کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەلاماردانی کوردستان نیشانەیەکی تری نیزیکبوونەوەی ڕووخانە

11:51 - 6 بانەمەڕ 2723

شەماڵ تەرغیبی

لە ڕۆژانی ڕابردوودا شەپۆلێکی دیکە لە پەلاماردانی ناوەندە ئەمنیەتی و سەرکوتکارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر خەڵکی کوردستان دەستی پێکرد؛  مامۆستا سابیر خودامورادی بۆ جارێکی تر بانگهیشتی دادگا کرا، لە بۆکان لاوێکی کورد حوکمی دوو ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا، د.سەلاح ئەحمەدی بۆ گرتنگەیەکی ڕێژیم لە ورمێ ڕاگوێزرا، لە بانە، لە شنۆ و بەکورتی لە زۆربەی شارەکانی کوردستان کۆماری ئیسلامی بووە هۆکاری دڵەخورپە و شینگێڕانی زۆرێک لە بنەمالە و ماڵباتە کوردەکان.

ئەم کردەوە هیستریاییانەی ڕێژیم کە مژارێکی نوێ نییە و بە بەردەوامی لە ماوەی تەمەنی خۆیدا دژ بە خەڵکی کوردستان ئەنجامی داوە هاوکاتە لەگەڵ دوو مژاری گرینگی نێوخۆیی و مژارێکی دەرەکی کە بوونەتە مانشێتی زۆرێک لە میدیا  و ڕۆژنامەکان؛ مژارە نێوخۆییەکان بریتین لە گرانبوونی پەیتاپەیتا و سەرسوووڕهێنەری کەلوپەل و پێداویستییەکانی ژیان و هەروەها بەردەوامیی مانگرتن و ناڕەزایەتیدەربڕینەکان لەنێو چینە جۆربەجۆرەکانی کۆمەڵگا لە چوارچێوەی شۆڕشی ژینا و مژارە دەرەکییەکەش بریتییە لە بێئاکام‌مانەوەی دانیشتنەکان بۆ زیندووکردنەوەی بەرجام و بەپێچەوانەوە زیاتربوونی ئاست و ڕێژەی دژایەتییە نێونەتەوەییەکان بەرامبەر بە تاران کە پێکەوە کۆماری ئیسلامییان لە ئاستی هەرەبەرزدا تۆقاندووە.

پرسیاری سەرەکی لێرەدا کە وڵامەکەی لەڕاستیدا مژاری بەرنامەی ئەمجارەشە ئەوەیە کە چ پێوەندییەک هەیە لە نێوان ئەو ڕووداوانەی کە لە ئێراندا تێدەپەڕن لەگەڵ هەوڵە تێرۆریستییەکانی سپا کە باسکی جێبەجێکاری سیاسەتە تۆقێنەرەکانی ڕێژیمە؟

ئەوەیکە ڕوونە سەرەکیترین ئامرازی دەستی کۆماری ئیسلامی بۆ بەردەوامیی ژیانی خۆی ئامرازی سەرکوت و داپڵۆسینە و لانیکەم لە ١٠ بۆ ١٥ ساڵی ڕابردوودا و بەتایبەتی لە ماوەی شۆڕشی ژینادا ئەم هەقێقەتە بۆ هەمووان و بەتایبەت بۆ خەڵکانی نیشتەجێ لەو جوغرافیایە کە بە ئێران دەناسرێ ڕوون و ئاشکرا بووەتەوە؛ واتە لە کرداردا دەردەکەوێ کە کۆماری ئیسلامی لە ئێستەدا خاوەنی هیچ چەشنە ڕەواییەکی کۆمەڵایەتی یان سیاسی نییە و لەدەس دەرچوون و لێکترازانی ئەو نەزمەی کە بەسەر کۆمەڵگادا سەپاندبووی زیاتر ئەم کەتوارەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە بۆ خەڵک گرینگ نییە ڕێژیم چی دەوێ؟ بەڵکوو ئەوەی بەلایانەوە لە سەرەتیدایە هەوڵدانە بۆ مان و ژیانکردن.

کاتێک کە ئەمە بووە سەرەتیی ژیان، ئیتر خەڵك لە داپڵۆسین و هەڕەشە و چاوسوورکردنەوەی سپا یان هێزی ئینتزامی یان هەر ئۆرگانێکی سەرکوتکەری دیکەی ڕێژیم ناسڵەمێتەوە و لەو شوێنەدا کە حکوومەت پێی وایە "اقتدار"ی هەیە لە ڕەوایی دەخات؛ دەڕژێتە سەر شەقام، دروشم دەدا، مان دەگرێ، بەگژ داگیرکەردا دەچێت و دەشکوژرێ! بەڵام دیسانەوە دێتەوە و ڕادیکاڵتر دروشم دەدات.

لەم ماوەیەشدا کە دۆخی ژیان ئەستەمتر لە هەر کاتێک بووەتەوە و چینی مامناوەند و لەو نێوانەشدا توێژی مامۆستایان، قوتابییان و بازاڕیان کە لەسەر شەقام بوون و هەن، سەلماندیان کە جگە لە تاقمێکی سەر بە دەسەڵات کە مشەخۆری دەکەن بۆ مانەوەی خۆیان، کەسێکی تر لەو چوارچێوە جوغرافیاییەدا نییە تاکوو پشتگیری حکوومەتی خۆسەپینی تاران بکات، دەرکەوت کە کۆماری ئیسلامی ڕێڕەوی فەوتان و نەمانی خۆی دەپێوێ. ئەم ڕاستییە چەندە بۆ ئێمە ڕوون و ئاشکرایە بەهەمان ڕێژە و بگرە زیاتریش بۆ چەکدار و تاقمە نیزیکەکانی دەسەڵاتیش ئاشکرایە. لێرەدایە کە ترس تەوقی سەری دیکتاتۆر دەتەزێنێ و دەیخاتە کەشێکەوە کە وڵام بۆ ئەم پرسیارە بدۆزێتەوە: ئێستە کە نە خەڵکم لەگەڵە و نە مشەخۆرەکانم باوەڕیان پێم ماوە، دەبێ چی بکەم؟

لە وەها دۆخێکدایە کە ترس بەسەر لۆژیک و مەنتقدا زاڵ دەبێت و بڕیاری هیستریایی پەلاماردان دەدات جا چ بۆ سەر ناڕازییان بێت لە سەر شەقام، وەک ئەوەی لە مانگەکانی ڕابردوودا دیتمان، چ پەلاماردان بێت بۆ سەر دژبەران کە ئەو وەک دژمن دەیناسێ، چ بەزاندنی سنوورەکانی ئەخلاق بێت وەک ئەوەیکە لە هێرش بۆ سەر قوتابییان و قوتابخانەکاندا دەیبینین .

کەواتە دەتوانین ئاوها کورتی بکەینەوە کە ڕێژیم لە ئێستەدا کە ناتوانێ گرانی هەوسارپچڕاو کۆنترۆڵ بکات، ناتوانێ خەڵک ئۆمیدەوار بکات بە داهاتوو، ناتوانێ قەیران و مەزنەقەیرانە جۆربەجۆرەکان چارەسەر بکات، ناتوانێ گەرەنتی ئەوە بدات بە دەستەوە کە لە دەسەڵاتدا دەمێنێتەوە تا ئەرخەیانی ببەخشێتە تاقمە نزیکەکانی خۆی و دەشبینێ کە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ خەڵک سوورتر دەبن لەسەر خواست و داواکانیان، بۆ مەسرەفی ناوخۆیی هێزەکانی، دەس دەبات بۆ پەلاماردان تا دواتر بتوانێ بە فریوخواردووانی بڵێ: ئەوەتا من هەر ماوم! غافڵ لەوەیکە ئەو مانە خەیاڵییە و ئەمڕۆ بێ یان سبەی خۆی لە زبڵدانی مێژوودا دەبینێتەوە؛ جا ئەمە بەستراوەتەوە بە ئیرادەی ئازادیخوازان بۆ بەردەوامی لە خەبات و  ئامادەبوون بۆ دانی نرخ! ئەگەرچی ئەم نرخە گران و قورسە بەڵام دەبێ وەک هەقێقەتێکیش بیبینین کە تەنیا ڕێگەی دەربازبوون لە قەیرانی کۆماری ئیسلامییە.