کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گیانلەدەستدانی ١١٦ کەس بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ لە ئێران لە ماوەی سێ ڕۆژدا

11:48 - 4 بانەمەڕ 2723

لە ماوەی سێ ڕۆژدا ١١٦ کەس بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆ لە ئێران گیانیان لەدەست داوە و هەروەها هەزار و ٦٠٠ کەسیش بریندار بوون.

ڕۆژی یەکشەممە ٣ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، حەسەن مۆئمێنی، بەرپرسی پۆلیسی هاتوچۆی ڕێژیمی ئێران لە وتوویژێکدا لەگەڵ هەواڵدەرییە نێوخۆییەکانی ئێران ڕایگەیاند کە لە ماوەی سێ ڕۆژ پێش جێژنی ڕەمەزان، لە جاددەکانی ئێران، ١١٦ کەس بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەست داوە و هەروەها هەزار و ٦٠٠ کەسیش بریندار بوون.

پێویستە بگوترێت کە هۆکاری سەرەکیی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە ئێران جیاواز لە خراپی ڕێگەوبانەکانی ئێران کە بە جاددەی مەرگ ناسراون، دەگەرێتەوە بۆ بێ کەیفییەتی ماشینەکانی ئێران کە لە نێوخۆی ئەو وڵاتە بەرهەم‌ دێن.

هەرلەم پێوەندییەدا ١٦ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، تەیموور حوسێنی، جێگری پۆلیسی ڕێژیم لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی"ئیسنا" ڕایگەیاند کە لەماوەی ١٥ ڕۆژی نەورۆزدا ٨٥ هەزار ڕووداوی هاتوچۆ تۆمار کراوە کە ٨٧١ کەسیش بەهۆی ئەو ڕووداوانەوە گیانیان لەدەست داوە.

ناوبراو هەروەها وتیشی زۆربەی ئەو کەسانەی کە گیانیان لەدەست داوە لەنێو ماشینی" پراید و پێژۆ" بوونە کە بەرهەمی نێوخۆیی ئێرانە.

حوسێنی باسی لەوە کرد کە لەو ڕووداوانەدا ماشینی لە جۆری پێژۆ  ٢٧ لەسەد، پراید ٢٤ لەسەد، زۆرترین ڕیژەیان هەبووە و تەنیا  لە ٥ لەسەدی ماشینەکانی دەرەوەی وڵات تووشی ڕووداوی هاتووچۆ بوون.