کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیجابی زۆرەملێ و شۆڕشی ژینا

00:04 - 6 بانەمەڕ 2723

ڕەزا دانشجوو

وتاری ئەم دواییەی عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە حیجابی زۆرەملێ، چەند خاڵێکی گرنگی تێدایە کە دەتوانێت بەشێک لە لایەنە شاراوەکانی ئەو پرسە ڕوون بکاتەوە.

خامنەیی لەم وتارەدا بەڕوونی هێڵێکی سووری بۆ نەیارانی حیجابی ئیجباری کێشا و بە حەرامی شەرعی و سیاسی وەسفی کرد. بەپێچەوانەی هەموو وتارەکانی پێشووی خامنەیی کە بە گشتی لە حاڵەتە هاوشێوەکاندا لانیکەم لە قسەکانیدا دوولایەنە باسی حیجابی دەکرد، بەم شێوەیەی کە لە هەمان کاتدا کە جەختی لەسەر حیجابی زۆرەملێ دەکردەوە، هەمیشە داوای دۆزینەوەی چارەسەری فەرهەنگیی بۆ کێشەی حیجاب دەکرد؛ بەڵام ئەمجارە زۆر بەڕاشکاوی داوای بەربەرەکانیی لەگەڵ ئەم کەسانە کرد کە ڕێز لە حیجابی دەستوری ناگرن. خاڵێکی تری گرنگی قسەکانی خامنەیی بەکارهێنانی دەستەواژەی "حەرامی سیاسی" بوو. وشەیەک کە ڕەنگە بۆ یەکەمجار لەنێو ئەدەبیاتی سیاسیی جیهان باسی لێکرابێت!! وشەیەکی تەواو بێمانا و ناڕوون. لە کاتێکدا خامنەیی لە هەموو وتارەکانی پێشوویدا سەبارەت بە حیجاب، جەختی لەسەر شەریعەت و دین و بەکارهێنانی ڕاسپاردە، فەرموودە و قسەکانی کەسانی ئایینی بوو، بەڵام ئەمجارەیان بەڕوونی هەڵوێستێکی تەواو سیاسیی لەبارەی حیجابەوە گرتەبەر. بۆ لێکۆڵینەوە لەم بابەتە و هۆکارەکانی، سەرەتا ئاوڕێک لە مێژووی حیجاب و داپۆشین لە ئێران دەدەینەوە و لە کۆتاییدا وەڵامی ئەو پرسیارە گرنگە دەدەینەوە کە هۆکاری گرنگیی حیجاب بۆ کۆماری ئیسلامی و عەلی خامنەیی چییە؟

مێژووی حیجاب لە ئێران

حیجاب وەک وشە بە واتای پەردە و بەربەست دێت و لە ڕوانگەی مرۆڤە ئایینییەکانەوە، ڕووپۆشێکی تایبەتە کە بەپێی فێرکارییە ئایینییەکان پێویستە ژنان ڕەچاوی بکەن، هەرچەندە لە باسی حیجابدا شەریعەت تاقمێک سنووری بۆ پیاوانیش دیاری کردووە، بەڵام ئەوەی بەگشتی وەک حیجاب ئاماژەی پێ دەکرێت تایبەت بە ژنانە. دیارە وشەی حیجاب وشەیەکی ئیسلامییە و پەیوەندی بە سەردەمی دوای ئیسلامەوە هەیە و ئەوەی پێشتر هەبووە پۆشاکێکی تایبەت بووە کە لە هەموو قۆناغێکدا بەپێی تایبەتمەندییەکانی کاتی لەنێو خەڵکدا باو بووە. بۆ نموونه له کتێبی "جلوبەرگی دێرینی ئێرانییەکان" له نووسینی "جەلیل زیاپوور" لەبارەی جل وبەرگی ژنانی سەردەمی ماد هاتووه: "ئەو بنەمایەی پێویسته له بەرچاو بگیرێت ئەوەیە کە بەپێی ئەو پەیکەرانەی پێش زایین دۆزراوەتەوە، جلوبەرگی ژنانی ئەو سەردەمە کەمێک لە جلوبەرگی پیاوان جیاواز بووە." نووسەر لە درێژەدا باس لەوە دەکات: "ژن و پیاو بە جیاوازیی نێوان سەرپۆشەکانیان جیا دەکرێنەوە. وا دیارە ژنانیش شتێکیان لەسەر سەریان داناوە و قژی درێژیان لە ژێرەوە دیارە." بە کەڵک‌وەرگرتن لە بەڵگە دۆزراوەکانی سەردەمی ساسانی وەک قاپ و پلێتی زێو، دەتوانێت بگوترێت کە یەکێک لە گرنگترین ڕووپۆشەکان بۆ ژنان شتێکی وەک چارشێو بووە. بەکارهێنانی چارشێو لەم قۆناغەدا وەک قۆناغەکانی پێشوو نەبووه و هەندێک جار ژنان چارشێوەکانیان لە نیوقەد یان لەسەر شانیان بەستووە کە لە مۆتیڤەکانی کەوانەی بۆستان لە کرماشان لەسەر شانی "ئاناهیتا"دا دەبینرێت.

لە سەردەمی دوای ئیسلام لە ئێران، بە هۆی نەبوونی حکوومەتێکی سەربەخۆ و لە ڕاستیدا جۆرێک لەژێر سەرپەرشتی بوونی خەلیفەکانی ئومەوی و عەباسیدا، فەرمان و دەستوری خەلیفە شێواز و جۆری جلوبەرگی دیاری دەکرد. مەشرووتە و بزووتنەوەی ڕوناکبیری لە ئێران شەپۆلی یەکەمی دژایەتی حیجابیان خوڵقاند. لە کاتێکدا لە سەردەمی قاجاردا، جگە لە دیوەخانی پاشا، تەنانەت لە کۆشکی شاشدا، ژنانی و خزمەتگوزارانی شا پێویست بوو حیجابی تەواو بپارێزن، بزووتنەوەی ڕووناکبیری دوای سەردەمی قاجار توانی تا ڕادەیەک دۆخەکە بگۆڕێت. 

دوای هاتنە سەرکاری پەهلەوی و لەژێر سیاسەتە "ئیرانی کۆن "دا، ئەمجارە شێوازی کارلێککردن لەگەڵ حیجابدا بەتەواوی گۆڕا، ئێستا حیجاب قەدەغە کرابوو، گۆڕانکارییەک کە بەهۆی تێڕوانینی کاڵفامانەی پەهلەوی بۆ هەلومەرجی کۆمەڵگە بوو بە کێشەیەکی تەواو گەورە و دوو جەمسەری لەنێو خەڵکی کۆمەڵگەدا دروست کرد. مۆدێرنیتەی دەستووری ڕەزاخانی بە هیچ شێوەیەک ئەو شتە نەبوو کە ڕووناکبیرانی سەربەخۆ بەدوایدا دەگەڕان. ململانێ لەگەڵ حیجاب لە سەردەمی دووەمی پەهلەویدا بەردەوام بوو و پۆشینی حیجاب بوو بە دژە بەها. نەپۆشینی حیجاب نیشانەی ڕووناکبیری بوو و حیجاب نیشانەی دواکەوتوویی. لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی شۆڕشی گەلانی ئێران 57 وهاتنە سەرکاری خومەینی، ئەو کەشوهەوای دوو جەمسەرییەی لە ساڵانی دەسەڵاتی پەهلەویدا دروست ببوو، ئەمجارە لە دیوەکەی ترەوە پەیڕەو کرا. خومەینی بە یارمەتیی ئەم فەزایە بەردەستە زۆر زوو هێرشی کردە سەر حیجابی ئیختیاری و لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی 57 دا ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر بە پێگەی حیجاب لە کۆمەڵگەدا ڕاگەیاند و خوازیاری ڕەچاوکردنی حیجاب لە هەموو شوێن و فەرمانگەکاندا بوو.

هەرچەندە تا ساڵی 62 هەتاوی بە کردەوە هیچ یاسایەک سەبارەت بە حیجابی ئیجباری نەبووە، بەڵام مامەڵەکردن لەگەڵ کەسانی  بێ حیجاب هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستی پێ کردووە. سەرەڕای دەربڕینی دژایەتیی و ناڕەزایەتی لەلایەن بەشێکی زۆر لە گرووپە جیاوازەکانی کۆمەڵگە بەتایبەت ژنان، لە هەموو ساڵانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، هیچ کاتێک ڕێژیم ئامادە نەبووە پاشەکشە لە یاسای ئیجباری حیجاب بکات.

حیجابی زۆرەملێ و شۆڕشی ژینا

یاسای حیجابی زۆرەملێ وەک پێناسەی حکوومەتی، تەنیا تایبەتە بۆ کۆماری ئیسلامی و تاڵیبان و بەدەر لەو دوو دەسەڵاتە ساختەیە، لە هیچ وڵاتێکی دیکەی ئیسلامیدا بوونی نییە. تەنانەت سعوودیە، وەک وڵاتێک کە میوانداریی پیرۆزترین شوێنە ئیسلامییەکان دەکات و ساڵانێکە نازناوی سەرکردەی کۆمەڵگەی ئیسلامی لەگەڵ‌دایە یاسای حیجابی زۆرەملێ هەڵوەشاندەوە. بەڵام کۆماری ئیسلامی هێشتاش بە پاراستنی حیجابی ئیجباری پابەندە. هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە ژنانی ئێران دژایەتیی خۆیان بۆ یاسای حیجابی ئیجباری دەربڕیوە.

هەرچەندە لە ساڵانی سەرەتای کۆماری ئیسلامیدا، وەک گوتمان، بە هۆی ئەو جەمسەرگیرییەی کە پەهلەوییەکان دروستیان کرد، نەیارانی حیجابی ئیجباری بەشێکی کەم لە کۆمەڵگە و زۆرتر چینی ڕۆشنبیری کۆمەڵگە بوون، بەڵام لە درێژەی ساڵاندا، ژنانی ئێرانی توانییان ڕۆڵی خۆیان لە کۆمەڵگەدا پێناسە بکەنەوە و زۆر زیاتر لە ڕابردوو لە بوارەکانی جیاوازدا ئامادە بن و بەئاشکرا بۆ وەرگرتنەوەی مافە دەستبەسەرداگیراوەکانیان خەبات بکەن. ئەم خەبات و تێکۆشانە هەمیشە ڕەوتێکی تەواو پێشکەوتووخوازانە و بەرەو سەرەوەی هەبووه. کوشتنی جەرگبڕی ژینا ئەمینی لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە بیانووی ڕەچاونەکردنی حیجابی ئیجباری، خاڵی وەرچەرخان بوو لە خەباتی ژنانی ئێرانی دژ بە حیجابی زۆرەملێ. 

بوونی دیار و بەرچاوی ژنان لە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" لە هێڵی پێشەوەی خەبات دژی دیکتاتۆریەتی ویلایەتی فەقێهـ و هەوڵەکانیان بۆ گەیشتن بە ئازادییە ڕەواکان یەکێک لە دیمەنە سەرنجڕاکێشەکانی شۆڕشی ژینایە. ژنێک کە ئێستا لە دەرەوەی چوارچێوەی نەریتە پیاوسالارییەکان و بە یارمەتیی تواناکانی، ڕۆڵی خۆی لە گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگەدا پێناسە دەکاتەوە. لابردنی ڕووسەری و لەچەک کە لە کاتی بە خاکسپاردنی ژینا دەستی پێ کرد، هەر زوو بوو بە تەحەدای شۆڕشگێڕانە بۆ ژنانی شۆڕش، ئەو ژنانەی کە لابردن و سووتاندنی لەچەک و ڕووسەرییان زۆر زیاتر لە ناڕەزایەتییەک لە دژی حیجابی ئیجباری دەزانن، لە ڕاستیدا، بەلای ئەوانەوە هێرشکردنە سەر حیجابی زۆرەملێ هێرشکردنە سەر نۆرم، فەرمان و بەهایەک کە ڕێژیمی ویلایەتی فەقیهـ دیاریی کردووە.

ئێستا دەتوانین وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە کە هۆکاری هەڵوێستی توندی عەلی خامنەیی بەرامبەر بە دۆخی حیجاب لە کۆمەڵگەدا چییە، ئەوەی کۆماری ئیسلامی و سەرکردایەتییەکەی لێی دەترسن، بەدڵنیاییەوە بوون یا نەبوونی حیجاب نییە!  ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ساڵانی حوکمڕانی شەرمەزارانەی خۆیدا، نیشانی داوە کە تاکە هێڵی سووری ڕاگرتن و پاراستنی تاج و تەختی وەلایەتی فەقیهە و باقی بابەتەکان هەمیشە جێی باس و پشتگوێ‌خستنن. ئەو ڕژیمەی کە تەسلیمبوون وەک  "نەرمی نواندنی قارەمانانە" لەبەردەم "شەیتانی گەورە"دا باس دەکات و کاتێک نەگاتە کۆتاییەکی باش، جارێکی تر پەنا بۆ لای شەیتان بردن ڕەوا دەزانێت! دەسەڵاتێک کە ڕۆژێک دروشمی وێرانکردن و خاپوورکردنی ماڵی سعوودیە دەدا و ڕۆژی دواتر بە یارمەتیی هاوڕێی کۆمۆنیستی لەگەڵ سعوودی لەسەر یەک سفرە دادەنیشێت، بەدڵنیاییەوە جگە لە پاراستنی دەسەڵاتی خامنەیی هیچی تری بۆ گرنگ نییە.

لە ڕاستیدا کێشەی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ لابردنی حیجاب ئەوەیە کە ژنە تێکۆشەرەکان هەرگیز بە ئازادکردنی حیجاب ڕازی نابن و ئەمەش تەنیا سەرەتای ڕێبازەکەیە و لەنێوبردنی ڕێژیم ئامانجی سەرەکییە. ئەوەی کۆماری ئیسلامی لێی دەترسێت، داڕمان و ڕووخانی یەک لەدوای یەکی ئەو نۆرمە ساختەیانەیە کە ڕێژیم وەک بەها و ئەرزش بۆ خەڵک پێناسەی کردووە و ساڵانێکە لە پشت ئەو بەهایانە خۆی حەشارداوە. خاڵێکی تر کە بۆ کۆماری ئیسلامی گرنگه، ئەو بەشە توندڕەوی مەزهەبییە کۆمەڵگەیە کە تەنیا بە هۆی ئەو نۆرمانەوە بە کۆماری ئیسلامییەوە پەیوەستە. دیارە لادانی کۆماری ئێسلامی لەم بەهایانە دەبێتە دوورکەوتنەوە و نەمانی ئەم بەشە لەگەڵ ڕژیم. هەرچەند ڕێژەی ئەم لایەنگرانەی کۆماری ئیسلامی زۆر نییە، بەڵام بۆ ڕێژیمێک کە کەس لە دەورووبەری خۆی نابێت، مانەوەیان زۆر گرنگە.

شۆڕشی ژینا خەریکە پەردەلادانە، بەڵام نەک لە ڕووخساری ژن، لە ڕووخساری ئەو دەسەڵاتە دڕندە و خوێناوییەی کە ساڵانێکە خەریکی لەنێوبردنی هەموو نۆرمەکانی ئینسانی و ڕاستەقینەکانی ژیان لە پشت تاقمێک بەهاگەلی درۆ و ساختەییە. کچ و کوڕانی نەوەی نوێی شۆڕشی ژینا هەمان منداڵە براش و بوێرەکەی چیرۆکی "هانس کریستیان ئەندەرسۆن"ن کە حیجاب و پەردەکانیان فڕێ داوەتە لایەک و هاوار دەکەن کە: "دیکتاتۆری پیر ڕووتە و هیچی لەبەردا نییە."