کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریتانیا ڕایگەیاندووە وێڕای یەکیەتیی ئورووپا و ئەمریکا، گەمارۆکان بۆ سەر ئێران زیاد دەکەن

17:35 - 4 بانەمەڕ 2723

ڕۆژی دووشەممە ٤ی خاکەلێوە، وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا ڕایگەیاند کە وێڕای یەکیەتیی ئورووپا و ئەمریکا بەهۆی پێشێلکارییە مافە مرۆییەکانی ڕێژیمی ئێران گەمارۆکان بۆ سەر ئەو ڕێژیمە زیاد دەکەن.

بریتانیا لە دوایین سزاکانی خۆیدا چوار فەرماندەی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانی کە لە تەقەکردن لە خۆپیشاندەران دەستیان هەبووە خستە لیستی گەمارۆکانەوە کە بریتین لە ''حەبیب شەهسەواری، فەرماندەی سپا لە پارێزگای ورمێ،ئەحمەد خادم، فەرماندەی بنکەی کەربەلا، موحسین کەریمی، فەرماندەی سپای ڕووحوڵڵا، لە پارێزگای مەرکەزی و محەممەد نەزەر عەزیمی، فەرماندەی مەڵبەندی ناوچەیی نەجەف ئەشرەفی سپای پاسدران.''

دەوڵەتی بریتانیا دەڵێت، لە مانگی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢ەوە زیاتر لە ٧٠ بەرپرس و دامەزراوەی ڕێژیمی ئێرانی بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤەوە خستووەتە لیستی گەمارۆکانەوە، بەمەش ژمارەی ئەو کەس و دامەزراوە سزادراوانەی کە پێوەندییان بە ئێرانەوە هەیە گەیشتووەتە ٣٠٠ کەس.

هەروەها بریتانیا دەڵێت، سپای پاسداران "بە تەواوی" بەشێکە لەم لیستە. نووسینگەی دادستانیی گشتی و پۆلیسی ئەمنیەتی ئەخلاقی دوو دامەزراوەی دیکەی ڕێژیمی ئێرانن کە بریتانیا سزای بەسەردا سەپاندووە.

جەیمز کلورلی، وەزیری دەرەوەی بریتانیا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند: ''ئەو وڵاتە و هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانی ئەمڕۆ بە ڕوونی ئەوە دەخەنەڕوو کە چاوپۆشی لە سەرکوتکردنی دڕندانەی ڕێژیم ناکەن و بۆ لێپرسینەوە لە ڕێژیمی ئێران لە بەرامبەر کردەوەکانی لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی زیاتر بەردەوام دەبن.''

بەپێی ڕاگەیەندراوی دەوڵەتی بریتانیا، ئەم وڵاتە، ئەمریکا و یەکیەتیی ئورووپا ڕێوشوێنی هاوئاهەنگ و بەردەوامیان بەر بۆ لێپرسینەوە لە ڕێژیمی ئێران گرتووەتە بەر و هەموو مانگێک سزای نوێیان سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆیی ڕێژیمی ئێران ڕاگەیاندووە.