کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتنی کرێکاران لە ئێران گەیشتە ٣هەمین ڕۆژ

18:00 - 4 بانەمەڕ 2723

مانگرتنی ناڕەزایەتی کرێکاران لە بەشە جۆراوجۆرەکان، بە تایبەت پیشەسازییەکانی نەوت، گاز و پۆڵا، ڕۆژی دووشەممە لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران درێژەی هەبووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرت و گرتە ڤیدیۆییانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراونەتەوە، ڕۆژی دووشەممە ٤ی بانەمەڕ، مانگرتنی ناڕەزایەتی کرێکارانی یەکە پیشەییەکان بە تایبەت پیشەسازییەکانی نەوت، گاز و پۆڵا، لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران دەرێژەی هەبووە و گەیشتە سێهەمین ڕۆژی خۆی.

ڕۆژی دووشەممە کرێکارانی پۆڵای شادگان، کرێکارانی پۆڵای مادکوش لە بەندەرعەباس، شیرکەتی ئیمن‌سازان لە کەنگان، کرێکارانی مسی سەرچشمە لە ڕەفسەنجان و کرێکارانی پێترۆشیمی گەچساران پێوست بەو مانگرتنە بوون.

هەروەها  کاناڵی سەربەخۆی کرێکارانی نەیشەکری حەوت ‌تەپە بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک پشتیوانی لە مانگرتنەکانی ئێران کرد و داوای لە هەموو کرێکارانی ئێران کرد کە لەم ناڕەزایەتییانەدا بەشداریی بکەن.

کرێکاران داوای زیادکردنی حەقدەستەکان بە ڕێژەی ٧٩ لەسەد، پێدانی حەقدەستەکانیان لە کاتی خۆیدا، بهرەمەندبوون لە مافی ٢٠ ڕۆژ کارکردن و ١٠ ڕۆژ پشوودان، بیمە، خواردن و تەندروستی دەکەن.

بەردەوامی مانگرتنی کرێکاران لەم سێ ڕۆژەدا لانیکەم ١٠ پارێزگای ئێرانی گرتووەتەوە.

چالاکانی کرێکاری سەبارەت بە مانگرتنی سەرتاسەری کرێکاران لە ئێران پێیان وایە ئەم مانگرتنە وەک مانگرتنەکانی پێشوو نییە و بارودۆخی کۆمەڵگە لە لێواری تەقینەوە دایە.