کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە گەرووی ئیلام و کرماشانەوە

23:33 - 3 بانەمەڕ 2723

باوان کرماشانی

و لە فارسییەوە: کاروان مێراوی

ڕێژیمە داگیرکەرە ئێرانییەکان ساڵانێکی زۆرە هێرشی فەرهەنگی و ئاسمیلاسیۆنیان کردووەتە سەر کوردستان و لە باشووری ڕۆژهەڵاتیش ئەم هێرشە چڕوپڕترە. لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا بە هەوڵی کۆمەڵێک لە چالاکانی فەرهەنگیی ئەم باشووری ڕۆژهەڵات و بە بەرفراوانبوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئەو ناوچەیە خەریکە بەرەو شوناسخوازی هەڵدەگەڕێتەوە، دەبووژێتەوە و دەگەڕێتەوە ئامێزی نیشتمان. نموونەی ئەم باسەش لە شۆڕشی ژینا و بەتایبەت ئەو دروشمانەی لە شارەکانی باشووری ڕۆژهەڵات دەگوترانەوە، بەڕوونی بۆ هەموو لایەک دیار بوو و ماندویەتیی تێکۆشەران و چالاکانی فەرهەنگیی ئەم ناوچەیەی حەساندەوە.

هەنووکە ئەو شار و ناوچانە پێویستییان بە خۆناساندن نییە و لە ڕەوتی بزاڤی "ژن، ژیان، ئازادی"دا هاواری شوناسخوازانە و ئازادیخوازانەی خۆیان بە گوێی نەیارانی کوردنەویست و فاشیستە ئێرانشارییەکان گەیاند. ئەگەر لە خوارترین شارەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتەوە وەک: دێلۆڕان، دەڕەشار و سەراوڵە لە پارێزگای ئیلام تا دەگاتە شائاباد، سەرپێڵ‌زەهاو، قەسرشیرین و سەحنە لە پارێزگای کرماشان و... بەوردی بڕوانینە پێشهاتە و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئەو شارانە و شارەکانی تری باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی حەوت مانگی ڕابردوودا، دەبینین ئەم ناوچانە دیمەنێکی ڕوونی هەم لە ناسنامەخوازی و هەم شوناسی بەکۆمەڵی خەڵکی گەیاندە هەر بینەرێک بۆوەی نیشان بدات یەک سەدە سیاسەتی ناوەندگەراکان بۆ تواندنەوە و ئاسیمیلاسیۆنی کورد مایەپووچ بووە.

دەسەڵاتدارە داگیرکەرە سەرەڕۆکان لە ماوەی زیاتر لە سەد ساڵی ڕابردوودا هەرچی لە توانایاندا بوو بۆ فارسیزەکردنی باشووری ڕۆژهەڵات و سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی خەڵکی ئەو ناوچانەی کوردستان کردیان. بەڵام ئێستە خۆشیان دەزانن کە لەو پرۆژەیەدا سەرکەوتوو نەبوون، چونکە ئەو شار و ناوچانەی کوردستان بە شۆڕشێکی فەرهەنگی و هەڵگەڕانەوە بەرەو ناسنامە و شوناسی نەتەوەیی خۆیان، پان‌ئێرانیزم و ئێرانشارییەکانیان ڕیسوا کرد و هەنووکەش خاوەنی وێژمانێکی پتەوی کوردستانین. ئەو ناوچانەی کە ئێرانشارییەکان و یەکپارچەخوازەکانی وەک ئیرەج مەسداقی وایدەزانی بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاسمیلاسیۆن کە پیلانی ڕەزا قەزاقی باوکیان بوو، ئامانجەکانی خۆیان پێکاوە و لە وەهمێکی خەیاڵی و لە لووتکەی گەمژەییدا باشووری ڕۆژهەڵاتیان بە ناوچەیەکی فارسیزەکراو و فارسیی دەزانی. ئێستە کە پیلانە قڕێژەکانیان سەری نەگرتووە و ئامانجە چەپەڵەکانیان بەهۆی خەباتی نەتەوەیی و ئاڵاهەڵگریی چالاکانی فەرهەنگیی ئەو ناوچەیە مایەپووچ ماوەتەوە، لە کەسانێکی وەک "بێهرووز بووچانی"یان هەڵپێچاوە.

ئیرج مەسداقی کە خۆی وەک چالاکی مافەکانی مرۆڤ لە قەڵەم دەدات، بە بێڕێزیکردن بە خەڵکی سەربەرزی باشووری ڕۆژهەڵات و بەتایبەت خەڵکی کرماشان و ئیلام، زۆر بە جوانی و ڕوونی نیشانی دا کە ئەو گۆڕانکارییە بنەڕەتی و هەڵگەڕانەوە شوناسخوازانەیەی باشووری ڕۆژهەڵاتی پێ قەبووڵ ناکرێت و وا دەزانێت چۆن شاری بەدرە (زێدی لەدایکبوونی بێهرووز بووچانی) کە لە باشووری پارێزگای ئیلامە؛ ئیتر دەبێت بەگشتی خەڵکەکەی ناسنامەی خۆیان لەدەست دابێت و هیچ ناونیشانێکی کوردایەتی لەو شارەدا نەمابێت، چە بگات بەوەی کە بیهەوێت بەقەوڵی مەسداقی؛ ئاڵاهەڵگری کوردبوون و کوردایەتی بێت!

هەر بۆیە قسەکانی "بێهرووز بووچانی" کە لەم ڕۆژانەدا بووەتە دڕکێک و دەچەقێتە چاوی پانفارسیزمە فاشیستەکان و ئێرانشارییەکانیش، مەسداقی ئەمەی زۆر پێی خۆش نییە و لە هەموو کەسێکی باشووری ڕۆژهەڵات زیاتر پێی گرانترە و بە گێڕانەوەی قسەی هاوڕێیە گەمژەکانی خۆی، کە لەڕاستیدا قسەکانی خۆی بە زمانی کەسانی دیکەوە دەکات؛ بەئاشکرا و بەڕوونی بێڕێزی بە خەڵکی کرماشان و ئیلام دەکات و هەوڵ دەدات ئاژاوە و دووبەرەکێ لەنێوان نەتەوەی کورد و بەتایبەت لە باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بنێتەوە.

ئەو پیلانە نەگریسەی کە ڕەزا قەزاق کاتێکی زۆر و بوودجەیەکی فرەیشی بۆ تەرخان کرد و نەیتوانی بە ئاکامی بگەیەنیت و دوای پەهلەوییش، ڕێژیمی داگیرکەری ئیسلامیی ئێران ئەو هەوڵانەی گرتە بەر و دیسان سەرکەوتوو نەبوون و بێئاکام مانەوە، بە وریایی و هۆشیاریی بەکۆمەڵی جالاکانی فەرهەنگیی کورد ئامانجەکانی یەکپارچەخوازەکان و پانفارسیزمە فاشیستە ئێرانشارییەکان بوو بە بڵقی سەر ئاو... ئیرەج مەسداقی کە وابێژیی ئەوە دەکات هاوڕێ و دۆستی کوردی زۆرە؛ خۆزگە داوای لە دۆستە کوردەکانی بکردایە چیرۆکی داڤوود خانی کەڵهوڕی بۆی بگێڕنەوە کە یەک لە ڕێبەر و سەرکردە بوێرەکانی کورد بوو و بە حکوومەتی ناوچەی کرماشان ڕازی نەبوو و گەرەکی بوو تارانیش کۆنتڕۆڵ بکات... یان چیرۆکی شا محەممەد یاریی کورد کە یەکێکی دیکە لە ڕێبەرانی ئازا و قارەمانی نەتەوەکەمان بوو و بەدژی دیکتاتۆری و سەرەڕۆیییەکانی ڕەزا قەزاق ڕاپەڕی و شەڕی دەکرد.

بێگومان بۆ هەموو لایەک ئاشکرایە کە ئیرەج مەسداقی و کەسانی دیکەی هاوشێوەی ئیرەج مەسداقی بەباشی ئاگاداری پێگەی کرماشان و ئیلام و پاشخانی مێژووییی ئەو دوو پارێزگایە و باشووری ڕۆژهەڵات بەگشتی هەن، ئەم قسانەی ناوبراویش دەرخەری گریمانە کۆلۆنیالیستییەکان و دۆڕانی خۆیانە لەو پیلان و پڕۆژەیەدا کە وایاندەزانی تێدا سەرکەوتوو بوون.

لێرەدا ئەو ڕستە بەنرخە و جوانەی مامۆستا ناسر رەزازی، هونەرمەندی ناسراو و ناوداری کوردستان بە بیری گشت فاشیزستە ئێرانشاری و پان‌ئێرانیستەکان و بەتایبەت ئیرەج مەسداقی دەهێنینەوە کە گوتی: "ئەگەر ئی جارە بایمنەو، وە ئیلامەو تێیەیمنەو".