کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی دایکی شەهیدێکی کوردستان لە ناوچەی نەغەدە

18:13 - 6 بانەمەڕ 2723

دایە عایشە عەبدوولی، دایکی شەهید حەبیبوڵڵا زوڵفەقاری، بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

ڕۆژی سێشەممە ٥ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، دایە عایشە عەبدوولی، خەڵکی گوندی حەڵبێ سەر بە شاری نەغەدە و دایکی شەهید حەبیبوڵڵا زوڵفەقاری و پووری شەهید فەتاح عەبدوولی، لە تەمەنی ٩٠ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

 دایە عایشە ژنێکی زۆر بە ورە و باوەڕمەند بە ڕێبازی دێموکرات، خۆشەویست لەناو لایەنگرانی حیزب، دڵسۆز و نیشتمانپەروەر بوو و جگەرگۆشەیەکی بە ناوی شەهید "حەبیبوڵڵا زوڵفەقاری" پێشکەش بە بارەگای ئازادیی کوردستان کرد.

دایە عایشە لە شەڕی حەڵبێ و کۆیکان سەنگەر بە سەنگەر نانی بۆ پێشمەرگان بردبوو و ماڵەکەی بەردەوام بنکەی پێشمەرگە بووە و هاوکاریی بریندارانی کردووە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆی بۆ کۆچی دوایی دایە "عایشێ عەبدوولی" سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و سەرجەم خەڵکی کوردپەروەری نەغەدە دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.