کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی دێرینی حیزبی دێموکرات لە دزەی مەرگەوەڕ کۆچی دوایی کرد

18:08 - 14 خاکەلێوه 2723

میرزا ئەحمەد نەزهەتزادە، کەسایەتیی ناسراوی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ناوچەی مەرگەوەڕ کۆچی دوایی کرد.

میرزا ئەحمەد نەزهەتزادە، لە سەرەتای دەیەی ٤۰ی هەتاوی، هاوڕێ لەگەڵ دوو براکەی بە ناوەکانی میرزا محەممەد و مەلا مەجید نەزهەتزادە بوون بە ئەندامی نەهێنیی حیزبی دێموکرات و دەستیان بە چالاکیی سیاسی کرد.

شایانی باسە کە لە ڕەشبگیرییەکەی دەیەی ٤۰ی هەتاوی، میرزا ئەحمەد هاوڕێ لەگەڵ میرزا محەممەدی برای لەلایەن ساواکەوە دەسبەسەر کران و ماوەی ۲ ساڵ و ٤ مانگ لە زیندانی قەسری تاران زیندانی کران.

میرزا ئەحمەد نەزهەتزادە بە ڕەچەڵەک کوڕی تۆفیق بەگی ڕەواندزییە و خەڵکی باشووری کوردستانە کە لە دزەی مەڕگەوەڕ گیرساونەتەوە و دوای ئەوەیکە بوون بە ئەندامی حیزب، بەهۆی ئەوەی کە ڕێبەری حیزبی دێموکرات پەرتەوازەی باشووری کوردستان بوون و بۆ ئەوەی بتوانن لە عێراق و باشوور چالاکی بکەن، کارتی پێناسی (جنسییەی عێراقی) خۆی بە "عەبدوڵڵا ئیسحاقی" دابوو و لەو کاتە بە دواوە "عەبدوڵڵا ئیسحاقی" بە "ئەحمەد تۆفیق" ناسراوە.

شایانی باسە لیستەیەک لە ئەندامانی حیزب کە کاتی خۆی لەلایەن عەبدوڵڵا ئیسحاقییەوە بە خولێخۆشبوو میرزا ئەحمەد نەزهەتزادە درابوو، دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و کاتێک دوکتور قاسملوو بۆ یەکەمجار سەردانی شوماڵی کوردستانی کرد، لە مزگەوتی جامعی دزەی مەڕگەوەر بە ئەمانەتەوە لیستەی ئەندامانی حیزبی تەحویلی دوکتور قاسملوو دا و دوکتور قاسملوو سپاسی ئەمانەتداریی ناوبراوی کرد.

جێگەی ئاماژەیە هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاری ڕێژیمی ئیسلامی لە ئێران، مەلا مەجیدی برای میرزا ئەحمەد کە کەسایەتییەکی خۆشناوی ناوچە بووە، لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا و بە شێوەی گوماناوی گیانی لەدەست دا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی میرزا ئەحمەد نەزهەتزادە سەرەخۆشی لە خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.