کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دژایەتیی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە پیرانشار لەگەڵ داواکاریی مەرەخەسیی سۆعدا خەدیرزادە

00:00 - 6 بانەمەڕ 2723

سۆعدا خدیرزادە بەندکراوی سیاسیی کورد کە لە بەندی ژنانی زیندانی ڕێژیم لە ورمێ زیندانی کراوە، بەهۆی دژایەتیی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران لە پیرانشار، لە مافی وەرگرتنی مەرەخەسی بێبەش کراوە.

ڕێکخراوی ''کوردپا'' لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ڕایگەیاند، ئەم زیندانییە سیاسییە دوو جار داوای  مەرەخەسیی کردووە و بەرپرسانی زیندان بەهۆی دژایەتیی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە پیرانشار، وڵامی داواکارییەکەیان نەداوەتەوە.

کوردپا باسی لەوەش کردووە کە ئەم ژنە زیندانییە سیاسییە لەگەڵ کۆرپە تەمەن ١٠ مانگەکەی لە بەندی ژنانی زیندانی ڕێژیم لە ورمێ دەمێنێتەوە.

لقی سێی دادگای کەیفەریی ڕێژیم لە شاری مەهاباد، سزای ١٢ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی بەسەر سۆعدا خدیرزادە سەپاندووە و ئەم حوکمەش ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٥ی خەرمانانی ١٤٠١ بە بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییە ڕاگەیەندرابوو.

ناوبراو ڕێکەوتی ٢٢ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا.

سۆعدا خەدیرزادە بە "هاوکاری لە کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران و ئەندامیەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕێژیمی ئێران" تۆمەتبار کرابوو، کە ناوبراو لە داکۆکیکردن لە خۆی، ئەم تۆمەتەی بە تەواوی ڕەت کردووەتەوە.