کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی خەڵکی بۆکان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە

10:15 - 2 بانەمەڕ 2723

دوکتور سەلاح ئەحمەدی و یاریدەدەرەکەی بە ناوی سلێمان جاوید، لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە شاری بۆکان دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی کوردستان، دوانیوەڕۆی پێنجشەممە ٣١ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، دوکتور سەلاح ئەحمەدی، تەمەن ۵۵ ساڵ و یاریدەدەرەکەی بە ناوی سلێمان جاوید، تەمەن ٣۵ ساڵ کە هەردووکیان خەڵکی شاری بۆکانن، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە لەو شارە دەسبەسەر کراون.

دوکتور ئەحمەدی و یاریدەدەرکەی لە شوێنی کارەکەی خۆیان، دەرمانخانەی د. ئەحمەدی لە شاری بۆکان، لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە  دەسبەسەر کراون.

هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو دوو هاووڵاتییە، لەبەر دەستدا نییە.

جێگەی ئاماژەیە کە لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا ٧ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی شاری بۆکان بە ناوەکانی ڕزگار بەیگزادە بابامیری، ئەبوبەکر مامزادە، ئەحمەد مامزادە، سۆران قاسمی، سیامەک هەیاسی، ئالان داغدار و کاوە ساڵحی، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە لە شاری بۆکان دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.