کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیوانی باڵای ڕێژیم، حوکمی لەسێدارەدانی "جەمشید شارمەهد"ی پەسەند کرد

11:05 - 7 بانەمەڕ 2723

مەسعوود ستایش، وتەبێژی دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ٦ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، هەواڵی پەسەندکرانی حوکمی لەسێدارەدانی "جەمشید شارمەهد" لەلایەن دیوانی باڵای ڕێژیمەوەی پشتڕاست کردەوە.

جەمشید شارمەهد، چەند ساڵ پێش لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە لە وڵاتی ئیمارات ڕفێندرا و لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە تاران، تۆمەتی "موفسیدی سەر زەویـ"ـی خرایە پاڵ و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

جێگەی ئاماژەیە کە ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لە نامەیەکدا بۆ بەرپرسی دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێران، داوای کردبوو کە بە خێراترین کات سزای سێدارەی جەمشید شارمەهد هەڵبووەشێننەوە.

لێبووردنی نێونەتەوەیی لە نامەکەیدا بۆ غوڵام‌حوسێن موحسێنی ئێژەیی، سەرەڕای دەربڕینی نیگەرانی لە سزای لەسێدارەدانی جەمشید شارمەهد، نووسیبووی: ئەو هاووڵاتییە ئێرانی- ئەمریکاییە لە دادگایەکی نادادپەروەرانەدا تۆمەتی موفسیدی سەر زەویی خراوەتە پاڵ و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە

جەمشید شارمەهد هاووڵاتیی ئێرانی- ئەمریکایی ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی لەلایەن ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە وڵاتی ئیمارات ڕفێندرا.