کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی مانگرتنی کرێکارانی چەندین ناوەندی پیشەیی لە ئێران

11:57 - 3 بانەمەڕ 2723

لە درێژەی مانگرتنی کرێکاران لە ئێران، کرێکارانی شیرکەتەکانی پێترۆشیمی و نەوت و پرۆژەکانی دیکە لە ناڕەزایەتی بە پێنەدان و کەمیی حەقدەستەکانیان و دۆخی بژێویی ژیانیان لە چەندین شاری ئێران مانیان گرت.

ئەمڕۆ یەکشەممە ٣ی بانەمەڕ، کرێکارانی شیرکەتی موبین سەنعەت و کارێکارانی عایەقکاریی پێترۆشیمی لە شاری کەنگان سەر بە پارێزگای بووشێهر و  کرێکارانی دوو کانگای مس لە کرمان، بەهۆی کەمیی حەقدەستەکانیان و دۆخی بژێویی ژیانیان مانیان گرت.

لەم پێوەندییەدا ڕۆژی شەممە ٢ی بانەمەڕ، کرێکارانی شیرکەتەکانی پێترۆشیمی و نەوت و چەندین ناوەندی پیشەیی لە دێهلوڕان، عەسەلوویە، یەزد، گەچساران، ئابادان، بەندەری جاسک، بوشێهر و شیراز، بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە دۆخی بژێویی ژیان و وڵامنەدانەوەیان لەلایەن کاربەدەستانی ڕێژیمەوە، مانیان  گرت.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی شەممە، کۆنفڕانسێک لە شاری کۆڵنی ئاڵمان بە مەبەستی پشتیوانی لە مەنشووری کەمترین داواکارییەکانی سەندیکاکانی کرێکاری و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ئێران بەڕێوە چوو.

ڕەزا شەهابی و حەسەن سەعیدی، دوو ئەندامی زیندانیکراوی سەندیکای کرێکارانی شیرکەتی یەکەی ئوتوبووسڕانیی تاران، لە پەیامێکدا بۆ کۆنفڕانسی کۆڵن، پشتیوانییان لە مانیفێستی کەمترین داواکاریی ٢٠ ڕێکخراو کرد و ڕایانگەیاند کە تاکە ڕێگای دەربازبوون، "یەکگرتوویی و ڕێکخستنە".