فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند کە ئەرتەشی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە، زنجیرەیەک "هێرشی بەرگری لەخۆ"ی لە باشووری ئێران ئەنجام داوە و تێیدا بنکەکانی هاویشتنی مووشەک و بەلەمە جەنگییەکانی ئێرانی کردووەتە ئامانج.
تیم هاوکینز، وتەبێژی سێنتکام ڕایگەیاند: "هێزەکانی ئەمریکا بۆ پاراستنی گیانی سەربازانی خۆیان لە بەرامبەر هەڕەشەکانی هێزەکانی ئێران، ئەم هێرشانەیان لە باشووری ئێران ئەنجام داوە و ئامانجەکان پێکهاتبوون لە بنکەکانی هاویشتنی مووشەک و ئەو بەلەمانەی ئێران کە هەوڵی چاندنی مینی دەریاییان دەدا."
ناوبراو جەختی کردەوە کە سێنتکام بەردەوام دەبێت لە بەرگریکردن لە هێزەکانی، هاوکات لەگەڵ پابەندبوون بە دانبەخۆداگرتن لە کاتی ئاگربرەستی ئێستادا.
بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی هەواڵدەریی "فاکس نیوز"، هێرشەکان دوای ئەوە هاتن کە دوو بەلەمی هێزەکانی سەر بە سپای پاسداران لە کاتی چاندنی مین لە گەرووی هۆرمۆزدا بینران و هاوکات بنکەیەکی مووشەکیی ئێران هێرشی کردە سەر فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا.
لە بەرامبەردا، ئەرتەشی ئەمریکا هەر دوو بەلەمەکەی سپای پاسدارانی تێکشکاند و هێرشی کردە سەر بنکەی مووشەکەکانی زەوی بۆ هەوای "SAM" لە بەندەرعەباس.
بەرپرسانی ئەمریکی جەختیان کردووەتەوە کە ئەم هێرشانە تەنیا ڕەهەندی بەرگرییان هەبووە و بە واتای کۆتاییهاتنی ئاگربەست لەگەڵ ئێران نییە و لە ئێستاشدا هێرشەکان کۆتاییان هاتووە.