کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە درێژەی هێرشە کیمیاییەکان بۆ سەر قوتابخانەکان، هێرش کرایە سەر حەوت قوتابخانەی تر

11:08 - 7 بانەمەڕ 2723

لە نوێترین هێرشی کیمیایی بەرنامەداڕێژراو بۆ سەر قوتابخانەکان لە کوردستان و ئێران، ڕۆژی ڕابردوو هێرش کراوەتە سەر ٧ قوتابخانەی دیکە لە شارەکانی چابەهار، سەقز، سنە، بۆکان، مەشهەد و گورگان و کۆمەڵێک قوتابی ژەهراوی کران و بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراونەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ۶ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، هێرشی کیمیایی کراوەتە سەر قوتابخانەکانی سەرەتایی کچانەی "تەقیزادە" و دواناوەندیی کچانەی "ڕێحانە" لە ناوچەی کەمب سەر بە شاری چابەهار لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان.

بەهۆی ئەو هێرشەوە کۆمەڵێکی زۆر لە قوتابییانی ئەو دوو قوتابخانەیە ژەهراوی کران و بە نیشانەگەلێکی وەک ڕشانەوە، بە ئامبوڵانس بۆ نەخۆشخانەی "ئیمام عەلی" لە چابەهار گواستراونەتەوە.

لە درێژەی ئەم هێرشانەدا، قوتابخانەی "ئەسما" لە شارۆچکەی فەرهەنگییانی شاری بۆکان کراوەتە ئامانج و کۆمەڵێک قوتابی ژەهراوی کران. لە کاتی ئەم هێرشەدا بەڕێوەبەری ئەو قوتابخانەیە دەرگای قوتابخانەکەی بەسەر قوتابییاندا داخستووە و نەیهێشتووە قوتابییان بچنە دەرەوە.

هەروەها هێرشی کیمیایی کراوەتە سەر قوتابخانەی سەرەتایی "ئیستقلالی ٢" لە شاری سەقز و کۆمەڵێک قوتابی ژەهراوی بوون.

لە ڕەوتی هێرشە کیمیاییە بەرنامەداڕێژراوەکاندا هێرش کراوەتە سەر قوتابخانەی کچانەی "مونفەسەلـ"ـی شارۆچکەی سەڵواتاوای سەر بە شاری سنە و کۆمەڵێک قوتابی ژەهراوی کران.

هاوکات هێرشی کیمیایی کراوتە سەر قوتابخانەی دواناوەندیی کوڕانەی "شاهد" لە شاری گورگان و کۆمەڵێک قوتابی ژەهراوی بوون و بە نیشانەگەلێکی وەک کۆخە بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە هێرشی کیمیایی کراوەتە سەر پەیمانگەی کچانەی "مەهدیزادەنیا" لە ناوچەی قاسماوای شاری مەشهەد و کۆمەڵێکی زۆر لە قوتابییانی ئەو قوتابخانەیە ژەهراوی بوون.