کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا، ٦٦٦ کەس لە ئێران بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەست داوە

11:08 - 12 خاکەلێوه 2723

سەرۆکی پۆلیسی هاتوچۆی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند کە لە ماوەی ١٥ ڕۆژی ڕابردوودا لە ئێران، ٦٦٦ کەس بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەست داوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٠ی خاکەلێوە، کەماڵ هادیانفەڕ، سەرۆکی پۆلیسی هاتوچۆی ڕێژیمی ئێران بە یەکێک لە هەواڵدەرییەکانی حکوومەتی ڕاگەیاند کە لە ماوەی ١٥ ڕۆژی ڕابردوودا و لە ڕەوتی گەشتی نەورۆزیی خەڵکدا، ٦٦٦ کەس بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە گیانیان لەدەست داوە و بە هەزاران کەسیش بریندار بوون.

هەر لەم پێوەندییەدا، ساڵی ڕابردوو سەرۆکی ڕێکخراوی ئوڕژانسی ئێران باسی لەوە کردبوو کە ساڵانە ١٨ هەزار کەس بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ لە ئێران گیانیان لەدەست دەدەن کە زۆربەیان مێرمنداڵن.

لەلایەکی ترەوە دۆخی ڕێگاوبانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەراورد لەگەڵ شار و پارێزگا ناوەندییەکانی ئێران، زۆر خراپترە و ساڵانە هەزاران کەس بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە دەبنە قوربانی.

وێڕای ناستانداردبوونی ڕێگاوبانەکان، کوالێتیی خواری ماشینە دروستکراوەکانی ئێران، بە یەکێک لە گرینگترین هۆکارەکانی ڕووداوی هاتوچۆ لە ئێران و کوردستان دێتە ئەژمار.