کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەسەندکرانی پرۆژەی "یاسای ژینا" لە کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوەی مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا

11:10 - 7 بانەمەڕ 2723

کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوەی مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا گەڵاڵەی دوو حیزبی دەسەڵاتداری ئەمریکای بە ناوی "یاسای ژینا" بە کۆی دەنگ پەسەند کرد.

ڕۆژی چوارشەممە ٦ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوەی مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا بە کۆدەنگی گەڵاڵەی "یاسای ژینا"ی پەسەند کرد و لە ئەگەری پەسەندکرانی کۆتایی ئەو گەڵاڵەیە، دەوڵەتی ئەمریکا دەبێ عەلی خامنەیی، ئیبراهیم ڕەئیسی و دەستوپێوەندییەکانیان بەهۆی جینایەتی مافی مرۆیی بخاتە لیستی ڕەشی گەمارۆکانەوە.

لە بەشێک لەو گەڵاڵەیەدا هاتووە کە ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەسەڵاتی تەواوی بەسەر دەزگای قەزایی و ئەمنییەتی، بە تایبەتی وەزارەتی ئیتلاعاتی سپا و بەسیج هەیە و لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران، دەوری سەرەکیی بینیوە.

ئەو گەڵاڵەیە دەوڵەتی ئەمریکا بەرپرسیار دەکات کە دەبێ عەلی خامنەیی، نووسینگەی عەلی خامنەیی و هەموو ئەو ڕێکخراوانەی کە پێوەندییان بە ناوبراوەوە هەیە، هەروەها ئیبراهیم ڕەئیسی و ئەندامانی کابینەکەی بخاتە لیستی ڕەشی گەمارۆکانەوە.

ئەو گەڵاڵەیە کە لە ماوەی ڕابردوودا لەلایەن "جیم بێنکس"، نوێنەری کۆماریخوازی ئەمریکا ئامادە کراوە، واژۆی ٩٧ نوێنەری مەجلیسی ئەمریکای لەسەرە، هەروەها پشتیوانیی یەکیەتیی نەتەوەیی بۆ دێموکراسی لە ئێران، یەکیەتیی دژی ئێرانی ناوکی و کۆمیتەی پێوەندییە گشتییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی لە پشتە.

پاش پەسەندکرانی ئەو گەڵاڵەیە لەلایەن کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوەی مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا، "جیم بێنکس" لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: هیوادارین کۆشکی سپی ئەوە بزانێت کە هەر هەنگاوێک بۆ ڕازیکردنی ئێران و ئاخوندەکان و کەمکردنەوەی گەمارۆکانی سەر ئەو ڕێژیمە، دژایەتیی گشتیی لێ دەکەوێتەوە.