عەلی بداغی
ساڵی نوێ بۆ کۆمەڵگەی کرێکاریی ئێران لە بارودۆخێکی زۆر سەختدا دەستی پێ کردووە. گرانی، نەبوونی ئەمنییەتی کاری، نەبوونی بیمە و نەبوونی ئیمەنی و پاراستن لە شوێنی کار تەنیا چەند کێشەیەکی بەردەم کۆمەڵگەی کرێکاری لە وڵاتە.
بێبەشی و بێئەنوایی چینی کرێکار لە ئێران و خراپتربوونی ساڵ بە ساڵ دۆخی ئەوان لە حاڵێکدایە کە کرێکاران وەک چینێکی دیاری کۆمەڵگە ڕۆڵی زۆر بنەڕەتییان لە سەرکەوتنی شۆڕشی ١٣٥٧دا هەبوو کە هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامیی لێ کەوتەوە. بە جۆرێک کە خومەینی توانیبووی بە دروشمی بریقەداری وەک "نەهێشتنی کاخنسینی"، "بەخۆڕایی کردنی ئاو و بڕق و هاتوچۆ" و "خاوەنخانوو"کردنی هەموو کرێچی و بێلانەوماڵەکان سەرنجی زۆرینەی ڕەهای کرێکاران بۆ لای خۆی ڕابکێشێ. بەم جۆرە کرێکارەکان بە مانگرتنە سەرانسەری و بەردەوامەکانیان، خومەینییان لە "نۆفێل لۆشاتۆ"ی پاریسەوە هێنایەوە جەماران و گەیاندیانە تروپکی دەسەڵات.
کۆمەڵگەی کرێکاریی ئەوکاتی ئێران کە بە هیوای چاکسازی لە قانوونی کار، نەهێشتنی هەڵاواردنی ڕەگەزی، جێبەجێبوونی کۆنڤانسیۆنەکانی پێوەندیدار بە مافی کرێکاران، مافی پێکهێنانی سەندیکای سەربەخۆی کرێکاری، کەمکردنەوەی سەعاتی کاری حەوتووانە، زیادکردنی مز و حەقدەست و پاداشتی ساڵانەیان بەشدارییان لە شۆڕش و سەرخستنیدا کردبوو، هەر زۆر زوو مزی ئەو پاڵپشتییەیان وەرگرت: لە یەکەم بەهاری دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی ١ـی مەی، ڕۆژی جیهانیی کرێکاردا ڕێکخراوە کرێکارییەکان کەوتنە بەر شاڵاوی سەرکوت و "خانە کارگر" کە لەلایەن کۆمەڵێک سەندیکا و شوڕای کرێکارییەوە دروست کرابوو، کەوتە بەر پەلاماری "حیزبوڵڵایی"ەکان و دەستی بەسەردا گیرا! بەم جۆرە هەتا ئێستاش شەڕ و ملبەملەی کۆمەڵگەی کرێکاری کە داخوازی مافەکانیانن و کۆماری ئیسلامی کە حاشایان لێ دەکا و پەراوێزیان دەخات، درێژەی هەیە.
کرێکاران لە ئێران لە هەموو ماوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا لە ڕیزی پێشەوەی قوربانییانی سیاسەتی قەیرانخوڵقێنیی ڕێژیم لە ناوچەدان. بە واتایەکی دی حەشیمەتی کرێکاری بەر لە هەموو چین و توێژێکی دیکەی کۆمەڵگە تێچووی سیاسەتی چەوتی ئابووری و بانکداریی ڕێژیم، گەندەڵی و ناکارامەیی کارگێڕانی حکوومەت و لێکەوتەکانی گەمارۆ دەرەکییەکانی سەر ڕێژیم دەدەن. کێشەکانی ئەمساڵی کۆمەڵگەی کرێکارییش درێژکراوەی هەر هەمان ئارێشەکانی ساڵانی رابردوویانن: کەمیی مووچە و دواکەوتن و نەدرانی ئەو کەمە مووچەیەش، قەیرانی ئابووری و مۆتەکەی بێکاریی چاوەڕوانکراو، گرێبەستی سپی و کاتی لە بەرژەوەندیی خاوەنکار، بیمەنەکران -چونکی یەک لە سێی کرێکاران لە ئێران بیمەن- و نەبوونی ستانداردەکانی پاراستنی ئەمنیەتی گیانی لە شوێنی کار.
چینی کرێکار لە ئێران سەرەڕای شوێندانەریی زۆریان لەسەر کەمی و زۆریی ئاستی بەرهەمهێنان لە وڵاتدا، بەڵام کەمترین پشکیان لە بەری ڕەنج و ماندووبوونیان پێ نابڕێ. مووچە و حەقدەستی کرێکاران لەمساڵدا کە نرخی هەڵاوسان لە سەتا پەنجا بەرەوژوور هەڵکشاوە و لە بارودۆخێکدا کە هێڵی هەژاری بۆ بنەماڵەیەکی چوار کەسی لانیکەم ١٤ میلیۆن تمەن دیاری کراوە، وەڵامدەری سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیانی بنەماڵەیەکی کرێکار نییە. دەردی سەرباری دەردانیش کاتێک دەگاتێ کە ئەو کەمە مز و مووچەیەشیان بەوەخت نادرێتێ و بە چەند مانگ دوا دەخرێت.
کۆمەڵگەی کرێکاری لە ئێران مافی دامەزراندنی ڕێکخراوەی سەربەخو، ئازاد و سینفیی نییە و ڕێکخراوەکانی وەک "شوڕا ئیسلامییەکانی کار" هەموو کاتێک لە بەرژەوەندیی خاوەنکار و دەوڵەتدا دەجووڵێنەوە، بۆیەشە هەموو ڕۆچنەیەکی یاسایی بۆ دادخوازی لە کرێکاران داخراوە و ناڕەزایەتیی مەیدانیی کرێکارانیش بە زەبروزەنگ و گرتن و بەندکردن وەڵام دەدرێتەوە. هاوکات دیاردەی کاری منداڵان، هەڵاواردنی ژنان لە بازاڕی کار، بێبەشکردنیان لە پێدانی مووچەی وەک یەک بۆ کاری وەک یەک لەگەڵ پیاوان و دەیان حاڵەتی دیکەی دژ بە ماف و بەرژەوەندیی کۆمەڵگەی کرێکاری؛ لایەنەکانی دیکەی ئەو باس و بارودۆخەن کە لەلایەن ناوەندەکانی دەسەڵاتەوە پەرەیان پێ دەدرێ.
زۆرترین زەبر کە کۆمەڵگەی کرێکاری لە چوار دەیەی ڕابردوودا لە سۆنگەی سیاسەتی ئابووریی ڕێژیمەوە خواردوویەتی، بۆ پڕۆژەی حکوومەت بۆ خسووسی یان "خسوولەتی"کردن لە سێ دەیەی ڕابردوودا دەگەڕێتەوە. پێچەوانەی وڵاتانی دی کە "خسووسیکردن" دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامان و سەرچاوە و ئیمکاناتە گشتییەکان لە نێوان خەڵکی لێ دەکەوێتەوە، لە کۆماری ئیسلامیدا بوو بە هۆی پاوانکردنی کۆمپانیا و کارگە و کارخانەکان لەلایەن دەوڵەت یان ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە. ئەو سیاسەتە سەقەتەش بووە هۆی بێئەنوایی زیاتری کرێکاران، هەرەسهێنانی ئابووریی وڵات، هەڵکشانی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتری بێکاریی کرێکاران و فرۆشتن و تاڵانکردنی سامان و دارایی یەکە ئابوورییەکان و زۆر زیان و خەساری دی کە قورسایی و بارگرانیی ئەو سیاسەتە هەر لەسەر شانی کۆمەڵگەی کرێکاری بووە.
بەپێی ئامارەکان کۆمەڵگەی کرێکاریی ئێران لە کەرتی گشتی و تایبەتیی ژێر چآودێریی ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی زیاتر لە ١٤ میلیۆن کەسە و نیزیک چوار میلیۆن کرێکاری خانەنشینکراو هەن کە ساڵی ڕابردوویان لە دۆخێکدا بەڕێ کرد کە لانیکەمی مووچەی مانگانەی ئەو ساڵەیان لەچاو هێڵی هەژاری و سەبەتەی بژیوی بنەماڵەکان سەتا ٥٠ی کورتیی هێنابوو. کۆمەڵگەی کرێکاری ساڵی نوێشیان لە دۆخێکدا دەست پێ کردووە کە دیاریکردنی پێنج میلیون و سێسەد هەزار تمەن وەک لانیکەمی مووچە بۆ ساڵی ١٤٠٢، ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی نرخی هەڵاوسانی سەروو سەتا ٥٠ و هەلكشانی هێڵی هەژاری بۆ سەروو ١٤ میلیۆن تمەن، کاریگەریی قورس و نالەباری لەسەر ژیانیان داناوە.
جیا لە هاوبەشیی لە بەشمەینەتی و بێمافیی چینی کرێکار لە هەموو ئێران، بەڵام چوار دەیە سیاسەتی پەرەنەسەندنی ئابووری و بەئەمنیەتیکردنی کوردستان دۆخێکی جیاوازتری بۆ کرێکاران لە کوردستان خوڵقاندووە. لە حاڵێکدا کە هەر چوار پارێزگاکەی کوردستان لەسەر سنووری وڵاتانی عێراق و هەرێمی کوردستان، تورکیە و ئازەربایجان هەڵکەوتوون و ئەمە دەرفەتێکی زێڕین بە وەبەرهێنان و پەرەسەندنی ئابووری دەستەبەر دەکات؛ بەڵام بەهۆی ڕوانینی ئەمنیەتی و سیاسەتی خۆبەخاوەننەکردنی کوردستان پێچەوانە شوێنە هاوشێوەکان ئەو کوردستان نەکراوە بە ناوچە ئازادی ئابووری و لەو هەڵکەوتە و دەرفەتە گرینگە بێبەش کراوە. هەروەها لە کوردستان سەرەڕای بێکاریی زۆر سەرووتر لە نێونجیی بێکاریی وڵات، بە هۆی کەمیی کارگە و کارخانەکان حەشیمەتی کرێکارانی ڕەسمیی خاوەن گرێبەست زۆر کەمن. زۆرینەی حەشیمەتی کرێکار لە کوردستان لە یەکە بچووکەکانی دەرەوەی بازنەی قانوونەکانی کار و کەرتی بیناسازییدا سەرقاڵن، یان بە پیشە ساختە (کاذب)ـەکانی وەک دەستگێڕییەوە خەریکن، یان لە ناوچە سنوورییەکاندا بەناچار ڕوویان لە کۆڵبەری کردووە کە لە ساڵدا سەدان کەس لەوان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی یان تەقینەوەی مین لەبن پێیاندا دەکوژرێن و بریندار دەبن. کێشەیەکی سەرەکیی دیکەی کۆمەڵگەی کرێکاری لە کوردستان ئەوەیە کە ژمارەیەکی یەکجار کەم لەوان بیمەی دابینکردنی کۆمەڵایەتییان هەیە و لە ئەگەری بێکاربوون یان تووشبوون بە ڕووداوی کاردا لە هەموو مافێکیان بێبەشن.
لەگەڵ دەسپێکی شۆڕشی ژینا کرێکاران بەشێکی جیانەکراوە لە شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان بۆ گۆڕینی ئەو دۆخەن و هاواری مافخوازیی خۆیان تێکەڵ بە دەنگی گشتیی شەقام کردووە. هاواری مافخوازیی کرێکاران بۆ ئەوە بڵێن دابینبوونی بژیوی ژیان و لەگەڵ ئەویشدا پاراستنی حورمەت و کەرامەتیان لەلای سیستم مافی بێئەملاوئەولای ئەوانە. ئەوان کە لەدەست هەژاری و برسێتی وەزاڵە هاتوون و لەدژی هەڵاواردن و نابەرابەری ڕاپەڕیون، دەیانەوێ چەوسانەوەی خەڵکی هەژار و تاڵانبڕی و دەستبەسەرداگرتنی سامانی وڵات لەلایەن دەسەڵاتەوە کۆتایی پێ بێت. ئەوان کە چ لە ڕابردوودا و چ ئێستا لە هەموو کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییەکاندا داوای یەکسانیی مافی ژن و پیاویان لە هەموو بوارەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتووری و ئابوورییەکاندا کردووە، هاتوون "نا"یەکی دیکە بە هەڵاواردنی ڕەگەزی بڵێنەوە. ئەوان لە تەنیشت هەموو بەشمەینەتییەکانی خۆیان خەمی توێژەکانی دیکەی کۆمەڵیان هەیە. دەڵێن منداڵان مافی خۆیانە ژیانێکی شادیان لە ئەمنییەت و ئاسوودەییدا هەبێت و داوا دەکەن خوێندن بۆ منداڵان بەخۆڕایی بێت و منداڵان نابێ وەبەر کار بنرێن. ئەوان ئازادیی ڕادەربڕین، مافی کۆبوونەوە و ناڕەزایەتیدەربڕین بەبێ ئەمنییەتیکردنی خواستەکانیان دەوێ و پێ لەسەر مافی هەبوونی ڕێکخراوی سەربەخۆی تایبەت بە خۆیان دادەگرن. ئەوان داوا دەکەن بێهداشت و دەرمان بۆ هەموو خەڵک بەخۆڕایی بێت و بانگکردن و گرتنی چالاکانی کرێکاری مەحکووم دەکەن.
کۆمەڵگەی کرێکاری ئەمڕۆکە باشتر لە هەر کاتێک دڵنیایە باشتربوونی دۆخی ماف و ژیانیان لەلایەن حکوومەتەوە دوور لە چاوەڕوانییە، چونکی ئەو حکوومەتە نەک ئامادە نییە ڕێز بۆ کەرامەت و پێگەی کرێکاران لە بنەماڵە و کۆمەڵگە دابنێ، بەڵکوو بۆ سەرکوتی بزووتنەوەی مافخوازیی کرێکاران پتر لە هەموو کاتێک تیر و شیریان لێ دەسوێ. ڕێژیمێک کە ژنان و منداڵان لە شەقامەکاندا دەداتە بەر ڕەهێلەی ئاگر و ئاسن، سێرە لە چاوی خەڵک دەگرێ و هێرشی شیمیایی دەکاتە سەر قوتابییان؛ تەنیا یەک شتی بۆ گرینگە ئەویش مانەوەی خۆی و لەپێناو ئەو مانەوەیەشدا وەه هەمیشە ئامادەیە دەست بۆ هەموو جینایەتێک ببات. بۆیە بۆ هەمووان ڕوون و ئاشکرایە کە تەنیا ڕێگای چارەسەری بنەڕەتیی ئەو دۆخە، خەبات سەرخستنی شۆڕشی ژینایە و سەرکەوتنی ئەو شۆڕشەش یەکیەتی و یەکڕیزیی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و پێکهاتەکانی وڵاتی گەرەکە.
بێگومان کرێکاران بەشێکی سەرەکیی ئەو شۆڕشەن کە دەتوانن بە ناڕەزایەتیی بەردەوام و بەربڵاو و بە مانگرتنی سەرانسەری لە هەموو کارخانە و ناوەندە پیشەسازییەکان ڕەوتی سەرکەوتنی شۆڕش خێراتر بکەن.