کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حامید ئیسماعیلیون بەهۆی ''نادێموکراتیکبوونی'' مەنشووری جۆرج تاون لەو مەنشوورە هاتە دەرەوە

14:18 - 2 بانەمەڕ 2723

حامید ئیسماعیلیون یەکێک لە چالاکانی بەرچاوی دژبەری ڕێژیمی ئێران، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە بەهۆی ''نادێموکراتیکبوونی'' مەنشووری جۆرج تاون لە هاوپەیمانیەتیی ئەو مەنشوورە هاتووەتە دەرەوە. 

ڕۆژی هەینی ١ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، حامید اسماعیلیون سەرۆک و وتەبێژی پێشووی ئەنجومەنی بنەماڵەی قوربانییانی فڕۆکە ئۆکراینییەکە، لە دەقێکدا لەژێر ناوی ''ڕاپۆرتێک بە خەڵک'' سەرەڕای هۆکارەکانی پەیوەستبوونی بە مەنشووری جۆرج تاون، نووسی: ''بەداخەوە کار لەو هاوپیمانییە بە باشی نەچووە پێش. گرووپگەلێک بە شێوەی نادێموکراتیک هەوڵیان دەدا ڕوانگە و هەڵوێستی خۆیان بسەپێنن.''

ئیسماعلیون نووسیویەتی: ''سەپاندنی بۆچوون لە دێموکراسیدا ناگونجێت و ڕێککەوتنی ئەندامانی ئەو گرووپە، نەتەنیا ئەندامێک لەو گرووپە، لە مەرجەکانی بەرەوپێشچوونی دێموکراسییە.''

ناوبراو وێڕای جەختکردنەوە لەسەر یارمەتیدان بە شۆڕشی ''ژن ژیان ئازادی'' وتی: ''ڕەکابەریی گوتار و بەرنامە و سیاسەتەکان سروشتییە، بەڵام هەوڵ بۆ سڕینەوە و سەپاندن و شێوەکانی دیکەی نادێموکراتیک هیچ پێوەندییەکی بە هەڵسوکەوتی دێموکراتیکەوە نییە.''

ئەو چالاکە سیاسییە لە درێژەدا وتی کە هەوڵەکانی خۆی و هاوڕێکانی بۆ پاراستنی ئەو مەنشوورە ئاکامیکی نەبووە و لەنێوان ئەو موناقەشە بێ ئاکامەدا، خوێنی ئەوانەی کە کوژران و ئەوانەی کە دەرد و ئازار دەکێشن، بەلاڕێدا دەڕوات.

مەنشووری جۆرج تاون، ڕێکەوتی ١٩ی ڕەشەمە، لەژێر ناوی ''هاوپێوەندی و ڕێکخستن بۆ ئازادیی ئێران'' لە ٨ کەس پێک هات، کە هەتا ئێستا ٤ کەس، لەوانە ''گوڵشیفتە فەراهانی، نازەنین بونیادی، عەلی کەریمی و حامید ئیسماعیلیون" لەو مەنشوورە هاتوونەتە دەرەوە و چاوەڕوان دەکرێت کەسانی دیکەش لەو مەنشوورە بێنە دەرەوە.

جێگەی ئاماژەیە کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێشتر مەنشووری جۆرج تاونی ڕەت کردەوە و لەو پێوەندییەدا کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکرات وتبووی: ''ئێمە داوا لە خەڵکی کوردستان ناکەین پشتیوانی لە مەنشوورەی جۆرج تاون بکەن. ئەوە بەو مانایە نییە ئێمە شەڕمان ڕاگەیاندبێت، بەو مانایەش نییە کە ئێمە بەدوای دژایەتی لەگەڵ ئەم و ئەو بین.''