کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداری سەرۆککۆماری ئەمریکا بە بەرپرسانی ڕووسیە و ڕێژیمی ئێران

10:09 - 8 بانەمەڕ 2723

سەرۆککۆماری ئەمریکا لە هۆشدارییەکدا بە ڕووسیە و ڕێژیمی ئێران، ڕایگەیاند کە دەبێ بە خێراترین کات بەبارمتەگیراوە ئەمریکاییەکان لەو دوو وڵاتە ئازاد بکرێن.

ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، جۆ بایدن، سەرۆککۆماری ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە هەوڵەکانی دەوڵەتی ئەمریکا بۆ پێشگرتن لە بەبارمتەگرتنی هاووڵاتییانی ئەمریکایی وتی: دەوڵەتی ئەمریکا باجێکی قورس دەخاتە سەر ئەو وڵاتانەی کە بە ناحەق هاووڵاتییانی ئەمریکایی بە بارمتە دەگرن.

ناوبراو هەروەها وتیشی، لە ئێستادا زۆرێک لە هاووڵاتییانی ئەمریکایی لە وڵاتانی ئێران و ڕووسیە بە شێوەیەکی نایاسایی بە بارمتە گیراون و ئێمە بە هەموو شێوازێک هەوڵ دەدەین کە ئەو کەسانە بە خێراترین کات بگەڕێنینەوە بۆ ئەمریکا.

سەرۆککۆماری ئەمریکا بە ئاماژەدان بە گەمارۆوە نوێیەکانی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا دژی ئەو کەسانەی کە نادادپەروەرانە هاووڵاتییانی ئەمریکایی ئەشکەنجە و دەسبەسەر دەکەن، وتی: ئەو گەمارۆگەلە دژی ٤ فەرماندەی سپای ئێران و دوو ڕێکخراوی ئەمنییەتیی ئێران و ڕووسیە بەو مانایەیە کە هەموو داراییەکان و بەرژەوەندییەکانی ئەو کەس و ڕێکخراوانە لەلایەن ئەمریکاوە دەستی بەسەردا دەگیردرێت و چاوەدێری دەکرێن.

جۆ بایدن لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ڕایگەیاند: پەیامی من بۆ ئێران و ڕووسیە و ئەو وڵاتانەی کە هاووڵاتییانی ئەمریکاییان بە بارمتە گرتووە ئەوەیە کە دەبێ بە خێراترین کات هاووڵاتییانی ئەمریکایی ئازاد بکەن.

شایانی باسە کە ئەمریکا، ڕۆژی پێنجشەممە بەهۆی دەورونەخشی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ڕێژیم لە دەسبەسەرکردن و ئەشکەنجەکردنی هاووڵاتییانی ئەمریکایی، گەمارۆی خستە سەر ئەو ڕێکخراوە و ٤ فەرماندەی باڵای ئەو ڕێکخراوەیە.

ڕێژیمی ئێران بە بارمتەگرتنی هاووڵاتییانی بیانی کە بۆ ئێران سەفەر دەکەن، بە جۆرێک خەریکی باجگیریی سیاسییە لەو وڵاتانە و لە ئێستادا بە دەیان هاووڵاتیی بیانی بە تۆمەتگەلی جۆراوجۆر لە ئێران دەسبەسەر کراون و لە بەندیخانەکاندان.