کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە چەندین شاری ئێران کرێکاران مانگرتنی گشتییان بەڕێوە برد

14:15 - 2 بانەمەڕ 2723

لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران سەبارەت بە دۆخی گوزەران و وڵامنەدانەوەی داواکارییەکانیان، ئەمڕۆ کرێکارانی چەندین ناوەندی پیشەیی ئێران مانیان گرت.

ئەمڕۆ شەممە ڕێکەوتی ٢ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، بە دوای بانگەوازی پێشوو، کرێکاران لە چەندین شاری ئێران مانیان گرت و سەبارەت بە دۆخی بژێویی ژیان و وڵامنەدانەوەیان لەلایەن کاربەدەستانی ڕێژیمەوە، ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، مانگرتن و دەربڕینی ناڕەزایەتی لە شیرکەتەکانی پێترۆشیمی و نەوت و چەندین ناوەندی پیشەیی لە دێهلوڕان، عەسەلوویە، یەزد، گەچساران، ئابادان، بەندەری جاسک، بوشێهر و شیراز و چەندین ناوەندی دیکەی پیشەیی ئێران، بەڕێوە چووە.

مانگرتنی کرێکاران لە حاڵێکدایە کە ئەو چینەی کۆمەڵگە بەهۆی کەمیی موچە و دۆخی سەختی ژیان، ڕۆژانێکی دژوار تێدەپەڕێنن و سەڕەڕای ئەوەیکە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابروو هەتا ئێستا بە سەدان جار ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانەوە هیچ وڵامێک بە داواکارییەکانیان نەدراوەتەوە.

چالاکانی کرێکاری هۆشدارییان داوە کە ئەم دۆخە تەنگی بە ژیانی کرێکاران هەڵچنیوە و ئەگەر بەم شێوەیە درێژەی هەبێت، هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە ڕادەپەڕن.