کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئۆکراین ڕاستەوخۆ گەمارۆی خستە سەر ڕێژیمی ئێران

11:04 - 7 بانەمەڕ 2723

لە درێژەی هاوکارییەکانی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ ڕووسیە لە شەڕ دژی ئۆکراین، کیێف بڕیاری داوە ڕاستەخۆ گەمارۆ بخاتە سەر ڕێژیمی ئێران.

ڕۆژی چوارشەممە ٦ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی دەنگی نوێی ئۆکراین، وەزیری ئابووریی ئۆکراین ڕایگەیاند: ئێمە گەمارۆگەلێکی نوێ بەسەر ڕێژیمی ئێراندا دەسەپێنین.

وەزیری ئابووریی ئۆکراین هۆکاری سەپاندنی ئەو گەمارۆوە نوێیەی وڵاتەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە گەمارۆکانی پێشتر لەلایەن ئۆکراین و وڵاتانی هاوپەیمانەوە بۆ سەر ئەو کەس و کۆمپانیاگەلەی کە ڕاستەوخۆ لە دابینکردنی چەکوچۆڵ بۆ ڕووسیە دەستیان هەبووە زۆر کاریگەر نەبووە و بۆیە ئۆکراین ڕاستەوخۆ گەمارۆ دەخاتە سەر ڕێژیمی ئێران.

بەپێی ئەو گەمارۆیە، گواستنەوەی داراییەکانی ئێرانییانی نیشتەجێی وڵاتی ئۆکراین بۆ دەرەوەی ئۆکراین قەدەغەیە و هاووڵاتییانی ئێرانیی نیشتەجێ لە ئۆکراین ناتوانن داراییەکانیان بۆ ئێران بگوازنەوە.

ئەو گەمارۆوە پێشنیارکراوانە پاش پەسەندکردنی لەلایەن شۆرای ئاسایشی نەتەوەیی ئۆکراین و هەروەها پەسەندکردنی سەرۆککۆماری ئۆکرای،ن دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی "واڵ ستریت ژۆرناڵ"، ڕێژیمی ئێران لە ٦ مانگی ڕابردوودا سێسەد هەزار گولـلە تۆپ و یەک میلیۆن فیشەکی چەکی سووکی ڕەوانەی ڕووسیە کردووە.

هەروەها ڕێژیمی ئێران بەوە تاوانبارە کە بە مەبەستی شەڕ لەگەڵ ئۆکراین، دڕۆن ڕەوانەی ڕووسیە دەکات.