کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمارۆی نوێی ئەمریکا دژی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای ڕێژیمی ئێران

10:08 - 8 بانەمەڕ 2723

بەهۆی دەورونەخشی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی ئەمریکایی، ئەو وڵاتە گەمارۆی خستە سەر ئەو ڕێکخراوە و ٤ فەرماندەی باڵای ئیتلاعاتی سپای پاسداران.

ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، دوو بەرپرسی باڵای ئەمریکایی لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند کە دەوڵەتی ئەمریکا، ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ڕێژیم و ٤ کەس لە فەرماندە باڵاکانی ئەو ئیدارەیەی بەهۆی دەورونەخشیان لە دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی ئەمریکایی خستووەتە لیستی ڕەشی گەمارۆکانەوە.

ئەو چوار کەسەی کە گەمارۆیان خراوەتە سەر بریتین لە: محەممەد کازمی سەرۆکی ئیتلاعاتی سپا، سەیاری، مۆحەققی و بازقەندی لە فەرماندە باڵاکانی ئەو ڕێکخراوەیە.

ئەو دوو بەرپرسە ئەمریکاییە هەروەها وتیشیان کە ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران و ئەو ٤ کەسە بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە دەسبەسەرکردنی نایاسایی هاووڵاتییانی ئەمریکایی بەرپرسیارن.

هەروەها باسیان لەوە کرد کە ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ڕێژیم، بەردەوام لێپرسینەوە لە هاووڵاتییانی دەسبەسەرکراوی ئەمریکایی لە بەندیخانەی ئێڤین دەکات و ئەو ڕێکخراوە و ئەو ٤ کەسە پێشینەی دوورودرێژیان لە ئەشکەنجەکردنی بەندکراوان و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ هەیە.

ئەو بەرپرسە ئەمریکاییانە لە درێژەی کۆنفڕانسە ڕۆژنامەوانییەکدا وتیان، ئەو ٤ کەسەی فەرماندەی ئیتلاعاتی سپای ڕێژیم لە داڕشتنی پیلانی تێرۆر و سیخوڕیکردن بەسەر دژبەرانی ڕێژیم و هەروەها لە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی ئێراندا دەورونەخشی سەرەکییان هەبووە.

شایانی باسە کە محەممەد کازمی، فەرماندەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ڕێژیم لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا دەوری سەرەکیی لە سەرکوتکردنی خەڵکدا هەبووە.

هەروەها محەممەد مەهدی سەیاری، جێگری فەرماندەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای ڕێژیم، لە دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی بیانی دەورونەخشی سەرەکیی هەبووە.

لەلایەکی ترەوە ڕوحوڵڵا بازقەندی، بەرپرسی دژە سیخوڕیی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای ڕێژیم، لە تێرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان و هاووڵاتییانی ئیسرائیلی ڕۆڵی سەرەکیی هەبووە.