دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕایگەیاند کە پاشەکەوتی ئۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران وەک بەشێک لە ئەگەری ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ تاران، یان دەبێت بۆ لەنێوبردن ڕادەستی ئەمریکا بکرێت یان لە ژێر چاوەدێریی نێودەوڵەتیدا بە تەواوی لەنێو ببرێت.
ترامپ لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ" نووسیویەتی: "ئۆرانیۆمی پیتێنراو یان دەبێت دەستبەجێ ڕادەستی ئەمریکا بکرێت بۆ ئەوەی بگوازرێتەوە و لەنێو ببرێت، یان باشتر وایە بە هاوکاری و هاواهەنگیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە شوێنی خۆی یان لە شوێنێکی قەبووڵکراوی دیکەدا، بە ئامادەبوونی کۆمیسیۆنی وزەی ئەتۆمی یان دامەزراوەیەکی هاوشێوە وەک شاهیدی پرۆسەکە، لەنێو ببرێت."
ململانێ لەسەر پرسی پیتاندنی ئۆرانیۆم و پاشەکەوتەکانی تاران، هەمیشە تەوەری سەرەکیی کێشەکانی نێوان ئەمریکا و ڕێژیمی ئێران لە دانوستانە هەستیارەکانی ئەم دواییەیاندا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن بووە.