خەڵکی ئازادیخوازی شاری سەقز بە مەبەستی پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ شەهیدانی شۆڕشی ژینا، لەسەر گڵکۆی ژینا ئەمینی کۆ بوونەوە و پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ ڕێبازی شەهیدانی ئەو شۆڕشە دووپات کردەوە.
ڕۆژی شەممە ٢ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، خەڵکی ئازادیخواز و بوێری شاری سەقز، بە مەبەستی خاوەنداریەتی لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا لەسەر گڵکۆی ژینا ئەمینی کۆ بوونەوە و بە خوێندنەوەی سروودی شۆڕشگێڕانە، پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ شەهید ژینا و هەموو شەهیدانی کوردستان نوێ کردەوە.
هەروەها ڕۆژی هەینیش ڕێکەوتی ١ی بانەمەڕ کە هاوکات بوو لەگەڵ جەژنی ڕەمەزان، سەرەڕای میلیتاریزەکردنی گۆڕستانی ئایچیی شاری سەقز لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە، خەڵکی بوێر و ئازادیخوازی ئەو شارە لەسەر گڵکۆی شەهیدانی شۆڕشی ژینا دروشمی مەرگ و نەمان بۆ دیکتاتۆریان وتەوە.
زۆربەی خەڵک بە بنەماڵە و ژن و منداڵەوە سەردانی گۆڕستانی سەقزیان کردبوو، هەروەها خەڵکی شارەکانی دیکەش بە مەبەستی پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ شەهیدانی کوردستان لەسەر گڵکۆی ژینا کۆ بوونەوە.
شایانی باسە کە ڕۆژی هەینی، سەرەڕای میلیتاریزەکردنی گۆڕستانەکانی شارەکانی کوردستان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە، خەڵکی بوێر و ئازادیخوازی شارەکانی سنە، بۆکان، ورمێ، مەهاباد، مەریوان، بانە و پیرانشار لەسەر گڵکۆی شەهیدانی شۆڕشی ژینا ئامادە بوون و دروشمی مەرگ و نەمان بۆ دیکتاتۆریان وتەوە.