کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سووریە

11:15 - 4 بانەمەڕ 2723

هێزی ئاسمانیی ئەرتەشی ئیسرائیل، بنکە و مۆڵگەی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی لە نزیک قونیتەرەی سووریە کردە ئامانج.

بەپێی ڕاپۆرتی چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٤ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، هێزی ئاسمانیی ئەرتەشی ئیسرائیل بنکە و مۆڵگەی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی لە تەپەی" قەرسولنەفل" لە نزیک قونیتەرەی سووریەی کردووەتە ئامانجی بوردمانەکانی.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ئەو ناوچەیەی کە لەلایەن ئیسرائیلەوە بوردمان کراوە، بنکە و مۆڵگەی حیزبوڵڵای لوبنانی لێ جێگیر بووە و کراوەتە ئامانجی هێرشی ئیسرائیل.

چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاند کە پایەگایەکی چاوەدێری میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە نزیک گوندی"حەزر" لە ٧٥ کیلۆمیتری دەمیشق کراوەتە ئامانجی ئەو هێرشە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر خەسارەکانی ئەو هێرشە لەبەر دەستدا نییە.

ئیسرائیل بەردەوام ڕایگەیاندووە کە بوونی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و میلیشیاکانی سەر بەو ڕێژیمە لە خاکی سووریە هەڕەشەی جییدیە بۆ سەر ئیسرائیل، بەو هۆیەوە ماوەی چەند ساڵە کە ئیسرائیل بە مەبەستی کورتکردنەوەی دەستی ئێران، بۆ پاراستنی ئەمنییەتی وڵاتەکەی، حیزبوڵڵای لوبنان و گرووپە چەکدارەکانی سەر ئێران لە سووریە دەکاته ئامانج و زیانێکی زۆری ماڵی و گیانییان بە ڕێژیمی ئێران گەیاندووە.