کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

درێژەی شۆڕش

21:47 - 3 بانەمەڕ 2723

بابەک ناسری

ئەوەی لەگەڵ دەسپێکی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لە ئێراندا بەڕوونی پێشبینی دەکرا و دوایەش ئەو دڵنیاییەی لێ کەوتەوە ئەوە بوو، کە بارودۆخی کۆمەڵگە هەرگیز بۆ سەردەمی پێش خەرمانانی ١٤٠١ ناگەڕێتەوە. شۆڕشێک کە سەرەڕای بەستێنە لەبارەکانی بەڵام بەو بەربڵاوییە بە هیچ شێوەیەک بۆ دەسەڵاتی پاوانخوازی ئاخوندی چاوەڕوانکراو نەبوو، خەریکە ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی لە پێکهاتەی کۆمەڵگەدا پێک‌دێنێ.

لاوازیی کۆمەڵایەتی، ناکارامەیی دەوڵەت، پێشێلکاریی ئاشکرای مافی هاووڵاتیان، بەربڵاوبوونی هەژاری و بێ‌دەرەتانیی ئابووری کە هەرگیز هەوڵێکی جیددی بۆ چارەسەرکردنی نەدرا و بە دەیان کێشەی هەڵپەسێردراوی دی کە بوونە هۆی ئەو ڕاپەڕینە جەماوەرییە، هەموو پلان و پیلانەکانی حاکمییەتی شێواند و بەسەر یەکی دادان.

ڕەشەکوژی لە کوردستان و هەینیی ڕەش و خوێنینی زاهیدانیش نزیک‌بوونەوەیەکی کەم‌وێنەی لەنێو خەڵکی ئێران و نەتەوە جیاوازەکانی نێو ئەو جوغرافیایەدا پێک‌هێنا. ئەوەش خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی تا ڕادەیەک تووڕە کرد کە لە وتارێکی نهێنیدا فەرمان بە هێزە مرۆڤکوژەکانی بدات لە کوشتاری خەڵکدا سڵ نەکەن و دەست لە منداڵیش نەپارێزن. هەر ئەوەش کۆڵەکە لەرزۆکەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانی ئەوەندەی دی لە تێکڕمان نزیک کردۆتەوە.

لە گەرمەی ڕووداوەکانی شۆڕشدا و بەمەبەستی فریودانی ڕای گشتی و بەلارێدابردنی ئاراستەی سەرەکیی شۆڕش شایەتی چەند هەوڵێکی نزۆک لەلایەن حکومەتەوە بووین کە بەهۆی ڕیسوایی خۆیان و ژیری و وشیاریی خەڵکەوە سەرکەوتوو نەبوون و تێیدا مایەپووچ هاتنەوە. هەرچەند  لە ئیستاشدا دەزگای پرۆپاگاندای ڕێژیم لە هەوڵی دانانی خاڵی کۆتایی لەسەر ئەو شۆڕشەن و بانگەشەی زاڵبوون بەسەر دۆخەکەدا دەکەن، بەڵام وەک دەبینین خەڵک هەر بۆنە و دەرفەتێک دەقۆزنەوە بۆ ئەوەی لە ڕێژیم ڕاسێن و بە هەر شێوەیەکی مومکین ناڕەزایەتیی و بێزاریی خۆیان دەرببڕن.

حکومەت بۆ دەربازبوون لە مەترسیی ڕووخان و چارەسەریی کێشە نێوخۆییەکان ناچار بوو دەستەوداوێنی وڵاتانی ڕۆژئاوایی بۆ دەست‌پێکردنەوەی دانوستانەکانی بەرجام بێ و بۆ پاڵپشتی‌کردنی ڕێژیم پشت بە هێزی سیاسی و نیزامیی چین و ڕووسیە ببەستێ. بێگومان ڕێککەوتنی لەڕووی ناچاری لەگەڵ عەڕەبستانیش کە هەر لەجێدا ئاڵۆزی و گرفتی تایبەت بە خۆی هەیە و پاشان سەفەری نوێنەری تایبەتی خامنەیی بۆ هەندێ وڵاتی دراوسێ بە مەبەستی گرتنەبەری هەندێ ڕێوشوێنی ئەمنییەتی، دوایین پەلەقاژەکانی ڕێژیم بێ کە دەرەنجامەکانی لە داهاتوودا ڕوون دەبێتەوە. کەچی سەرەڕای هەموو ئەو هەوڵە نێوخۆیی و دەرەکییانەی ڕێژیم بارودۆخی گشتیی کۆمەڵگە بە بەراورد لەگەڵ سەرەتاکانی شۆڕشی ژینادا ئاڵۆگۆڕێکی ئەوتۆی بە خۆیەوە نەبینیوە، قەیرانەکان کەمتر نا، بەڵکوو زیاتریش بوون و هەمدیسان حکومەت دەستەوەستان ماوەتەوە.

لە بەرەیەکی دیکەشدا، ناوەندە نێونەتەوەییەکان و چالاکانی سیاسی لە هەموو دنیادا، بەمەبەستی ناڕەزایی دەربڕین و بەدواداچوون بۆ هۆکارەکانی ئەو هەموو پێشێلکارییە ئاشکرایانەی مافی مرۆڤ لە ئێراندا، هەوڵێکی بەرین و بێ‌وچانیان بۆ وەڵامدەرکردنی کۆماری ئیسلامی دەست پێ کردوە و هەر ئەوەش تووڕەییەکی گشتیی زێدەی لە بەرانبەر حکومەتدا پێک هێناوە.

سیناریۆی تێرۆری بەکۆمەڵ و بیولۆژیکیی قوتابیان و خوێندکارانی کچ کە تا ئێستا زیاتر لە سێزدە هەزار کەسی لە نەخۆشخانەکان خستووە، خۆی جۆرێک لە خۆکوژیی حکومەتێک دەچێ کە خەریکە دوایین هەناسەکانی خۆی تەی بکات. بەردەوامیی دەرمانداوکردنی قوتابییان بەر لە هەر کەس بنەماڵەکانیانی تووڕە و هەراسان کردووە و بۆ دەربڕینی ئەو بێزارییە گشتییە دەبێ چاوەڕێی شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتییەکان لە ڕۆژانی داهاتوودا بین. هەروەها پێشبینی دەکرێ لەسۆنگەی گرانی و بەرزبوونەوەی نرخی هەڵاوسان (تورم) کە لە سنووری پەنجا لە سەدیش تێپەڕیوە، شەپۆلەکانی دواتری شۆڕشی بەدوادا بێت و لافاوی بەربڵاوی تووڕەیی و بێزاریی خەڵک لەگەڵ خۆیدا بێنێ.

فرەیی و لەسەریەک کەڵەکەبوونی کێشە ئابووری و سیاسییەکان لە نێوخۆ و قەیرانی نەبوونی مەشرووعییەتی نیزام لە ئاستی نێونەتەوەییشدا هاوکات لەگەڵ بڕیارە نادروستەکانی دەسەڵاتداران، گرێیەکی نەکراوەی بەدرێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامییە کە ڕۆژ بە ڕۆژ ئەو ڕێژیمەی لاوازتر کردوە. هەروەها کێشەی حیجابیش لەو گرفتە بێ کۆتاییانەی حکوومەتە کە نە بۆی چارەسەر دەکرێ و نە توانای دەربازبوونیشی لەو گرێ ئیدئۆلۆژییە هەیە.

کەوتنەسەریەکی ئەو هەمووە کێشە و گرفتە جۆراوجۆرانە دەریایەکی لە قەیران بۆ کۆماری ئیسلامی پێک هێناوە کە درەنگ یا زوو ئەم ڕێژیمە لە نێو خۆیدا قووت دەدات. لە ڕاستیدا کۆماری ئیسلامی لە لێواری خنکان دایە و وێناچێ ئەو دەم‌وساتەش زۆر بخایەنێ.