کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەواشەکاریی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە شەڕی ئۆکراین

10:29 - 6 بانەمەڕ 2723

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرەڕای چەواشەی هاوکارییە سەربازییەکان و پێدانی دڕۆنی خۆتەقێن بە ڕووسیە لە شەڕی ئۆکرایندا، ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی هەڵوێستی ڕوونە و لەو شەڕەدا پشتیوانی لە هیچ لایەنێکی شەڕەکە ناکات. 

ڕۆژی سێشەممە ٥ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ مارتین گرینفیتس، ڕاوێژکاری هاوکارییە مرۆییەکان و یارمەتییە خێراکانی سکرتێری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرەڕای چەواشەکردن لە هاوکارییە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ڕووسیە لە شەڕی ئۆکرایندا، باسی لەوە کرد: هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی بەنیسبەت ئەم شەڕە ئەوەیە کە هاوکاریی سەربازیی هیچ لایەنێکی شەڕەکە ناکەین و هەوڵمان یارمەتیی مرۆڤدۆستانەیە. 

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەدا باسی لەوە کرد کە کۆماری ئیسلامی هاوکاریی مرۆیی بۆ وڵاتانی سووریە، یەمەن، ئەفغانستان و تەنانەت ئۆکراین دەنێرێت و لایەنگری ئارامی و دژی شەڕە. 

چەواشەکارییەکانی وەزیری دەرەوەی ڕێژیم لە کاتێکدایە کە بۆ هەموو کەس و لایەنێک ئاشکرا و ڕوونە کە لە ماوەی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی لەلایەن دەوڵەتی ئۆکراینەوە بەوە تاوانبار کرا کە دڕۆنی شەڕکەر و خۆتەقێنی بە ڕووسیە داوە و بە دژی ئۆکراین لە شەڕەکەدا بەکار هاتوون و بەڵگەی پێویست لەمبارەیەوە خرایە ڕوو. 

هەروەها لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا و هەنووکەش، کۆماری ئیسلامی ماکەی سەرەکیی تێرۆریزمی نێودەوڵەتی بووە لە جیهاندا و لە شەڕ و ماڵوێرانیی وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەت سووریە و یەمەندا ڕۆڵی سەرەکیی گێڕاوە. 

ڕێژیمی ئێران بە دروستکردنی هێزی چەکدار و میلیشیا و تاقم و گرووپ لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەیان شەڕی بۆ مەبەستی تایبەتیی خۆی دەست پێ کرد و شەڕ لە سووریە و یەمەندا ئێستاکەش هەر بە پشتیوانیی کۆماری ئیسلامی بەردەوامە و بەوپەڕی بێ شەرمییەوە باس لەوە دەکەن کە هاوکاریی مرۆیی بۆ خەڵکی ئەو وڵاتانە دەنێرن و لایەنگری هیچ لایەنێکی شەڕ نین.