کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی کەمیی و گرانبوونی نرخی دەوا و دەرمان لە ئێران هەروا پەرە دەگرێت

10:57 - 4 بانەمەڕ 2723

بەرپرسێکی چارەسەری نەخۆشییەکانی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران، جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە نرخی دەوا و دەرمان یا چارەسەریی هیندێک لە نەخۆشییەکان گەیشتووەتە ٢٥ تا ٣٠ میلیارد تمەن.

ئەمیر عەلیڕەزایی، بەرپرسی ناوەندی چارەسەریی نەخۆشییەکانی وەزارەتی تەندروستیی رێژیم، ڕۆژی یەکشەممە ٣ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، لە وتوویژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ''ئیسنا'' وتی: ''ئەو نەخۆشانەی کە نەخۆشیگەلێکی وەکوو "هێمۆفیلی"یان هەیە نرخی دەوا و دەرمان و چارەسەرەیان دەگاتە ٢٥ تا ٣٠ میلیارد تمەن.''

پێشتر ئەحمەد قەویدڵ، ئەندامی ناوەندی گشتیی نەخۆشیی هێمۆفیلی، کەمیی و گرانبوونی نرخی دەوا و دەرمان لە ئێرانی بە هۆکارێکی مەترسیدار بۆ ئەو کەسانەی کە نەخۆشی "هێمۆفیلییان هەیە ناو بردبوو.

لەلایەکی دیکەوە ماڵپەڕی"خەبەرئانلاین" لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە بۆ چارەسەری بەردەوامی هیندێک لەو نەخۆشانەی کە تووشی شێرپەنجە بوون بە تایبەتی منداڵان، دەوا و دەرمان لە دەرمانخانەکانی ئێران دەست ناکەوێت.

هەروەها ئەو ماڵپەڕە باس لەوە دەکا کە هێندێک دەرمان لە بازاڕی ئازاد دا نرخەکەی لە ٥٠ میلیۆن بۆ ١٠٠ میلیۆن تمەنە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، گرانبوونی لەڕادەبەدەری دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەیکە ئەو دەرمانانە زۆر بەکەمی هاوردە دەکرێن، ئەوش کە دێت بەدەستی دەڵاڵەکان دەگات و بە نرخێکی زۆر دەیفرۆشنەوە.