کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە ئەمە دەڵێن حیکمەتی حیجاب!

23:42 - 3 بانەمەڕ 2723

دارسمە

 هەر چەند لەم ڕۆژانەی دواییدا "مەولەوی عەبدولحەمید" وتارخوێن و پێش‌نوێژی بەلووچان لە خۆرهەڵاتی ئێران لە وتارێکی هەینی ئەم دواییانەدا گوتی "هیچ حاکمێک دەستەڵاتی ڕەهای نییە و دەستەڵاتی ڕەها هی خودایە"، بەڵام ئەو قسەی خۆی دەکات و ئاخوندی شارانی دیکەی ئێرانیش هەرکامیان دەدمێنێتە زوڕنای بەردەمی خۆیەوە.

ئەو ئاخوندانەی وەک نوێنەری ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بۆ خوێندنەوەی وتاری هەینی لە شاران دەست‌نیشان کراون، پێچەوانەی مەولەوی عەبدولحەمید پێیان‌وایە دەستەڵاتداری تەواون و تەنانەت دەستەڵاتیان دەچێتە نێو ژیانی خێزانان و مافی خۆیانە دەست بخەنە دار و دیواری باڵەخانە و ژووری هەموو ماڵێکەوە.

هەر ئاخوندێکی نێو دەستەڵاتی ئێران، تەنانەت ئەگەر سەر بە ئتیلاعات و هێزی ئینتزامی و سوپای پاسدارانیش نەبێت، بۆ خۆی بە ڕوای دەزانێت هەرکاتێک دڵی بخوازێت تەواوی ئەو بزمارانەی تۆی خوێنەر لە دەر و دیواری ژووری خۆتت داون و بەتەمای لە داهاتوویەکی نزیک یان زۆر دووردا کەلوپەلی دڵخوزای خۆت و شتی سەیروسەمەرەیان پێوە هەڵبواسی، ئەو بۆی هەیە بە چاونووقاندنێک هەموویان هەڵکەنێت و فڕێیان بداتە دەرەوە.

ئاخوند زۆر شتی دیکەشی لەدەست دێت. هەرچەند تۆ بتهەوێت لەچک لە سەرت فڕێ بدەی و پرچت پەخشان بکەی و بە سەر شاناندا بەبایدا بدەی، یان سینگت دەرپەڕێنی و بە چەشنێک هەڵبەزودابەزی پێ‌ بکەی و جەنابی ئاخوند ئێشتیای ببزوێت و وابزانێت تۆ یەکێک لە ٧٢ حۆرییەکەی ئەوی و خەریکی لە ئێستاوە هەستی دەبزوێنێ، بەڵام ئەو هەر پێداگرە و ئەگەر خۆت دانەپۆشی، فەرمان دەردەکات بتخەنە نێو پاسێکی کورتی ئەو هێزانەی کچانی قژ بەدەرەوە بە شێوەی ئەستوونی دەبەنە بنکەی پۆلیسی دژی ئەخلاق و بە شێوەی ئاسۆیی و لە زەویی نیزیکەوە دەیاننێرنەوە دەرەوە و هێندێک جاریش بە هۆی ئەوەی نەخۆشیی زۆر کۆنیان لێ دەدەکەوێتەوە، ناچاران بیانگەیننە نەخۆشانەیەک و ئەوانەی دەگەنە نەخۆشانەش ئەوندە پێناچێت بەڕێ دەکرێنە ساردخانە.  

هەر لە سەروبەندی لێدوانەکەی مەولەوی عەبدولحەمید و باسکردن لە دەستەڵاتی سنوورداری مرۆڤ، وتارخوێنی نوێژی هەینیی "ئارانی بیدگۆڵ" لە پارێزگای ئیسفەهان، ڕەخنەی توندی لە بوونی "چێشتگەی کراوە" لەنێو ماڵ و باڵەخانان گرت و گوتی: "چێشتگەی کراوە لەنێو باڵەخانە و ماڵاندا شتێکی گونجاو نییە و ژن نابێت لەکاتی چێشت‌لێناندا بکەوێتە بەرچاوی میوانانەوە."

جەنابی "ئەبولفەزل سلێمانی" وتارخوێنی "ئارانی بیدگۆل" دڵێت: "ژن کاتیك لە ماڵەوە میوانی هەیە، پێویستە بتوانێت بێ‌ئەوەی بکەوێتە بەرچاوی میوانەوە کاری خۆی بکات و لە چاوی خەڵکی دیکە بپارێزرێت."

دەکرێت ئەم لێدوانەی جەنابی ئاخوند بە دوو شیمانەوە لێک‌بدرێتەوە. شیمانەی یەکەم ئەوەیە کابرا خەڵەفابیت و حەمام و چێشتگەی نێو باڵەخانەی ماڵانی لێ تێکچووبێت. لەم شیمانەیەدا هەموومان دەگەڵ جەنابی ئاخوند هاوڕاین و بەباشی نازانین ژنی خانەخوێ بە بەرچاوی میوانانەوە خۆی بشوات. تەنانەت حەزمان لێ‌ نییە و ژن بە قژی خاو و وشک‌نەکراوە لە حەمام دەربچێت. لەم دۆخەدا ئەگەر قژی خاو و بۆنداری ژنی خانەخوێ لە چاوی میوانیشەوە نەدیو بێت، لە وەرزی سەرمادا لە سۆزی سەرما نەدیو نابێت و سەرما لە چاوی حیزیش ئەنگێوەترە.

بەڵام شیمانەی دووهەم لە لێدوانی ئاخوندی گۆرینەوە ئەمە‌یە ڕەنگە جەنابی ئاخوند ڕێک مەبەستی ئەو کابانە بەڕێزە بێت لەنێو چێشتگە دێت و دەچێت و خەریکی کوڵاندن و پوختاندنی خواردەمەنییە. ئەمەیان ڕێک بۆ ڕوانینی چاوحیزانەی ئاخوندەکە دەگەڕێتەوە.

ئاخوند بەردەوام دژایەتیی هەموو دیاردەیەکی تازەداکوتووی نێو ژیانی مرۆڤ دەکەن و ئەمەش شتێکی نوێ نییە و لە کۆنەوە باوە. لە سەردەمی دەستەڵاتی قاجاراندا ئاوی لوولەکێشی بە حەرام و ناشەرعی دەزانرا و ئاوڕشێنی حەمامیشیان بە حەرام دەزانی و دەیانگوت بەم ئاوڕشێنکردنە غوسڵیان دەرناچێت. تەنانات دژی داگیرساندنی گڵۆپی بەرقیش بوون و دەیانگوت ڕووناکیی گڵۆپی بەرق ڕووناکیی شەیتانە و ئەگەر ئەم پۆرگە شووشەیی بێ‌نەوت و سووتەمەنییە ڕووناکی بدات و بە فووپێداکردن نەکووژێتەوە، کاری شەیتان نەبێت کاری کەسێکی دیکە نییە. هەر لەبەر ئەمە بوو دووکانداران و خاوەنی ماڵان هان دەدران ئیزن نەدەن شەیتان به هۆی داگیرسانی ئەم پۆرگە شووشەییانەوە پێ بنێتە ماڵانیانەوە.

سەرەڕای هەموو ئەم گۆڕانکارییانە، ئێستا  بەدووری مەزانن کاتێک بڕۆنە ماڵی  خوتبە‌خوێنی گۆرینی ئارانی بیدگۆل، لە ماڵی خۆی چێشگەی کراوە (ئاشپەزخانه‌ی ئۆپێن)ی هەبێت و بەدووریشی مەزانن ئاخوندەکە خۆی لەکاتی بەسەرکردنەوەی لاپەرەی تەوزیوحولمەسایل و شتی وادا جاروبار سەری بەرز کردبێتەوە و چاوی بە کابانی ماڵی خۆی کەوتبێت و چێژی لەو سامانە وەرگرتبێت خوا پێی داوە و عەقڵی خۆی دەگەڵ خوێندنەوەی تەوزویح‌ولمەسایل لێکدابێت و ئەمجار بە مێشکێکی تێر و تەسەلەوە بەم ئاکامە گەیشتبێت لە ترسی چاوی میوانان لە ژوورەوە دیواری کورتی چێشتگەکەی ماڵی خۆی بەرز بکاتەوە و هەتا بەری میچ هەڵی‌بچێت و لە دەرەوەش کابانی ماڵ لەنێو قوماشێکی ڕەش و تاریک و گنجاوی وەرپێچێت و ڕوخسار و بەرز و نزمیی پاش و پێشی کاڵا خواپێداوەکەی لە چاوی بەدکار بپارێزێت و بە هەموو  نێرەوەزی سەردەمی بسەلمێنیت: "ماڵی خۆت توند بگرە و کەس بە دز مەگرە".

بە ئەمە دەڵێن حیکمەتی حیجاب!