کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تارماییەکانی داهاتووی ئێران

00:09 - 6 بانەمەڕ 2723

وریا ڕەحمانی

ڕەنگە ئەو بارودۆخەی ئێستای ئێران بێ وێکچوون لەگەڵ دوایین ساڵەکان یا تەنانەت دوایین مانگەکانی پێش شۆڕشی ١٣٥٧ لە سەردەمی حەمەڕەزاشادا نەبێ. هەر بۆیەش دەکرێ بڵێین ئێرانی ئێستا بە یەکێک لە هەستیارترین سەردەمە پڕ لە هەوراز و نشێوەکانی خۆیدا تێپەڕ دەبێ.

بە سەرنجدان بە چارەنووسی وڵاتان گرینگیی ئەو ساتەوەختە مێژووییانەمان زیاتر بۆ دەردەکەوێ کە چ کاریگەرییەکی قووڵ لەسەر داهاتووی میللەتان بۆ چەند یا تەنانەت چەندین نەوەی داهاتوو دادەنێ.

مێژوو بۆ دووپاتکردنەوە نییە بەڵکوو بۆ لێفێربوونە. ئینجا خەڵکێک کە لە مێژوو دەرس وەرنەگرن، مەحکووم بە دووپاتبوونەوەی بەردەوام و ئەزموونکردنەوەی سەرلەنوێی ئازار و شکستەکانیانن. هەروەک چۆن کاتی خۆی خومەینی و دارودەستەکەی بە کەلکئاوەژوو لە ئێحساسات و بێ‌ئەزموونیی خەڵک سواری شەپۆلی شۆڕش بوون و ڕاپەڕینەکەیان بە قازانجی خۆیان لە خەڵک دزی و دەستیان بەسەردا گرت، پاشایەتیخوازانی ئەمرۆش ڕێک بەمجۆرە دەجوڵێنەوە و بەتەمان خواست و ئیڕادەی ڕاستەقینەی خەڵک بە لاڕێدا بەرن و هەموو شتێک بە ناوی خۆیانەوە تەواو بکەن. ڕەوتی سەڵتەنەتخواز کە شازادە ڕەزا پەهلەوی پێشەنگایەتیی دەکات بەمەبەستی گەیشتن بە مەبەستە پاوانخوازانەکەی هەوڵ دەدات باڵ بەسەر شۆڕشی ژینادا بکێشێ. ئەوە لە حاڵێک‌دایە کە ئامانجی کۆتایی ئەم شۆڕشە ڕێک بەپێچەوانەیە.

سەڵتەنەت خوازان دەیانەوێ لە ڕێی پرۆپاگاندای بەرینی ڕاگەیاندن وەک ئەوەی لە تەلەڤیزیۆنەکانی "ایران اینترناشناڵ"، "من و تۆ" و ... و هەروەها بە کەڵکوەرگرتن لە کۆمەڵێک سلێبریتیی دنیای مەجازی، ئاراستەی حەقیقیی ڕاپەڕینەکە بگۆڕن و بەرەو ئاقارێکی لێڵی نادیاری بەرن. بەو مەبەستەش هەندێ سلێبریتییی وەک عەلی کەریمی و گوڵشیفتە فەراهانی بۆ پێکهێنانی هەندێ سنووربەندیی مەبەستدار ڕادەسپێرن کە بڵێن باسکردن لە سیستمی حکوومەتی داهاتوو خیانەتە! کەچی حەقیقەتی باسەکە ڕێک بەپێچەوانەیە. قەزائەن باس‌نەکردن لە سیستمی داهاتووی وڵات نەتەنیا خیانەت بەڵکوو ئەوپەڕی ناتێگەیشتووییە. چون ئەوە ڕێک هەمان مێتۆدی نیزامی ئاخوندییە کە دوای ڕوخانی ڕێژیمی پاشایەتی تەنیا یەک بژاردەی لەبەر دەمی خەڵک دانا. ئەمانەش ڕێک بە تەمای هەمان شتن کە لە دواڕۆژی ڕووخانی کۆماری ئیسلامیدا بژاردەیەکی لەپێشدا داڕێژراوی دڵخوازی خۆیان لە بەرانبەر خەڵکدا دابنێن و لە فەزایەکی هەستەکیدا دەنگی متمانەی بۆ وەرگرن. بەدڵنیاییەوە دەرەنجامی وەها ڕوویکەردێک دیکتاتۆڕییە. ئەوەش یانی گوزار لە دێکتاتۆڕییەکەوە بەرەو دیکتاتۆڕییەکی دی. کەچی ئامانجی سەرەکیی ئەم شۆڕشە جەماوەرییە وەلانانی دیکتاتۆری لە هەر شکڵ و فۆرمێک‌دایە نەک تەنیا وەلانانی دیکتاتۆرێک. خەڵک ڕاپەڕینیان نەکردووە کە تەنیا شێوەی دیکتاتۆر بگۆڕدرێ بەڵکوو دەیانەوێ بارگە و بنەی دیکتاتۆری بە هەموو جۆرەکانیەوە بۆ هەمیشە تێکەوە بپێچن و کۆتایی پێ بێنن. ئەگینا جیاوازییەکی ئەوتۆ لە نێوان هەر دوو بیرۆکەی دواکەوتووانەی مەزهەبی و پاشایەتیدا نییە. هەردووکیان سەردەمیان بەسەر چووە. لەڕاستیدا کۆمەڵگەی ئێران بە دەرەنجامێک گەیشتووە کە لەدژی هەر چەشنە سیستمێکی دیکتاتۆریدا دەوەستێتەوە و خوازیاری نیزامێکی دێموکراتیک و سێکۆلار بەدوور لە هەر چەشنە ئیدیۆلۆژییەکی مەزهەبی و دیکەیە. هەروەها ئەو سەڵتەنەت‌خوازانەی کە باس لە مێژوو و شارستانییەتی ٢٥٠٠ ساڵە دەکەن هیچی لێ فێر نەبوون بەڵکوو لە گێژاوی ئەو مێژوویەدا گیریان خواردووە و توانای دەرچوونیشیان نییە.

بۆ کەس شاراوە نییە کە بودجەی تەلەڤیزیۆنەکانی لایەنگری سەڵتەنەت لە وڵاتە عەڕەبییەکانی کەنداوەوە دابین دەبێ. ئەو وڵاتانە بە هیچ شێوەیەک خوازیاری هاتنەسەرکاری سیستمێکی سێکۆلار و دێموکرات بۆ ئێران نین. لەبەر ئەوەی مەشرووعییەتی خۆیان لە ناوچەکەدا دەچێتە ژێر پرسیار و ئەگەری ئەوە هەیە کە دێموکراسی لە ئێراندا کاریگەریی بەسەر ئەو کۆمەڵگەیانەشدا هەبێ. هەر بۆیەش ئەوان هەمەجۆرە لایەنگری نیزامێکی دیکتاتۆڕیی وەک خۆیانن. ئەوە لە حاڵێک‌دایە کە ئێران دەتوانێ دەروازەی دێموکراسی بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بێ. کەچی دەزگا تەبلیغاتییەکانی لایەنگری سەڵتەنەت بە بەرئاوەژوو نیشاندانی ڕاستەقینەکانی کۆمەڵگەی ئێران لە هەوڵی ئاراستەبەخشینی بیروڕای گشتی لە ڕاستای گوزار لە کۆماری ئیسلامی بەرەو نیزامی خوازیاری خۆیانن. بەڵام لەڕاستیدا سەڵتەنەت لە ئێراندا لایەنگرێکی ئەوتۆی نییە و ئەوەش لە پرۆسەی جەریانی وەکالەتدان بە ڕەزا پەهلەویدا بەڕوونی دەرکەوت کە سەرەڕای ئەو هەموو پرۆپاگاندا بەرینەی بۆیان کرد، کەچی نەیتوانی لە حدوودی سێسەد هەزار دەنگ زیاتر بۆ خۆی کۆ کاتەوە!

گەرچی هەموو هەوڵی ئەو کاناڵە تەلەڤیزیۆنیانە ئەوەیە کە بڵێن شازادەی پەهلەوی تەنیا ئەڵترناتیڤی مەوجوود و جێی متمانە بۆ تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامییە، کەچی ئەو لە بواری سیاسییەوە تەنانەت ئەوەندە متمانەیەشی بە خۆی نییە کە بۆچوونە سیاسییەکانی لە چوارچيوەیەکی ڕێکخراوی حیزبیدا ڕوون بکاتەوە و لەگەڵ چەلێنجە جیاوازەکاندا بەرەوڕوو بێتەوە. سەرەڕای ئەوەش خۆی بە فەراحیزبی دەزانێ و خولیای سەرۆکایەتییەکی نادەروەستی هەمیشەیی لەسەردایە. لە ڕاستیدا لە وردبوونەوە لە ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکانی ڕەزا پەهلەویدا نیشانەکانی دیکتاتۆڕی و بەدیکتاتۆڕ بوون بەڕوونی دەر دەکەوێ و خۆی دەر دەخات.

پڕ دیارە کە سەردەمی پاشایەتی لە ئێراندا کۆتایی پێ هاتوە و ناشێ خەڵک لەسەرڕاوە سیستمێک هەڵبژێرنەوە کە کە کەمتر لە نیو سەدە پێش کۆتایین بە مێژووەکەی هێنا. هەڵبەت ئەوە بەو مانایە نییە ئاغای پەهلەوی بۆی نەبێ وەک هەڵسووڕێکی سیاسی لە ئێستا و داهاتووی ئێراندا دەوری خۆی هەبێ. بەڵام ئەو بابەتە خۆی دوو مەرجی سەرەکیی هەیە:

١- ئەگەر بەڕێزی دەیەوێ لە داهاتووی سیاسیی ئێراندا دەورێکی هەبێ، پێویستە لە پێگەیەکی هاوشاندا لەگەڵ دیگەران، نەک سەرتر، بەرنامەی سیاسیی خۆی بەدوور لە گشت وێژی، وەک تاکێکی ئێرانی، نەک ڕێبەر، پێشکەش بکا و لە پێگەیەکی بەرابەردا لەگەڵ مابەقیی ئۆپۆزسیۆن هاوکاری بکات.

٢- ئەگەر حەزی لە حیزبایەتی نییە و خوازیارە دەوری ڕێبەریی خەبات و بزووتنەوەکە لەدژی کۆماری ئیسلامی بگێڕێ، پێویستە هەر لە ئێستاوە لە میساقێکی نووسراو و نەتەوەییدا ڕوونی بکاتەوە کە لە داهاتووی سیاسیی وڵاتدا هیچ دەورێکی نابێ و دەستێوەردان ناکات.

هەڵبەت ئاغای پەهلەوی لەبری پێڕەوی سیاسی و وتووێژ و هاوکاری لەگەڵ ئەحزاب و ڕێکخراوەکانی دی، زیاتر حەز دەکات کە کۆمەڵێک سێلێبریتی لە دەوری خۆی کۆ کاتەوە و لە ناوبانگ و خۆشەویستیی ئەوان لە پێناوی مەشرووعییەتدان بە خۆی کەڵک وەرگرێ. کەچی زۆربەی ئەو کەسانە خاوەنی ئەزموون و پێشینەیەکی سیاسیی جێی بڕوا نین.

عەلی کەریمی، گوڵشیفتە فەراهانی و نازەنین بونیادی فوتباڵیست و هونەرمەندانێکی باشن، بەڵام تێگەیشتنێکی ئەوتۆیان لە سیاسەت نییە. هەڵبەت ئەوە بەو مانایە نییە کە فوتباڵیست یا هونەرمەند ناتوانێ ئەکتی سیاسیی هەبێ. بەڵام ناشێ کەلکی خراپ لە کۆپۆنی سلێبریتی بوونەکەیان وەرگرن. بەڵکوو بۆ بەسیاسەتمەدار بوون دەبێ سیاسەت‌وەرزی بکەن. ئەوەش تەنیا بە دروشم و ژێستی ئەرێنی و نەتەوەیی گرتن پێک‌نایە، بەڵکوو پێویستە لە چەلێنجە جۆراوجۆرە سیاسییەکاندا بەشداریی کارایان هەبێ و لە چوارچێوەی حیزبێکی دیاریکراودا لە دەوری پێڕەو و پرۆگڕامێکی ڕوونی سیاسیدا کۆ ببنەوە.

جیاوازیی ئەو کەسانە لەگەڵ ئەو خەڵکەی دی کە لەدژی کۆماری ئیسلامی خەباتیان کردووە، تەنیا لە ئەژماری فالۆوێر و سلێبریتی بوونەکەیان‌دایە. کەواتە بەتەنیا فاکتۆڕی بەرهەڵستکاری لەدژی نیزامی حاکم، وەک خۆی، مەشرووعییەتی سیاسی  بە واتا کردارییەکەی بە هیچ کەس نابەخشێ. بەڵکوو هەر کەس و لایەنێک کە ئیدعای ئەکتی سیاسی و هەڵسووڕان لە بەستێنی سیاسیی ئێراندا دەکات دەبێ یا بەرنامەی سیاسیی خۆی پێشکەش بکات یا ڕێبازە سیاسییەکەی دیاری بکات.

ئەوەی ئاغای پەهلەوی و هاوڕێیانی بۆ داهاتووی ئێران دەیڵێن بوخچەیەکی نەکراوەیە کە بۆ هیچ کەس ئاشکرا نییە. ئەوەش نیشانەیەکی باش نییە.

مەبەست لە خەبات و شۆرش بەتەنیا نەویستنی شتێک نییە بەڵکوو لە هەمان کاتدا دیاریکردنی ئەو شتەشە کە دەخوازرێ. قسەکانی کەریمی و فەراهانی لە کۆنفرانسی «جۆرج تاون» لە خۆشبینانەترین حاڵەتی مومکیندا نیشانەی کاڵبوونی سیاسی و خوێندنەوەی نادروستیان بۆ ئێستا و داهاتووی ئێران بوو. هەڵبەت جەنابی پەهلەوی باش لەوە تێ‌دەگا و دەشزانێ کە لەگەڵ ئەو جۆرە کەسانە نە بەرنامەی سیاسی دادەڕێژرێ و نە وڵاتیش بەڕێوە دەچێ؛ بەڵام ئێستا لە ناو و پێگەی ئەوان و کەسانی دیکەش کەڵک وەردەگرێ و تەبلیغاتیان پێوە دەکات، تا دوایی…