کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی کۆمیتەی سەرانسەریی خوێندکارانی کوردستان

10:47 - 5 بانەمەڕ 2723

کۆمیتەی سەرانسەریی خوێندکارانی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای لە خەڵک کردووە کە کۆبوونەوە و مانگرتنی هاوئاهەنگ و یەکگرتووانە جێگرەوەی کۆبوونەوە و مانگرتنە پرژ و بڵاوەکان، بەڕێوە ببەن.

لەو ڕاگەیەندراوەدا کە ڕۆژی دووشەممە ٤ی بانەمەڕ، بڵاو کراوەتەوە هاتووە کە ڕۆژانە لە ئێران و کوردستان کۆبوونەوە و مانگرتنی چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە لەوانە کرێکاران، مامۆستایان، پزیشکان، خانەشینکراوان و سێنفەکانی دیکە بەهۆی دۆخی خراپی ژیان، پێشێلکردنی مافەکانیان، زوڵم و ستەم لەلایەن دەسەڵاتەوە و نەبوونی عەداڵەت هەروا لە پەرەسەندندایە و زیاتریش دەبێت.

لەو ڕاگەیەندراوەدا باس لەوە کراوە کە لە تەنیشت ئەو مانگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕینانە، ٦ مانگ لە هێرشی کیمیایی دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم تێدەپەڕێت و ئێستاش بەردەوامە و ئاسەواری ڕۆحی و گیانی لەسەر قوتابییان و بنەماڵەکانیانی بەدەواوە بووە و ئەمەش نیشاندەری ئەشکەنجە و جینایەتی ئاشکرایە دژی منداڵان.

لە درێژەی ئەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە، لە ئێستادا زیاتر لە هەر کاتێک یەکگرتنی هەموو چین و توێژەکان و سێنفە جیاوازەکانی کۆمەڵگە بەرامبەر بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی پێویستە، چونکە هێزی کۆمەڵ لە یەکگرتندا خۆی نیشان دەدات.

کۆمیتەی سەرانسەریی خوێندکارانی کوردستان لەو ڕاگەیەندراوەدا داوا لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە کردووە کە کۆبوونەوە و مانگرتنی هاوئاهەنگ و یەکگرتووانە جێگرەوەی کۆبوونەوە و مانگرتنە پرژ و بڵاوەکان، بەڕێوە ببەن و بە شێوەی هاوبەش بانگەوازێک بۆ کۆبوونە و مانگرتنی سەرانسەری دەر بکەن و بە یەکدەنگییەوە ڕووبەڕووی کۆماری ئیسلامی ببنەوە.