کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێمن شاعیری ژن، ژیان، ئازادی

23:36 - 3 بانەمەڕ 2723

برایم جەهانگیری

لە بەهاری ساڵی ١٣٦٤دا کورد کەسایەتییەکی هەڵکەوتەی ئەدەبیی مێژووی خۆی لەدەست دا. مامۆستا هێمن ئەو کەسایەتییە مەزنە زمان‌پاراو و قەڵەم‌ڕەوانە بوو کە بەداخەوە مەرگ مەودای نەدا و لە تەمەنی ٦٤ ساڵیدا ماڵاوایی لە گەل و نیشتمانەکەی کرد.

هێمن یان سەید محەممەدئەمینی شیخولئیسلامی لە ساڵی ١٣٠٠ هەتاوی لە گوندی لاچین لەدایک بوو. بە بووونی هێمن دایکی شیری ویشک دەکات و ناچار دەبەر دایانی دەنێن و کورد کوتەنی بە دایان گەورە بوو. هێمن کوڕی بنەماڵەیەکی دەستڕۆیشتووی مەهاباد و موکریان بوو، باوکی ناوی سەید حەسەنی موکری لە بنەماڵەی مەلا جامی و دایکی شێخزادە و لە بنەماڵەی شێخی بورهان بوو. شێخی بورهان و خانەقای شیخی بورهانی ئەوکاتی قوتابخانەیەک بوون بۆ زمانی کوردی و بۆ هەستی کوردایەتیش. هێمن سەرەتا پێچەوانەی حەزی خۆی لەبەر خوێندنی ئایینی نرا و دواتر ڕێی کەوتە خانەقای شێخی بورهان و لەوێ دەگەڵ هەژار (مامۆستا هەژار) لە خزمەت "مامۆستا فەوزی"دا فێری زمانی کوردی و هەستی کورایەتی بوون، تا وای لێ دێ هەردووک بوونە شاعیری میللیی کۆمار.

 لە کۆمار و دوای کۆمار نەخشی هێمن لەسەر زمان و ئەدەبیاتی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرچاو دەبێ و ئیدی دوای ڕووخانیش هێمن ڕۆژهەڵات بەرەو گەرمێن بەجێ دێڵێ و لەوێ لە قوتابخانەی دێمۆکراتدا درێژە بە شێعر و بەفێربوون و بە خەبات بۆ ئازادیی کوردستان دەدا. ئەو بە هەق شاعیرێکی ئازادیخواز و نوێخوازی کورد بوو، لەم بابەتەدا تەنیا ئاوڕێکی کورت تەنیا لە یەک ڕوانگەی مامۆستا هێمن.

 مامۆستا هێمن بەحەق ئەستێرەیەکی پڕشەنگداری ئەدەبی ئاسمانی کوردەواری بوو کە لە ماوەی ژیانیدا بە پێشکەشکردنی چەند دیوانی شێعری و پەخشان (تاریک‌ و ڕوون، پاشەرۆک، ناڵەی جودایی وبارگەی یاران) و چەند چیرۆک و وەرگێڕان جێگەیەکی تایبەتی لەنێو گەلی خۆیدا کردەوە و کتێبخانەی کوردییشی بە جوانترین و ڕەسەنترین وشە کوردییەکان ڕازاندەوە.

 مامۆستا هێمن یەک لە بەهەستریین شاعیرانی کورد بوو. ئەو مرۆڤێکی پەپوولەیی بوو،  هزروبیری وەک ئاوی زوڵاڵی کانی ڕوون بوو. ئەو بە مانای ڕاستەقینە ئینسان بوو:

 "ئارەزوومە هەرچی ئینسانە بە ئازادی بژی

چۆن گەلی داماو و دیل و مات و خەمگینم دەوێ؟"

 هێمن مودێڕن بوو، لە هەموو بوارەکاندا پێشەنگ و پێشکەوتوو بوو، بەڵام من لێرەوە دەمهەوێ لە یەک ڕوانگەوە زۆر بە کورتی سەرنجێک بدەمە شێعرەکانی کە ئاوێتەی ڕووح و ڕەوان و هزر و بیری مامۆستا بوون. ئەو بەڕاستی باوەڕی بە نەهێشتنی ستەمی لەڕادەبەدەر بەرانبەر بە ژنان هەبوو. ئەو ژنی تەنیا وەک جەستەیەکی چێژبەخش بۆ پیاو سەیر نەدەکرد، ئەو ژنی هیچ پێ کەمتر نەبوو لە پیاو. مامۆستا بە دوو شێوە و بۆ دوو مەبەست بەتایبەتی  باسی ژن دەکا.

 هێمن لەپێشدا باسی ڕزگاریی نیشتمانەکەی دەکات و لەو باسەدا ژن و پیاو لە پەنا یەک دادەنێ و پێی‌وایە دەبێ ژن و پیاوی کورد بەیەکەوە شان وەبەر بەرپرسایەتی بدەن و بۆ ڕزگاریی نیشتمانی هەوڵ بدەن:

 "ئەختەر کچە کوردی چاومەست

ئەی پێشمەرگەی میللەت‌پەرەست

ئیلهامدەری شێعر و هەڵبەست

کە دیتمی تفەنگ بەدەست

زانیم گولی هیوا پشکووت

بەیانی ئازادی ئەنگووت "

 

 لە شوێنێکی دیکەدا دووبارە دەڵێ:

 "من تەشی‌ڕێسێکی وەک شیرنی وەفاییم بۆ چییە

کیژی وریای چاوکراوەی فێرە زانینم دەوێ"

 

لەو دوو شێعرەدا بەجوانی دەردەکەوێ کە مامۆستا هێمن یەکەم، گرینگی بە خەباتی ڕزگاریخوازانەی کورد دەدا و دوایەش بەرپرسایەتیی ئەو خەباتە بەتەنیا ناوێتە سەر شانی پیاوی کورد بەڵکوو ژنیش هان دەدا کە شان بە شانی پیاوان بۆ ڕزگاری نەتەوە و نیشتمانی کورد لە چنگ ستەم و داگیرکاری هەوڵ بدات. گرینگی بەشداریکردنی ژنان لە خەباتی ڕزگاری خوازانەدا لای مامۆستا هێمن هێندە بەنرخ بووە کە دیتویەتی ئەختەری کچە کورد چەکی پێشمەرگەی لە شان کردووە، ئەو جار باوەڕی بە ڕزگاری کورد هێناوە، بۆیە دەڵێ "زانیم بەیانی ئازادی ئەنگووت".

 بەڵام هێمن لە هەمان کاتدا هەموو شتێک لەو بوارەدا نابەستێتەوە بە خەباتی ڕزگاریخوازانە و نقورچێکیش لە خەڵکەکەی خۆی دەگرێ بۆ ئەو ستەمەی لە ژنانی دەکات و بەمجۆرە هەم پیاوی کورد وشیار دەکاتەوە و هەم ژن وەئاگا دێنێتەوە کە ئەو دوو جار ستەمی لێ دەکرێ. سەیری ئەو شابەیتە بکەن کە خۆی بەتەنیا دیوانێکە:

 "ئەسیری بسکی ئاڵۆزی کچە کوردێکی نەشمیلم

 تەماشا کەن چ سەیرێکە بە دەستی دیلەوە دیلم"

 

 لێرە دا مامۆستا هێمن بە زانایی و بە تیرێک دوو نیشان دەپێکێ:

"تەماشاکەن چ سەیرێکە بە دەستی دیلەوە دیلم"

ژنی کورد دوو جار ئەسیر و دیلە، یەکەم دیلی بەردەستی داگیرکەرانە و دووهەم دیلی نەریتی کوردەوارییە، و لەهەمان کاتدا مامۆستا بۆخۆشی وەک تاکی کورد دیلی دەستی داگیرکەرانە، بۆیە مامۆستا دەڵی " تەماشا کەن چ سەیرێکە .... بەدەستی دیلەوە دیلم".

 هەر لەو بارەوە و ئەوجار زۆر ئاشکراتر ڕوو دەکاتە بزاڤی ڕزاگاریخوازیی کورد و حیزبەکان و بە گشتی کۆمەڵگەی کوردەواری و فۆرمۆڵەکەیان بۆ چارەسەر دەکا و پێیان دەڵێ کە ئەگەر لە دووی ئازادی وێڵن، ئەوە سەرەتای ئازادی لە ئازادیی ژنەەوە دەست پێ دەکا.واتە ژن  و ژیان و ئازادی لێک گرێ دەدا و دیسان بە شاشێعرێکی بێوێنە بە پیر ئەو بیرۆکەی خۆیەوە دێت و دەڵی:

"با هەزار زێ و گادەر و لاوێنی ڕوونیشمان هەبێ

تاکوو ژن ئازاد نەبێ سەرچاوەکەی ژین لیخنە"

 بەڵێ هێمن بە ڕاستی شاعیری عیشق و ئازادی و یەک لە بەهەستترین شاعیرانی کورد بوو، دڵێکی پاک و بێگەری لە چەشنی دڵی منداڵان و خۆزگە و خۆلیایەکی گەورە لە چەشنی سەربەستیی کوردستان کۆی ڕوح و ڕەوانی ئەو مرۆڤەی داگرتبوو:

"بۆ بە کفری دادەنێن گەر من وەکوو پێشمەرگەیەک

هات گوتم پاراستنی ئیلام و هەرسینم دەوێ*

.

.

.

من بە فرمێسکی ڕنووی کوێستانی کورد پەروەردە بووم

 کوڵمی سوور و چاوی شین و سینگی بەفرینم دەوێ"

***

 

تێبینی: لە کۆنگرەی چواری حیزبدا ئەو بەیتە لە شێعری فرمیشکی ڕنوودا بەو شێوەیە خوێندرایەوە، دوایە نازانم بۆ لە هەندێ لە چاپکراوەکانی دیکەدا نەما.