کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیی چالاکانى ژینگەیی ورمێ سەبارەت بە وشکبوونى گۆلی ورمێ

09:19 - 3 بانەمەڕ 2723

چالاکانى ژینگەیی ورمێ بەنیسبەت مەترسییەکانی سەر گۆلی وشکبووی ورمێ کۆ بوونەوە و نیگەرانیی خۆیان دەربڕی.

چالاکانى ژینگەیی ورمێ، ڕۆژی هەینی ١ی بانەمەڕ، لەهەمبەر لێکەوتە و مەترسییەکان گۆلی وشکبووی ورمێ کۆ بوونەوە هەتا سەرنجى خەڵک و بەرپرسە گەندەڵەکانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بەو کارەساتە ژینگەییە ڕابکێشن.

چالاکانی ژینگەیی لەو کۆبوونەویەدا بە بەدەستەوەگرتنی پلاکاردێک کە لەسەری نووسرابوو ''بەنداوەکان بکەنەوە، گیانى ١٥ ملیۆن کەس لە مەترسیدایە"، نیگەرانیی خۆیان سەبارەت بە دۆخی گۆلی ورمێ و گرینگی پێنەدانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران دەربڕی.

زیاتر لە ٩٥ لەسەدی ڕووبەری گۆلی ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وشک بووە و لە ئەگەری ڕوودانی باهۆزی خوێ مەترسی بۆ سەر ژیانی نزیکەی ١٥ میلیۆن هاووڵاتی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دروست دەبێت.

سەرەڕای دامەزراندنی ناوەندێک بۆ ژیاندنەوەی گۆلی ورمێ لەلایەن ڕێژیمەوە و خەرجکردنی زیاتر لە ١٥ هەزار میلیارد تمەن لە ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا، هەتا ئێستا زیاتر لە ٩٥ لەسەدی ڕووبەری گۆلی ورمێ بە تەواوی وشک بووە.