کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووداوێکی هاتوچۆ لەنێوان کامێران- پاڵنگان، ١٦ کوژراو و برینداری لێ کەوتەوە

10:05 - 8 بانەمەڕ 2723

بەهۆی ڕووداوێکی هاتوچۆ لە جاددەی نێوان کامێران- پاڵنگان، ٦ کەس گیانیان لەدەست دا و ١٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.

ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، لە ڕووداوێکی هاتوچۆ لەنێوان مینی‌بووسێک و بارهەڵگرێک لە جادەی نێوان کامێران- پاڵنگاندا، ٦ کەس گیانیان لەدەست دا و ١٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی سەرچاوە خۆجێییەکان،  مینی‌بووسەکە لە مەریوانەوە بەرەو کامێران ڕۆیشتووە و لە ڕێگەدا تووشی ئەو ڕووداوە بووە؛ لە شوێنی ڕووداوەکەدا ٥ کەس گیانیان لەدەست داوە و کەسێکی دیکەشیان لە کاتی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە.

هەروەها شۆفێرانی بارهەڵگر و مینی‌بووسەکە، هەردووکیان گیانیان لەدەست داوە و لە ١٠ کەسە بریندارەکەش سێ کەسیان لە نەخۆشخانەی کامێران لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدان کە دوو کەسیان بۆ ژووری نەشتەرگەری گواسترابوونەوە.

جێگەی ئاماژەیە لەو ٦ هاووڵاتییەی کە گیانیان لەدەست داوە، دوو کەسیان خەڵکی گوندی بێساران، کەسێکیان خەڵکی گوندی تفێن و کەسێکی دیکەیان خەڵکی گوندی بارام‌ئاوای سەر بە سەوڵاوا و دوو کەسیشیان خەڵکی جوانڕۆن.

دۆخی ڕێگاوبانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەراورد لەگەڵ شار و پارێزگا ناوەندییەکانی ئێران، زۆر خراپترە و ساڵانە سەدان کەس بەم هۆیەوە بە ڕووداوی هاتوچۆ دەبنە قوربانی.

وێڕای ناستانداردبوونی ڕێگاوبانەکان، کوالێتیی خواری ماشینە دروستکراوەکانی ئێران، بە یەکێکی تر لە گرینگترین هۆکارەکانی ڕووداوی هاتوچۆ لە ئێران و کوردستان دێتە ئەژمار.