کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتییەکان سەبارەت بە تێکدانی کێوی باڵوقایە لە پەرەسەندن دایە

12:32 - 4 بانەمەڕ 2723

بڕیاری دانانی کانگای سیمان لە داوێنی کێوی مێژوویی ''باڵوقایە'' لە سەقز لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، ناڕەزایەتی زۆری بەدواوە بووە و بڕیارە ڕۆژی سێشەممە وەرزشوانانی سەقز و بۆکان بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە بەردەم ئەشکەوتی ''باڵوقایە'' کە لە دڵی ئەو کێوەدا هەڵکەوتووە، کۆ ببنەوە.

لێدانی کانگا لە کێوی بەناوبانگی ''باڵوقایە'' کە لە سەقز لەنێوان گوندەکانی سەرا، ئەحمەدئاوا، ئاخکەند، سەرکەل هەڵکەوتووە و گرینگییەکی تایبەتی لە بواری مێژوویی و ژینگەییەوە هەیە، نیگەرانییەکی زۆری بۆ خەڵک، ژینگەپارێزان، پارێزەرانی ئاسەوارە مێژووییەکان و شاخەوانان دروست کردووە.

ئەشکەوتی مێژوویی باڵوقایە کە لەو کێوەدا هەڵکەوتووە، ژینگەی گیانلەبەرێکی زۆرە و بووەتە شوێنی گەشتیاری و شاخەوانی و هەروەها وەک سامانی نەتەوەیی چاوی لێ دەکرێت، بۆیە تێکدانی ئەو شوێنە نیگەرانییەکی زۆری لێ کەوتووەتەوە.

بەمەبەستی پێشگرتن لە تێکدان و بەتاڵانبردنی ئەشکەوتی باڵوقایە بڕیارە ڕۆژی سێشەممە ٥ی بانەمەڕ، وەرزشوانانی بۆکان و سەقز بە نیشانەی ناڕەزایەتی بچنە بەردەم ئەشکەوتەکە و بێزاری خۆیان لەو کردەوەیە دەرببڕن.

جێگەی ئاماژەیە لەو ماوەیەدا خەڵکی گوندەکانی دەوروبەری کێوی باڵوقایە و چەندین ئەنجومەنی ژینگەپارێزی و شاخەوانی لە سەقز، بەمەبەستی پێشگرتن لە وەگەڕخرانی کانگا لەو کێوە هانایان بۆ ناوەندە پێوەندیدارەکان بردووە و نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە.