کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسی ئەنجومەنی کەمئەندامانی ئێران: ١٦٠هەزار کەمئەندام لە ئێران ماڵ و سەرپەنایان نییە

10:51 - 4 بانەمەڕ 2723

عەلی هێممەت مەحموود نژاد، بەرپرسی ئەنجومەنی کەمئەندامانی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ٣ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، لە تووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ''میزان'' وتی:  زیاتر لە ١٦٠هەزار کەمئەندام لە ئێران خانوویان نییە و بۆ وەرگرتنی خانوو ناونووسییان کردووە.

ناوبراو دەڵێ: تا ئێستا دەوڵەتی ڕەئیسی ٣هەزار خانووی بۆ کەمئەندامان دابین کردووە کە ئەو ڕێژەیە نابێتە لە یەک دا ٥٠ و ئەو ١٦٠ هەزار کەسە و دەبێ دەوڵەت بە تایبەتی کێشەی کەمئەندامان چارەسەر بکات.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی"میزان" دەوڵەت لە سێهەمین کۆبوونەوەی چاوەدێریی لەسەر یاسای پشتیوانی لە مافی کەمئەندامان بە سەرۆکایەتی محەممەد موخبێر، جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران، بەڵێنی داوە کە ئەو بنەماڵانەی کە سەرووی سێ کەمئەندامیان لە ماڵدا هەیە لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا دەبنە خاوەن خانوو.

بەرپرسی ئەنجومەنی داکۆکیی لە مافی کەمئەندامان، ئەو بڕیارەی دەوڵەت ڕەت دەکاتەوە و دەڵێ: ''ڕەنگە لە بنەماڵەیەکدا یەک کەمئەندام هەبێ و پێویستیشی بە سەرپەنا و خانوو هەبێت، ئەو کات دەوڵەت دەڵێ دابینی ناکەم؟''

ناوبراو وتیشی دەبێ دەوڵەت هەواڵ بدات کەسی کەمئەندام بناسێت و ئەگەر ئەو کەسە سەرپەرەستی بنەماڵە بوو دەبێ خانووی بۆ دابین بکات.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە بۆ هێندێک لە بنەماڵەی کەمئەندامان، پەیامێک نێردراوە کە لەو پەیامەدا بەو بنەماڵانە ڕاگەیەندراوە کە دەبێ لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا ٤٠ میلیۆن تمەن بخەنە سەرحیسابی دەوڵەت.

لە کاتێکدا ئامارە نافەرمییەکان باس لە هەژاریی و بێکاری سەرچاوە گرتوو لە هەڵاواردن لە نێوان کەمئەندامان دەکەن، ڕێژیم هیچ جۆرە پشتیوانییەک لە کەمئەندامان ناکات و تەنانەت بودجەی سەربەخۆی کەمئەندامانی لە گەڵاڵە بودجەی ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوی، لابردووە.