کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوپێوەندیی ٣٥ ڕێکخراوی مەدەنی و خوێندکاری لەگەڵ مانگرتنی کرێکاران لە ئێران

18:04 - 7 بانەمەڕ 2723

٣٥ ڕێکخراوی خوێندکاری، قوتابی و ڕێکخراوی مەدەنی بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، مانگرتنە بەربڵاوەکانی کرێکاران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە هەنگاوێکی ناڕەزایەتیی ڕوو بە پێش ناو لێ برد و پشتیوانییان لێ کرد.

ئەو بەیاننامەیە کە ڕۆژی چوارشەممە ٦ی بانەمەڕ بڵاو کرایەوە، ئاماژەی بە مانگرتنی بەربڵاوی لانیکەم ٨٠ یەکەی نەوت و پێترۆشیمی و پۆڵا لە حەفتەی ڕابردوودا کرد و لەسەر ئەوە جەختی کردەوە کە ئەم هەنگاوە ڕوو بە بەرەوپێشچوونە و هێزێکی دوو بەرابەری دەداتە ئەو خەڵکەی کە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران وەزاڵە هاتوون.

واژۆکارانی ئەو بەیاننامەیە هەروەها ڕایانگەیاند: ''مانگرتنەکان ئاماژەن بۆ لە زۆرینەدابوونی نەیارانی ئەو دۆخە نامرۆڤانەی ئێستا و هێزی ناوازەی خەڵکی یەکگرتووە؛ یەکگرتنێک کە مانگرتنی بەربڵاو لە کەرتەکانی وەک نەوت و پترۆشیمیدا کە بە چڕی ئەمنییەتی کران، بە سەراسەری دەکات.''

لە درێژەدا واژۆکارانی ئەو بەیاننامەیە کە خۆیان وەک ڕێکخراوی خوێندکاری و قوتابیی گرووپەکانی لاوان و ژنانی شارەکان ناساندووە، وتوویانە کە لەم حەوت مانگەدا ڕۆژ بە ڕۆژ لە شەقام و قوتابخانە و زانکۆکاندا دژی کۆماری ئیسلامی خەباتمان کردووە و شۆڕشەکەمان بەرەوپێش بردووە. هەروەها لەگەڵ کرێکارانی مانگرتووی کەرتی نەوت و پترۆشیمی و پۆڵا و کرێکارانی مانگرتوو لە کەرتەکانی دیکەدا هاودەنگی ڕادەگەیەنین.''

واژۆکارانی ئەو بەیاننامە هاوبەشە هەروەها بەشێکی زۆری بزووتنەوەی خوێندکاری، بزووتنەوەی بەهێزی ژنان و لاوەکانیان بە ''لە یەک سەنگەردا بوون '' لەگەڵ کرێکارانی مانگرتوو وەسف کرد و ڕوو بە کرێکاران وتیان: "ئێمە بە لایەنی خۆتان و پشتیوانی خۆتان بزانن."