کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی خانەی پەرستاری ئێران سەبارەت بە کۆچی پەرستاران لەو وڵاتە

10:40 - 5 بانەمەڕ 2723

بەرپرسی گشتیی خانەی پەرستاری ئێران بە ڕەخنەگرتن لە دۆخی پەرستارەکان لەو وڵاتە، سەبارەت بە کۆچی پەرستاران بۆ وڵاتانی ئیمارات، کوەیت و عومان و وڵاتانی ئورووپایی، هۆشداریی دا.

محەممەد شەریفی موقەدەم، بەرپرسی گشتیی خانەی پەرستاری ئێران ڕایگەیاند: "کاتێک مەعاشی مانگانەی پەرستارێک لە ئاڵمان ١٨٠٠ یۆرۆیە، بەڵام لە ئێران بۆ ٢٤ کاتژمێر خزمەتگوزاریی گرووپێکی پەرستاری، ١٢٠ هەزار تمەن تەرخان دەکرێت و پەرەستاری ئاوەها سووک و بێ نرخ دەکرێت، ئیتر پەرستارەکان هیچ چارەیەکیان جگە لە کۆچکردن نییە."

پێشتر و لە مانگی خاکەلێوەدا، سەرۆکی ڕێکخراوی نیزامی پەرستاری وتبووی کە ئێران لەگەڵ کەمیی زۆرتر لە ١٠٠ هەزار پەرستار بەرەوڕوویە.

هەروەها ئەندامێکی شۆرای باڵای نیزامی پەرستاریی ئێران ڕێکەوتی ٢٠ی خاکەلێوە وتبووی کە پەرستارەکان کۆچ دەکەن، چونکە مەعاشی پەرستارێک لە سەرەتای کارکردنییەوە کەمتر لە ٨ میلیۆن تمەنە.

شایانی باسە کە بەپێی ئەو ستانداردەی لە جیهاندا هەیە، بە شێوەی نێونجی بۆ هەر هەزار کەس ٥ تا ٦ پەرستار پێویستە و لە کەمترین حاڵەتیشدا لانیکەم ٣ پەرستار پێویستە؛ ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ئێران بەپێی دوایین زانیارییەکان، بۆ هەر هەزار کەس ١.٦ پەرستار هەیە کە ئەو ڕێژەیە لە لانیکەمیش کەمترە.

هەروەها بەپێی ڕاپرسییەکی ئەم دواییانەی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کۆچبەری لە ئێران، ناسەقامگیربوونی ئابووریی ئێران، بێهیوایی لە داهاتوو، هیوای ژیانێکی باشتر لە دەرەوەی وڵات، دۆخی ئازادییە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکان، کوالێتیی ژیانی باشتر لە دەرەوەی وڵات، دابەزینی بەهای دراوی ئێران بەرامبەر بە دراوە نێودەوڵەتییەکان، کەمیی داهات و ئەگەری ژیانی بەختەوەرانە، لە هۆکارە گرینگەکانی کۆچکردن لە ئێران دێنە ئەژمار.