کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردەکان لە باکوور، قوربانیی دێموکراسی

22:40 - 5 بانەمەڕ 2723

ئەلبورز ڕۆیین‌تەن

ساڵی ٢٠١٧ زایینی یاسای بنەڕەتیی نوێی تورکیە لە ڕێگەی حیزبی داد و گەشەپێدان و ڕاسیستەکانی ئەو وڵاتەوە نوسرا و دواتر لە ڕێگەی ڕێفراندۆمەوە پەسند کرا. بەگوێرەی ئەو یاسایە سیستمی سیاسیی تورکیەی لە پاڕلەمانیەوە بەرەو سەرۆکایەتی بە دەسەڵاتێکی یەکجار زۆر بۆ سەرۆک کۆمار گوڕدرا. بێگومان ئامانجی یەکەمی ئەو گۆڕانکارییە دابینکردنی دەسەڵاتێکی زۆر بۆ ڕەجەب تەیب ئەردوغان، سیاسەتمەداری دیاری نزیک سێ دەیەی ڕابردووی گوڕەپانی سیاسەتی تورکیە بوو.

ئەوکات کوردەکان بە دژایەتیی ئەردوغان کەوتنە بەرەی دژبەر، بەبێ ئەوەی چاوەڕوانی هیچ دەستکەوێک لە دژایەتی بکەن. بێگومان دژایەتیی یاسای بنەڕەتیی وڵاتەکە بە هۆی ئەوەی دێموکراتیک نەبوو، کارێکی ئاسایی هەر تاکێک بوو کە داوای دێموکراسیی دەکرد، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە کورد وەک هەمیشە زیاتر لە داواکانی دۆزەکەی گرینگی بە دێموکراسی دەدات، کە ئەوەش هیچ گرفتێک چارەسەر ناکات و دواتر هەر لە ڕێگەی هەر ئەو دێموکراسیە ماف و داوا ڕەوا و دێموکراتیکەکانی کورد پشتگوێ دەخرێت و سەرکوت بە ڕێگەی جیاواز بەردەوام دەبێت.

 نوسەری ئەو دێڕانە لە وتارێک لە سەر یاسای بنەڕەتیی تورکیە لە ساڵی ٢٠١٧ زایینی، لە ژمارەی ٦٨٩ ڕۆژنامەی "کوردستان"دا نووسیبووی: "ئەگەر لە تورکیە یاسایەک بنووســرێتەوە کــە ڕەنگدانــەوەی گرفتەکانــی تورکیە نەبێت، ئەوا ئەمڕۆ، ســبەی یــا دووســبەی ئــەو گرفتانــەی ڕوو دەدن و لــە مێژووی تورکیەدا هەبوون، دووبــارە دەبنەوە. تورکیــەش ناتوانێ بەبێ چارەســەری ئــەو گرفتانــە بــگات بــەو ئامانجەی کە بۆ خۆی داناوە. بەکورتــی بــە قبووڵکردنی ئەو یاسایە یــا ڕەتکردنــەوەی لــەلایــەن خەڵکــەوە، ســەرکەوتن و گەیشــتن بــە مافەکانــی کــورد لــە گــرەوی ڕێکخســتن و یەکخســتنی هێزی کوردە و مەرج نییە لە هێزیکــدا بێــت، دەتوانێ لە چەندین هێزی هەماهەنگیشــدا بێــت. هــەر بۆیەش دەبی کورد بۆ ئەو چەندە تێ‌بکۆشێت."

هەروەک ئێستا دەبینین تورکیە لە هەموو بوارەکاندا بە دۆخێکی زۆر خراپتر لە ٢٠١٧ دەڕوات، هەروەها ئەمڕۆ دوای پێنج ساڵ کوردەکان دیسان بە هەمان گڕوتینی دژایەتیی دیکتاتوری و خزمەتکردن بە دێموکراسی کەوتوونەتە بەرەی دژایەتیی ئەردوغان و پشتیوانی لە ڕکەبەری ئەردوغان کە لە بەرنامەیدا هەیە جارێکی دیکە بگەڕێتەوە بۆ سیستمی پەڕلەمانی دەکەن. دیسان بەدەر لە داواکانی دۆزی ڕەوای کورد، بە بەربژێرکردنی ژمارەیەکی بەرچاوی تورک هەروەها بە پێکهێنانی بەرە لە گەڵ چەپەکانی تورک هەمان هەڵەکانی ڕابردوو دووپات دەکەنەوە.

بێگومان دژایەتیکردنی بەرەی ئەردوغان کە لە ئیسلامی سیاسی و ڕاسیستە تورکەکان پێک هاتووە دەتوانێ بۆ دێموکراسی باش بێت، بەڵام ئەو دێموکراسییە تا چەند خزمەت بە کورد دەکات جێگای پرسیارە، بە تایبەتی لە سیستمی سەرۆکایەتیی ئێستادا سەرۆککۆمار پێویستی بە دەنگی ٥١ لە سەدی دەنگدەران هەیە. بە حوکمی ئەوەی بەربژێرەکان بە تەنیا ناتوانن دەنگی سەدا ٥٠ ی دەنگدەران بەئاسانی دەستەبەر بکەن سەدای ١٠ی دەنگی کوردەکانی سەر بە حیزبی هەدەپە کە ئێستا لە ژێر چەتری حیزبی نوێی پارتی سەوزی چەپدا بەشداری لە هەڵبژاردەکان دەکات زۆر چارەنووسسازە.

ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کوردەکان ئەو هێزە گرینگ و یەکلاکەرەوەی خۆیان بەبێ هیچ داوایەک تەنیا لە پێناو دێموکراسیدا بە کار دەهێنێن کە ئەوەش دوبارە کردنەوەی سیاسەتی هەڵەی ڕابردوویە، چونکە بەرەی دژبەری ئەردوغان ئەگەر سەر بکەوێت ئیتر پێویستیی بە کورد نامێنی؛ چونکە لە سیستمی پاڕلمانی زۆر بەئاسانی دەتوانێ بەبێ کورد هەم حکوومەت پێک بهێنی و هەم سیاسەتی ڕابردووی دژایەتیی کورد بەردەوام بکات. نابێ لەبیر بکەین ئەگەر ئەردوغان کە سیاسەتی کرانەوەی کوردی دوای سەد ساڵ لە تورکیە دەست پێ کرد ئەمڕۆ بەو شێوەیە دژایەتیی کوردەکان بکات بەرەی دژبەری ئەردوغان کە لە پارتی جەهەپە کە دامەزرێنەرەکەی مستەفا کەماڵ ئاتا تورکە لە داهاتوو چۆن دژایەتیی کورد دەکات ئەوە کەم و زۆر دیارە.

بە کوردی و پوختی ئەو دێموکراسییەی کە لە تورکیە بە هەموو کەموڕییەکەوە هەیەتی بۆ تورک دەوڵەمەندییەکی زۆرە و ئەگەر ئەو دێموکراسییە زیاتر گەشە بکات، دەبێتە هۆی پێشکەوتنی زیاتری تورکیە، بەڵام هەر ئەو دێموکراسیە کە هەر لە ڕۆژی یەکەمی دامەزراندنیەوە واتە سەد ساڵ بەر لە ئێستا بە قوربانیدانی کوردەوە دروست بووە، دیسان بە قوربانیکردنی کورد بەرە پێش دەڕوات، بەڵام بۆ کورد دەستکەوتێکی ئەوتۆی نییە.

جیگای سەرسوڕمان نییە هیچ بەرنامەیەک لەلایەن حیزبە جیاوازەکانی تورک بۆ چارەسەری پرسی کورد جیا لە هەندێ گوتاری پۆپۆلیستی نەبێ، نییە. بەڵام جێگای داخە کە هێزە سیاسییە کوردەکانیش جیا لە دێموکراتکردنی تورکیە و خزمەت بە چەپی ڕادیکاڵی تورک داواکانی کوردیان لەبیر چۆتەوەوە.

 زیاتر لە بەداخبوون هەوێنی داڕووخانێکی دیکەیە کە کورد بە گشتی و لە هەموو پارچەکانی دیکەش لە چیرۆکی بەدێموکراتکردنی ئەو وڵاتانەی کە کوردیان بە سەر دابەش بووە وانە وەرنەگرێت و داوا ڕەواکانی خۆی وە پێش دێموکراسی ئەو وڵاتانە نەخات، چونکە دەبینین تەنیا بە دێموکراسی مافی کورد دابین نابێ، بەڵام بە دابینبوونی مافی کورد ئەوا بە دڵنیاییەوە دێموکراسی هاتووە و سەقامگیر بووە.