کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران خەریکە لە چەند لاوە ئیسڕائیل بەرەو ئاگر دەبات

23:38 - 3 بانەمەڕ 2723

و: کەماڵ حەسەن‌پوور

ئیسڕئیل حەیوم – یاکۆب ناگەل

دوای پشوویەکی دوورودرێژ لە وتووێژەکانی ناوکیدا، کە ئێران لەو ماوەیەدا لە توانای ناوکی (بەتایبەتی بە کۆکردنەوەی ماددەی پیتێنراوی پێویست بۆ بۆمبەکە) نزیکتر بۆوە، زانیاریی "دزەپێکراو" لەبارەی خولیای ئەمریکا لەمەڕ پێشنیاری ڕێککەوتنێکی بەشەکی  و گەڕانەوە بۆ سەر مێزی وتووێژ بڵاو بۆوە. ئەگەرچی ڕێککەوتنی پێشنیارکراو بیرۆکەیەکی نوێ نییە، گەلێک گرینگە لە ئێستا ڕا دەنگۆیەکان ڕەت بکرێنەوە و مەترسییەکانی ڕێککەوتنی "کەم بۆ کەم" ڕوون بکرێنەوە.

بیرۆکەی "کەم بۆ کەم"، کە بەکردەوە "زۆر بۆ زۆرە"، لەسەر هێندێک سنووردارکردن و سڕکردنی بەرنامەی ناوکیی ئێرانە، کە تا ڕادەیەکی زۆر بە مانای ڕاگرتنی گەشەکردنی زیاتر لە بەرانبەر سووککردنی ڕێژەیی ئابلۆقەکان دامەزراوە.

گاڵتەجاڕیی پێشنیارەکە ئەمڕۆ زیاتر لە جاران ئاشکرایە. ئامانجی دەستپێکی وڵاتە یەکگرتووەکان لە دوورڕاگرتنی ئێران بۆ مەودای ساڵیک لە تێپەڕین لە خاڵی بێ‌گەڕانەوە (کۆکردنەوەی هێندە ماددەی پتێنراو کە بۆ بۆمبی یەکەم پێویستە)، زۆر دەمێکە "بابردەڵەیە". ڕێککەوتن، تەنانەت یەکێکی بەربەرینیش، تەنیا چەند حەوتوو یان چەند مانگێک کات بۆ دنیا بەدیاری دێنێ کە هاوکات لەگەڵ سووک کردنی بەرچاوی ئابلۆقەکان، ڕێگا بە ڕێژیم دەدا تا لە بواری ئابوورییەوە ببووژێتەوە و درێژە بە پشتیگری و پشتیوانیی دارایی لە تێرۆریزم لە سەرانسەری دنیادا بدات.

گومان لەوەدا نییە کە ئێران لە پشت هێرشەکانی ئەو دواییانە بۆ سەر ئیسڕائیل لە باکوور و باشوور، بە هۆی حەماس و حیزبوڵڵایە. ئێران بە چوار سێناریۆ زەخت دێنێ بۆ بەرەوڕووبوونەوە: لوبنان و سووریە، غەززە، جودێیا و ساماریا و ئورشەلیم. کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بە ستراتیژیی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسڕائیل، هی ٢٠١٨، بهێنرێ و بەتوندی نەتەنیا سزای هێرشبەران بدرێ بەڵکو ئەو وڵاتەی سەرچاوەی هێرشەکانە و ئەو وڵاتەی ناردوونی.

لەو کاتیەوە بیرۆکەکە سەری هەڵدا، تاران ئورانیۆمی تا ئاستی ٪٦٠ پیتاندووە و تەنانەت "کایە"ی بە پیتاندنی ٪٨٤ کردووە (ئەگەرچی گیروگرفتی ڕاستەقینە ڕێژەی زۆری ئورانیۆمی پیتێنراو بۆ ٪٢٠ بووە). ئەو هەروەها کانزای ئۆرانیۆمی بەرهەم هێناوە، پێشی بە پشکێنەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی گرتووە دەستیان بە پێگە گوماناوییەکان ڕا بگا و، چاوەڕوانی زۆرترین ئاستی لابردنی ئابلۆقەکان لەبەرانبەر چەند بەربەستێک لەسەر بەرنامە ناوکییەکەی دەکات، هەموو ئەوانە لە کاتێک‌دایە کە ڕێگا بەرەو بۆمبەکە دەهێڵێتەوە.

 

کەوابوو، بۆچی پێشنیارەکە مەترسیدارە؟

ڕێککەوتنەکە ئامادەکارییەک بەرەو ڕێککەوتنێکی بەرینتر، درێژمەوداتر و باشتر نییە، وەک لایەنگرەکانی (کە هەم ئەمریکایی و هەروەها ئیسڕائیلییەکان بانگەشەی بۆ دەکەن)، چونکە ئەوە دوایین ڕێککەوتن دەبێ. تاران وا دەنوێنێ کە ملکەچی چەند سنووردارکردنێک بووە و لە بەرانبەردا چەندین قازانجی بە نسیب دەبن. ئەوە چەند ساڵ لەوە پێش ڕاست بوو و ئێستا، لە ژێر ڕووناکایی ئاڵوگۆڕەکان لەو کاتیەوە زۆرتریش ڕاستە. ڕێککەوتنەکە ڕەوایی دەبەخشێتە زۆربەی پێشێلکارییەکانی ئێران و ئیزنی پێ دەدا دەستی بەو سامانانە ڕابگات کە بە هۆی پێشێلکردنی بەرجام و پەیماننامەی پەرەپێنەدانی پڕۆژە ئەتومییەکانی (NPT) وەدەستی هێناون. بەرهەمهێنانی سانتریفیوژی پێشکەوتوو بە ڕێژەیەکی ئێجگار زۆر و بەنهێنی هێشتنەوەی پێگەکانی پێتاندن.

چونکە ڕێژەیەکی زۆر کەمتر سانتریفیوژ پێویست دەبن، دەرفەت بۆ تاران دەڕەخسێ "بەدزی" خەریکی بۆمبەکە بێ. ئێرانییەکان درێژە بە دەستڕاگەیشتن بە هاژەکی بالیستیک بە توانایی هەڵگرتنی کڵاوی ناوکی دەدەن، لە کاتێکدا دۆخی ڕاستەقینەی تیمەکانی چەکەکە، کە لە ڕاستیدا تەنیا بڕگەی دەستڕاگەیشتنی ئێران بە توانایی ناوکییە، بەردەوام بەنهێنی دەمێنێتەوە.

بۆ پاراستنی شانسی ڕێککەوتنێک، ئێران وڵاتە یەکگرتوەکان و یەکیەتیی ئورووپای ناچار کرد ڕێنوێنیی سەرۆکی ئاژانسی ناونەتەوەیی وزەی ناوکی بکەن تا خۆ لە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتی توندوتیژ لە بارەی پێشێلکارییەکانی ئێران، یان داوای کۆبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبەری و، تەنانەت گواستنەوەی پرسەکە بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، ببوێرێ.

واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی ئەوتۆ دەبێتە هۆی وەستانی کار لەسەر بەرنامەی ناوکیی ئێران لە وڵاتە یەکگرتووەکان، بەو گریمانە هەڵەیە کە "گەڕاوەتەوە بۆ نێو سندووقەکە"، وەک جەیک ساڵیوان لە ڕابردوودا گوتوویەتی. ئێمە دەبێ لەبیرمان بێ کە ئەو پلانە لە ساڵیوانەوە سەرچاوەی گرتووە، چونکە ئەو ئەندازیاری ڕێککەوتنێکی کاتیی هاوشێوە لە ٢٠١٣ بوو (بەرجام) و ئەو ڕەنگبێ -بێتوو دەنگۆیەکان ڕاست بن- ئەو کەسەیە کە هەوڵەکانی ئێستا بەرەو پێش دەبا. کاتێک ئێرانییەکان ئیمتیازاتی بەرچاویان دەست کەوتن، ڕێککەوتنێکی مەزنتر و بەربڵاوتری دوایی تەنیا وەک تراویلکە دەمێنێتەوە. ڕێبەرانی ئێران زۆر باشتر لە سەرکۆمار بایدن و خەڵکەکەی دەزانن چۆن ئەو پرسە مودیرییەت بکەن.

لێکۆڵینەوە لە ڕوانگەی وڵاتانی کەنداویش سەرنجڕاکێش و گرینگە، بە تایبەتی لەژێر ڕووناکایی لێک‌نزیکبوونەوەی عەڕەبستانی سعوودی و ئێران و کاردانەوەکانی وڵاتانی بەشدار لە پەیمانی ئیبراهیم. هەر ئەو حەوتوویە، کاربەدەستە باڵاکانی ئێرانی و سعوودی بە میوانداریی چین یەکتریان بینی تا پەیوەندییەکانیان نوێ بکەنەوە.

زانیاریی سەرنجڕاکێش و سەرسوڕهێنەر کە لەلایەن کاربەدەستانی ئیسڕائیلییەوە پێشکەش کراوە، ئەو ئەگەرە سەرسوڕهێنەرە بەرز دەکاتەوە لە کاتێکدا کە هەنگاوی سعوودی بەڕاستی بە مەبەستی سەقامگیریی هەرێمیی و ناردنی پەیام بۆ ئەمریکا و ئیسڕائیل بوو، لە هەمان کاتدا دەتوانێ بۆ بەهێزکردنی دەستڕۆیشتوویی ئابووری و مەدەنی سعوودی لەنێو ئێران و لە درێژخایەندا یارمەتیدەری بنکۆڵکردنی دەسەڵات و ڕووخاندنی ڕێژیم بێ. سعودییەکان تێدەگەن کە پەرەپێدانەکانی ئیران درێژەی دەبێ و، لەگەڵ لێنەهاتوویی ئەمریکایی، سعودییەکان بڕیاریان دا بە کەڵک‌وەرگرتن لە دراو و دیپلۆماسی و جێبەجێکردنی بەرژەوەندییەکانی سعودی دژی ڕێژیم، دەسترۆیشتوویی خۆیان لە نێوەوە تاقی بکەنەوە.

لەلایەکی دیکەوە، ترسێکی ڕەوا لە کەنداو بوونی هەیە کە هێرشێکی ئیسڕائیلی بۆ سەر ئێران، بە لەبەرچاوگرتنی نزیکیی جوگرافیایی و پەیمانی ئیبراهیم، کە بە مانای هاوکاریی ئەوان لەگەڵ ئیسڕائیل لێک دەدرێتەوە، بە مانای تێچووی دەستبەجێ بۆ ئەوان دەبێ. بەپێجەوانەی ئەوەی لە سەرەوە ئاماژەیان پێ کرا، هەنگاوەکانی سعودییەکان دەتوانێ لەلایەن ئێران وەک لاوازیی سعودی لێک بدرێتەوە و، ببێتە هۆی باوەڕبەخۆبوونی زێدەڕۆیانە. ئەو هەڵسەنگاندنە، لەگەڵ دەربڕینەکانی ئیسڕائیل، لەمەڕ بژاردەی سەربازی، دەبنە ئالنگاریی بۆ سەر سەقامگیریی ڕێککەوتنەکان و توانایی ئەوان بۆ تەشەنەکردن بۆ وڵاتانی دیکە.

چالاکییەکانی سعودی بەرانبەر بە میسر و سووریەش دەکرێ بە دوو ئاراستەدا لێکدانەوەیان بۆ بکرێ و چاودێریی ورد دەخوازن.

ئێرانییەکان دەزانن، سەرەڕای پێشێلکارییەکانی بەردەوامی ئەو وڵاتە، پێشێلکاریی ناوکی، هێرش بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە کەنداو و خۆرهەڵاتی نێوەڕاست، پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ و کوشتنی ژن و پیاو لە ئێران، لە نێویاندا ئەگەری کەڵک‌وەرگرتن کە چەکی شیمیایی کە لەو دواییانەدا هەواڵەکانی بڵاو بوونەوە، پشتگیریی بەربڵاو لە ڕووسیە لە شەڕ دەگەڵ ئوکراین، گواستنەوەی چەکوچۆڵ بۆ ڕووسیەییەکان و یارمەتیدانیان لە کوشتنی ژن و مناڵی ئوکراینی، واشینگتۆن نایهەوێ وەڵام بداتەوە.

ئەمریکاییەکان نایانهەوێ وەڵامی ئەو هەموو پێشێلکارییانە بدەنەوە و تەنانەت پێشنیاری ڕێککەوتنێکی بەشەکی پێ دەکەن، کەوابوو بۆچی ڕێژیم هەر جۆرە سنووردارکردنی بەرنامە هاژەکییەکەیان قبووڵ بکات، کاتێک ئەوان تەقریبەن هەموو ئەو شتانەی دەیانهەوێ لە ڕێککەوتنێکی بچووکدا دەستەبەر دەکەن، لە کاتێکدا کە سەرکۆماری ئەمریکا جۆ بایدن هەڕەشەی باوەڕپێکراوی سەربازی لەسەر مێز دانەنێ؟ بۆچی وڵاتانی کەنداو بڕوا بە وڵاتە یەکگرتووەکان بکەن؟

بۆیە، واشینگتۆن و ئیسڕائیل بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو، دەبێ هەڵسوکەوت لەگەڵ هەر سێ بەشەکانی بەرنامەی ناوکی ئێران بکەن: ماددەی پیتێنراو (ئەگەرچی خەریکە زۆر درەنگ بێ)، گەشەپێدانی سیستەمی چەکوچۆڵ (ئەوە پێشترییەتی سەرەکی دەبێ) و، ئامرازی بەرێکردنی، لەگەڵ زەختی ئابووری و هەڕەشەی سەربازیی باوەڕپێکراو. واژۆ کردنی ڕێککەوتنێکی لاواز پەیامی ساختە دەگەیەنێتە ئێڕان (و بازاڕەکان) کە خۆراوا ملکەچی هەموو شتێک دەبێ کە ئەوان بیکەن، لە کاتێکدا کە ئیسڕائیل بەتەنیایی فرە لاوازە و هێرش ناکات.

لە ڕێککەوتنێکی خراپدا، ئیسڕائیل ناچار دەبێ زۆرترین تێچوو بدات، بۆیە دەبێ بە یەکگرتوویی دژی کار بکات. ئەو پرسە گرینگە دەبێ لە سەرووی هەر جۆرە ناکۆکیی سیاسییەوە بمێنێتەوە و لە ڕاستیدا هێج پەیوەندییەکی بە کێشمەکێشەکانی نێوخۆیی نییە، کە یارمەتی دوژمنانمان دەدەن وەک لاوازیی لێک بدرێتەوە (بە ڕاست یان بەهەڵە). کاربەدەستان دەبێ زانیارییە نهێنییەکانیان، کە دەبێ بدرێنە ڕێبەرانی ئیسڕائیل، لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە بدەن.

ئیسڕائیل دەبێ درێژە بە باشترکردنی تواناییەکانی (سەربازیی و هی دیکە) بدا، لە نێویاندا لە جەنگی نێوان جەنگەکان و لقەکانی تا بتوانێ لەگەڵ هەڕەشەی ئێرانی هەوڵسوکەوت بکات. ناچارکردنی ئیسڕائیل بە هەڵسەندگاندنی قازانجەکانی ڕێککەوتنێکی سنووردار لە ڕادە بەدەر مەترسیدارە و پەیامی هەڵە دەداتە وڵاتە یەکگرتووەکان و وڵاتانی کەنداو.

وڵاتە یەکگرتووەکان گریمانەی ئەوە دەکات کە ئیسڕائیل ڕێککەوتنێکی ئەوتۆ قبووڵ دەکات و وڵاتانی کەنداو گریمانەی ئەوە دەکەن کە ئیسڕائیلیش وەک وڵاتە یەکگرتووەکان لاوازە.