژینا کۆ بوونەوە.

ژنان و کچانی قارەمان بێ سەرپۆش لەسەر گڵکۆی شەهیدانی شۆڕشی ژینا، سروودی شۆڕشگێڕانەیان بڵاو دەکردەوە و دروشمی مەرگ و نەمان بۆ دیکتاتۆر و هەروەها بڕووخێت کۆماری ئیسلامییان دەوتەوە.

شایانی باسی کە لە چەندین شاری دیکەی کوردستانیش بە هەمان شێوە خەڵکی تێکۆشەر سەردانی گڵکۆی شەهیدانی ڕاپەڕینیان کرد و دژی ڕێژیمی ئێران دروشمیان وتەوە.