کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سۆفی مەحموود، پێشمەرگەی سەردەمی کۆماری کوردستان کۆچی دوایی کرد

13:07 - 5 بانەمەڕ 2723

ڕێکەوتی ٤ی بانەمەڕی ۱٤۰۲ی هەتاوی، هاوڕێی بەڕابردوو و پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، "مەحموود ئاقایی" کوڕی سەلیم، ناسراو بە "سۆفی مەحموود"، خەڵکی گوندی گوێ یاغاج لە ناوچەی هەوشار، پاش نەخۆشییەکی درێژخایەن کۆچی دوایی کرد.

سۆفی مەحموود لەدایکبووی ساڵی ۱۳۰۰ی هەتاوی لە ناوچەی هەوشار بوو و  لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا بوو بە پێشمەرگەی کۆمار و تا ڕووخانی کۆمار، پێشمەرگە بووە. 

دواتر و هەر لەگەڵ سەرکەوتنی شوڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ۵۷ی هەتاوی پەیوەستی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات بوو و بێ‌وچان و بێ‌دابڕان تا دوایین ساتەکانی ژیانی بە حیزب و ڕێبازی شەهیدان وەفادار مایەوە و ژیانی خۆی تەرخانی خەبات لە پێناو دەستەبەرکردنی مافەکانی نەتەوەی کورد کرد.

سۆفی محموود ئاقایی لە ماوەی پێشمەرگایەتیدا لە ئۆرگانە جۆراوجۆرەکانی حیزبدا خزمەتی کردووە و لە هێزی ۱۱۰ی بەیان لە ناوچەی بۆکان بووەتە پێشمەرگە و پاشان لە هێزی  شەهیدانی هەوشار خزمەتی کردووە، و دواتر لە مەڵبەندی ۲ی کوردستان کاری پێشمەرگایەتیی کردووە. پاشان لە هیزی سامڕەند وەک پێشمەرگە پارێزگاریی بنکەکانی دەفتەری سیاسیی کردووە. 

ناوبراو بەهوی بەساڵاچووییەوە نەقڵی کومیسیۆنی کۆمەڵایەتی کرا و لە دوایین سازماندەیی حیزبدا لە ناوەندی ۱ی کوردستان هەتا کۆچکردنی، درێژەی بە خزمەتی خۆی دا.

سۆفی محموود لە ماوەی پێشمەرگایەتیدا چەند جارین بەهۆی دڵسۆزی و جێبەجێکردنی سەرکەوتووانەی ئەرکە پێئەسپێردراوەکانی، تەشویق کراوە. 

سۆفی مەحموود، ڕۆژی ٥ی بانەمەڕ، لە گۆڕستانی شەهیدانی ئازادی بە بەشداریی هاوسەنگەرانی بە خاکی پیرۆزی نیشتمان ئەسپێردرا.

ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەبۆنەی کۆچی دوایی سۆفی مەحموود،
پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکار و هەروەها هەموو کادر و پێشمەرگە و خەڵکی دڵسۆزی ناوچەی هەوشار دەکات.