کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی هەڵمەتی چاندنی نەمام لەلایەن ئەنجومەنی سەوزی چیا لە مەریوان

10:24 - 3 بانەمەڕ 2723

لە درێژەی چالاکییەکانی ئەنجومەنی سەوزی چیا و بووژاندنەوەی دارستانەکانی زاگرۆس، زیاتر لە ١٥٠٠ نەمام لەلایەن ڕێبوارانی ئەندێشەی سەوز لە مەریوان چەقێندران.

 لە سێ کاتی جیاواز لە ڕێکەوتەکانی ١٠ی سەرماوەز، ١٤ و ٢٣ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، زیاتر لە ١٥٠٠ نەمام لە جۆرەکانی"بەڕوو، مازوو و قەزوان" بە دەستی ڕێبوارانی ئەندێشەی سەوز لە شوێنە سووتێندراوەکانی قەڵای مەریوان چەقێندران.

ئەو شوێنانەی هاوینی ساڵی ڕابردوو لە درێژەی زنجیرە ئاگرەکانی زاگرۆسدا کەوتنە بەر هێرشی ناحەزان و زیاتر لە ٢٠ جار ئاگریان تێبەر درابوو، لەلایەن ئەنجومەنی سەوزی چیا و ژینگەپارێزانەوە بە چەقاندنی نەمام ئاوەدان کراوەتەوە.

جێی ئاماژەیە کە زۆرینەی ئەو نەمامانە کە لەم هەڵمەتانەدا دانراون لەلایەن قوتابییانی سەرەتایی کوڕانە و کچانەی ئاوایی مووسکی مەریوان بەرهەم هێندراون.