کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندان لە زانکۆی تاران بە دوای هەڵسوکەوتی توندیژانە لەگەڵ خوێندکاران

11:35 - 5 بانەمەڕ 2723

هاوکات لەگەڵ دەرکردنی حوکمی هەڵپەساردن و بێبەشکردن لە خوێندن بۆ لانیکەم ٢٠ خوێندکاری زانکۆی عەلامە، ڕۆژی دووشەممە ٤ی بانەمەڕ، توندوتیژیی هێزە ئەمنییەکانی زانکۆی تاران لەگەڵ خوێندکاران لەسەر حیجابی زۆرەملێ، خۆپیشاندانی خوێندکارانی لێ کەوەتەوە.

شۆرای سێنفیی خوێندکارانی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە ڕووداوەکانی ڕۆژی دووشەممەی زانکۆی تاران ڕایگەیاند کە گرژییەکان لە ئاکامی کردەوەی یەکێک لە هێزەکانی حەراسەت کە دەستی بەسەر کارتی خوێندکاریی یەکێک لە خوێندکاراندا گرتبوو، دەستی پێ کرد و ئەو هێزانە دوو کەس لە خویندکارانی ناڕازییان دایە بەر لێدان.

شۆرای سێنفیی خوێندکارانی ئێران باسی لەوە کردووە کە هێزەکانی حەراسەت ئەو دوو خوێندکارەیان بۆ ماوەی یەک کاتژمێر لە ژوورێکدا ڕاگرتووە و هەڕەشەیان لێ کردوون.

هەروەها خوێندکاران لە بەردەم بینای حەراسەتی ئەو زانکۆیە کۆ بوونەوە و ڕایانگەیاند کە لە بەرامبەر ئەو هەڵسوکەوتانە پاشەکشە ناکەن و ڕووبەڕووی ئەو سەرکوتانە دەبنەوە.

جێگەی ئاماژەیە کە ڕۆژی دووشەممە بەرپرسی زنکۆی عەلامەی تەباتەبایی ڕایگەیاند کە بۆ ٢٠ خوێندکار دۆسیەی ئینزباتی پێک هاتووە و ٥ کەس لە خوێندکارانی ئەو زانکۆیە لە خوێندن بێبەش دەبەن.

زیادکردنی "گوشار و هەڕەشە"، "پێکهێنانی دۆسیەی ئینزباتی" و دەرکردنی فەرمانی "هەڵپەساردن" و "دەرکردن لە زانکۆ" بەشێکە لە کارەکانی وەزارەتەکانی زانست و تەندروستی بۆ سەرکوتکردنی خوێندکارە ناڕازییەکان.

بەپێی ڕاپۆرتی "کۆمیتەی بەدواداچوون بۆ دۆخی دەسبەسەرکراوان"، ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای دەستپێکردنی شۆڕشی ''ژن، ژیان، ئازادی''، لانیکەم ٧٢٠ خوێندکاریان بە شێوەی کاتی دەسبەسەر کردووە  و بەسەر ژمارەیەکیش سزای زیندانیی قورس سەپێندراوە.