کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکانی کوردستان و ئێران

10:37 - 6 بانەمەڕ 2723

لە درێژەی هێرشە کیمیاییە سیستماتیکەکان بۆ سەر قوتابخانەکان، لانیکەم ٥ ناوەندی خوێندن لە شارەکانی سنە، کرماشان و تاران کرانە ئامانج کە بەهۆیەوە ژمارەیەک قوتابی ژەهراوی بوون و بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواسترانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٥ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی لە ئەنجامی هێرشی کیمیایی سیستماتیک بۆ سەر قوتابخانەکانی نیایش و مەستوورەی ئەردەڵان لە شاری سنە، ژمارەیەک قوتابی ژەهراوی کران.

بە وتەی شایەتحاڵان، لە قوتابخانەی مەستوورەی ئەردەڵان، لە سەرەتای دەستپێکردنی وانەکان، بەڕێوەبەرانی قوتابخانە مۆبایلیان لە هەموو قوتابییان وەرگرتووە.

هەروەها بەڕێوەبەرانی قوتابخانە، هەتا کاتی تەواوبوونی دەوامی ئاسایی قوتابخانە ئیزنیان بە هاتنە دەرەوەی قوتابییان نەداوە و ڕێگرییان لە چوونە دەرەوەیان کردووە.

هەر لەم ڕاستایەدا هێرشی کیمیایی کراوەتەوە سەر قوتابخانەی کوڕانەی محەممەدیان هەڵکەوتوو لە گۆڕەپانی نەوتی کرماشان و هەروەها قوتابخانەی کچانەی قدوسی ئەم شارە و کۆمەڵێک قوتابی ژەهراوی بوون و ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکان کران.

لە درێژەی ئەم هێرشانەدا، هونەرستانی کچانەی ئاوین لە تاران کرایە ئامانجی هێرشی کیمیایی و هەندێک قوتابی ژەهراوی بوون.

جێگەی ئاماژەیە کە ڕۆژی دووشەممە ٤ی بانەمەڕ، هێرشی کیمیایی کراوەتە سەر ١٠ قوتابخانە لە شارەکانی سنە، هەمەدان، کەرەج و تاران کە بەهۆیەوە دەیان قوتابی ژەهراوی بوون و بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراونەتەوە.