
ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی گشتیی ڕێژیم لە سنە لە مانگی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوییەوە، لە ڕاستای دەستووری شۆرای باڵای ئەمنییەتیی کۆماری ئیسلامی، دەیان مامۆستای ناڕازیی لە بەڕێوەچوونی ''یاسای پلەبەندیی مامۆستایان'' وەلا نا.
بەپێی ڕاپۆرتی ''کوردپا''، ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی گشتیی ڕێژیمی ئێران لە سنە بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتیی مامۆستایان، ''کۆمیتەی خێرا''ی پێک هێناوە و ئامانجی ئەو کۆمیتەیە ناساندنی چالاکانی سێنفیی مامۆستایان لە شارەکانی سنە، مەریوان و سەقزە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ڕێژیمی ئێران تۆمەتگەلی ''ئەندامیەتی لە ئەنجومەنە نایاساییەکانی سێنفییەکانی مامۆستایان، بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانە، پێکهێنانی کەشی نائارامی لە قوتابخانەکان، هەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە، دەرکردنی بەیاننامە بە مەبەستی ورووژاندنی کۆمەڵەی مامۆستایان و قوتابییان لە پەرەدان بە قەیرانەکان، وەگەڕخستی شەڕی ڕەوانی، هەوڵدان دژی ئەمنییەتی نێوخۆیی ئێران، تەبلیغ بۆ وەلانانی حیجاب، نووسینی دروشم لە ئاستی قوتابخانەکان و چالاکیی سێنفی لە ڕاستای لایەنەکانی دژبەری ڕێژیم'' خستووەتە پاڵ مامۆستایانی ناڕازی.
هەتا ئێستا زیاتر لە ٣٥ مامۆستا لە یاسای پەلەبەندی وەلا نراون و چەندین مامۆستاش دادگایی دەکرێن.
بەپێی سەرچاوەکان، موختار ئەسەدی، چالاکی سێنفیی مامۆستایان وەکوو ''هاندەر و بەڕێوەبەری سەرەکیی ناڕەزایەتی لە قوتابخانەکان" ناسێندراوە و دۆسیەی ناوبراو دراوەتە هەیئەتی سەرپێچییەکان.